بۆچی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێدەسەڵاتە لە دادگاییكردنی تاوانبارانی جەنگ؟

Kurd24

 ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان هەواڵ و وێنەی کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان بڵاوکردەوە کە لە شاری بوتشای ئۆکرانیا لە نزیک کیێڤ روویدا.

جیهان دەستبەجێ هەنگاوی نا بۆ بەڵگەنامەکردنی کۆمەڵکوژییەکە و لە ماوەی دوو هەفتەدا گەیشتە هەمان شوێنی تاوان، داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، (کەریم خان) و کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤەوە پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئۆکرانیا.

هەروەها (ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە هەمان شوێن و شۆکی خۆی دەربڕی لە ترسناکیی ئەو وێرانكاریەی كە روویداوە.

دەستبەجێ پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەنامە و بەڵگەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەستی پێکرد بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ قوربانیان، وە پرسی پێوانەکردنی زیاتر لە پێوەرێک بەپێی جۆر و رەنگ و رەگەز و ئایین و شوێنی روودانی قوربانییەکە.

لە بنەڕەتدا دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، جینۆساید و شەڕانگێزی بە هەمان شێوە و شێواز و گرنگیدان و ئاستی سزادان و سزاکان دادگایی بکات و سزایان بدات.

سەبارەت بە دادگای كردنی تاوانبارانی داعش لە ئەنجامدانی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و كۆمەڵكوژی ئێزیدی بەتایبەت و هاوڵاتیانی عێراق بە گشتی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تاوەكو ئێستا كەمتەرخەم بوو لە لێپێچینەوە و دەستگیرکردن و رادەستكردنی تاوانباران.

بەڵام ئاواتەکان شتێکە، واقیعیش شتێکی ترە، ئێمە لەلایەن جیهانێکی دەسەڵاتی ناکارامەوە بەڕێوەدەبرێین، لایەنگری بەهێزەکان دەکەین دژی لاوازەکان وە بەرژەوەندیەكان براوەن نەک پرەنسیپەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی زۆر چاوەڕێیان نەکرد تا دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا.

چۆن دەتوانرێت تاوانبارانی جەنگ بهێنرێنە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی؟

تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئەگەری ئەوەی کە ئەو وڵاتەی کە هاوڵاتیانی تاوانەکانیان ئەنجامداوە، ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێت، یان تاوانەکە لە وڵاتێکدا ئەنجامدراوە کە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت وە بەهەمان شێوە بۆ ئۆکرانیا، هەرچەندە ئەندامی دادگا نییە، بەڵام ئۆكرانیا دانی بەوەدانا بە نووسراو لە ساڵی 2014، بەقبوڵکردنی هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای نێودەولەتی دەرچێت سەبارەت بە ووڵاتەكەی.

بەڵام چۆن دەتوانرێت تاوانبارانی جەنگی وڵاتێک کە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە یان شوێنی تاوان لە وڵاتێکدا کە ئەندامی دادگایە بخرێتەڕوو؟ چۆن تۆمەت دەخرێتە پاڵ ئەم تاوانبارانە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و فەرمانی دەستگیرکردنیان دەردەکرێت، وەک چۆن لەگەڵ عومەر بەشیر سەرۆکی پێشووی سودان روویدا؟

وەڵامەکە لەوەدایە کە دەسەڵاتی پێشکەشکردنی یاداشتێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش بە دادگا بدرێت ،و بەم شێوەیە دادگا دەسەڵاتی لێپێچینەوە و دەستگیرکردنی تاوانبارانی پێدەدرێت.

ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەندام هەوڵیانداوە ئەم هەنگاوە پەیڕەو بكەن لە مەلەفی سووریادا، سویسرا لە 14ی 1ی 2013 نامەیەكی پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایش كرد كە واژۆی 58 وڵاتی لەسەرە و داوا لە ئەندامانی ئەنجومەن دەكات بڕیارنامەیەك پەسند بكەن كە ئاماژە بە كەسایەتییە گەورەكان دەكات لە حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن کە بەڵگەنامەیان لەسەرە بەئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بۆ دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی.

بەڵام (ڤیتالی چورکین) نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەکە کرد و وڵاتانی ئەندام لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ هەوڵیان نەداوە ئەو هەوڵە دووبارە بکەنەوە.

