هەولێر و ناشڤێڵ.. سلێمانی و توسان

Kurd24

توسان (Tucson) شارێكی گەورەی ویلایەتی (ئەریزۆنا)ی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و، سروشتێكی تا رادەیەك هاوشێوەی شاری سلێمانی هەیە. تەنانەت بە هەندێك زنجیرە شاخ دەورەدراوە بە ناوەكانی (سانتا كاتالینا) و (تۆرتۆلیتا) و (سانتا ریتا) و (ماونت لێمەن) هاوشێوەی گۆیژە و ئەزمەڕ و شاخی بەرانان و گڵەزەردە. لەو شارەدا ساڵانە نزیكەی سێ سەد رۆژ خۆر دەردەكەوێت و كەشوهەواكەی تا رادەیەكی باش هاوشێوەی سلێمانیە، هەرچەندە بە زستاندا وەك سلێمانی سارد نیە.

ژمارەی دانیشتوانی شارەكە نزیكەی یەك ملیۆن كەس دەبێت. ساڵی 2010 ماوەی دە هەفتە سەرقاڵی خوێندنی پڕۆگرامی فوڵبرایت بووم بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا لە زانكۆی ئەریزۆنا كە لە شاری توسانە. زانكۆكە ساڵی 1885دروستكراوە. زۆر حەزم دەكرد بە شێوەیەكی كارەكی سلێمانی و توسان ببنە دەستەخۆشك. كە بەدواداچوونم بۆ كرد وتیان چەند ساڵێك پێشتر توسان و سلێمانی كراونەتە دەستەخوشك و، هەر خۆیان وتیان ئەمە تەنها بە بەڵگەنامەیەكی واژۆكراوبوە و هیچ پڕۆژەیەكی بەدوادا نەهاتووە.

زیاتر لە 15 ساڵە سلێمانی و توسان دەستەخوشكن، بەڵام لەسەر كاغەز، ئەگینا هیچ كەس نە ئاگای لەو پەیوەندیەیە و نە رەنگدانەوەی دەبینێت لە هیچ روویەكەوە، تەنانەت ئەوەندە نامۆیە لامان ناوی ئۆتۆمبێلی (Tucson)ی كۆمپانیای هیوندای كۆریایی لە كوردستان بە تەكسۆن رۆشتوە، نەك توسان كە خوێندنەوە راستەكەیە. زیاد لەوەش، لەنێو لیستی دەستەخوشكەكانی توسان ناوی (سلێمانی) هایپەرلینك نیە و ناتوانرێ كلیكی لەسەر بكرێت تا بچێتە هیچ پێگەیەكی تایبەت بە شار.

هیوادارم بەدەستەخوشككردنی هەولێر و ناشڤێڵ جیاواز بێت. هیوادارم بتوانن مانای راستەقینەی دەستەخوشكی نێوان دووشار بەرجەستە بكەن.

هیوادارم مافی ئەو رێكەوتنە بدەن لە بوارەكانی كەلتوری و ژینگەیی و تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و بازرگانی و گەشتیاری و چەندین بواری گرنگی دیكە و، دەستەخوشكبوونی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و شاری ناشڤیڵی پایتەختی ویلایەتی (تێنەسی) بریتی نەبێت لە پاساوێك بۆ گەشتی بەربژێرێك لە كاربەدەستان بۆ ئەمەریكا، دواتر تەنها وەك یادەوەری گەشتێكی خۆش باسبكرێت. هەولێر و سلێمانی و كەركوك و دهۆك و هەڵەبجە و هەموو ناوچەكانی كوردستان لەبارن بۆ ئەوەی ببنە دەستەخۆشكی هاوشێوە گەشەسەندوەكانیان لە جیهانی پێشكەوتوو، بەڵام بە كردار و بە پلان و بە بەدواداچوون و بە پڕۆژەی درێژخایەن، نەك بە كاغەز.