بەڵام پەتەکانی دادگای تاوانەکان درێژن و ئەگەر هاوکاری لەگەڵ ئۆرگانەکانیدا نەبێت، کەس چاوەڕێی ئەوە ناکات کە دادپەروەری بەو خێراییە بدرێت. (ریدڤان کاراگیچ)، یەکێک لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکانی بۆسنە و بەتایبەتی لە ناوچەی سرێبرینیکا، نزیکەی 12 ساڵ خۆی حەشاردا. لەم حاڵەتەدا تەنیا کاراکردنی ئەو یاسا ناوخۆییانە دەمێنێتەوە کە رێگە بە لێپێچینەوە لە تاوانبارانی جەنگ دەدەن بەبێ گوێدانە رەگەزەکانیان، مەلەفەکە پێشکەش بە سێ داواکاری گشتی لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا کرا، بۆ دەستپێکردنی رێوشوێنی دادوەری دژی ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژییە ترسناکە.

کەموکوڕییەکان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی:

دەتوانم بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لە کەموکوڕییەکانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان بکەم کە گەیاندنی دادپەروەری دوادەخەن یان رێگری دەکەن:

یەکێک لە کەموکوڕییە هەرە گەورەکانی دادگا ئەوەیە کە پێی دەوترێت رۆڵی تەواوکەری دادگا نیشتمانییەکان، بەپێی ئەوەی کە بە "بنەمای تەواوکەری" ناسراوە، چونکە دادگا دۆسیەکان لەبەرچاو ناگرێت مەگەر ووڵاتان نەتوانن یان ئامادە نەبن لێپرسینەوە لە گومانلێکراوەکان بکەن .

دادگا سزای تاکەکان دەدات وەک تاوانبارێک کە بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی لە ئەستۆدایە و دەوڵەتەکان پابەند ناکات بە بەرپرسیارێتی تاوانە گەورە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری خۆیدا وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دەستدرێژیکردن.

دادگا هەم دادگایەکی تاوان و هەم رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن ئەندامانی 123 ووڵات بەڕێوەدەبرێت، زەحمەتە باس لە سەربەخۆیی "دادگا" بکرێت لە ژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتانەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی رۆما بەپێی مادەکانی 13 و 16 بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دراوە، چونکە ئەنجومەن مافی ئەوەی هەیە ئەو کەیسانە رەوانە بکات کە خۆی دیاری دەکات بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەکەوە، هەروەها بۆ راگرتن و دواخستنی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە کەیسەکانی تر، بە هۆکاری ئاشتیانە و ئاسایش لە لایەکی ترەوە.

نەبوونی دەزگایەکی جێبەجێکاری سەر بە دادگا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بە یەکێک لە گرنگترین خاڵە لاوازەکانی دادەنرێت، بەو پێیەی پشت بە هاوکاری دەوڵەتەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی رێگە بە لێکۆڵەران بدات بچنە ناو ئەو ناوچانەی کە دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەڵگەنامەکان بەدەست بهێنن، هەروەها گەڕان بەدوای گومانلێکراوەکاندا، دەستگیرکردنیان و رادەستکردنیان.

هەرچەندە پەیڕەوی رۆما دەوڵەتان پابەند دەکات بە هاوکاری دادگا لە لێکۆڵینەوەکانیدا (مادەی 86)، بەڵام ناتوانێت رێوشوێنی سزادان بگرێتەبەر لە ئەگەری ئەوەی دەوڵەتێک رەتی بکاتەوە هاوکاری بکات.

تا ئێستا ئەنجومەنی ئاسایش هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر بەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە هاوکاریان نەکردووە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەبارەت بە پرسەکانی دارفور و لیبیا، سەرەڕای داواکاری بەپەلە لەلایەن داواکاری گشتی پێشووی (لویس مۆرێنۆ ئۆکامپۆ) وە نە لەلایەن داواکاری گشتی پێشووی (فاتو بن سۆدا).

بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئامادەبوون لەبەردەم دادگا زۆرێک لە تاوانبارانی جەنگ لە سوریا و ئۆکرانیا و ئەفغانستان و عێراق ناکەین، تەنها بە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی نەبێت، کە ئەمەش تاكو ئێستا بەدەست نەهاتووە.