سوید و فینلەندا لە سەر ژماردنی کورد دەبنە ئەندامی ناتۆ

Kurd24

هەردوو وڵاتی سویدو فینلەندا داواکاریان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتنیان وەک ئەندام لە هاوپەیمانی سەربازی ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ، لە نێو هەر سی ئەندامەکەی ناتۆ، تورکیا بەپلەی یەک رازی نییە، ئەمه‌ریکاش پشتگیریان دەکات، بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆدا، ناڕازی بوونی تورکیا کۆتایی نییە و دەیەوێت ئه‌مه‌ریكا  هەندێک داخوازییەکانی جێ بەجێ بکات، سەرەکیترین داخوازی تورکیاش یان رازی بوونی لەسەر داواکاری ئەو هەردوو وڵاتە بۆ نێو ناتۆ، رێگەدانی ئه‌مه‌ریكا یە، بە دروست کردنی پشتێنێکی ئەمنی لەسەر حیسابی کوردانی رۆژئاواو نەهێشتنی ئەو ناوچەیەی کەبەدەست هێزەکانی هەسەدەوەیە، هەرچەندە هێشتا دیمەنەکە زۆر روون نییە، کە ئه‌مه‌ریكا  بەم داواکاریەی تورکیا رازی دەبێت یان نا، بەڵام  باڵێۆزی ئەمەریکا ماتیۆتولەر، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دامەزراوەی مێریدا، بەسەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکانی رازی بوونی ئەمەریکا دادەنرێت، چونکە باڵێۆز تولەر لەبارەی رۆژئاوادا دەڵێت: ئێمە هیچ بەڵێنێکمان بە هەسەدە نەداوە، بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیی، هاوپەیمانیەتی ئێمە لەگەڵ ئەواندا لە چوارچێوەی جەنگی داعشدایە، هەسەدەش ئەم راستییە دەزانێت ، سەرسوڕمانی خۆشی دەربڕی لە پەیوەندی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و پەکەکە.

دیارە هەمیشە لەوناوچە ئاڵۆزەی ئێمەدا، هەر رێکخستنەوەیەکی پەیوەندییەکان ببێت، یان وەدەست هێنانی دەسکەوتی وڵاتان بووبێت، لەسەر ژماردنی گیرفانی ئەو گەلە خێر لەخۆ نەدیوە بووە، لە ئێستا سووریا لە رێگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتدا، خەریکی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، سەیری ئەو هاوکێشە سیاسییە بکەن، ئه‌مه‌ریكا و تورکیا پەیوەندییەکانیان لەسەرحیسابی کوردە ، سوریا و ئیسرائیل پەیوەندیان دروست دەکەنەوە هەردیسان کورد دەبێتە قوربانی، سوید و فیلەندا دوو وڵاتی ئەوپەڕی باکووری ئەوروپان، لەسەر حیسابی کورد دەبنە ئەندامی ناتۆ، رێکخستنەوەی هەر پەیوەندییەک لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت کورد فاتورەکەی بدات ، ئەمە بەشێکی زۆری حوکمی سوڵتانی جوگرافیای سیاسییە و بەشێکی تریشی پەیوەندی بە نەزانین و عەقڵی کوردەوە هەیە، ئاخر ئەگەر بەدبەختی ئەو میللەتە نەبێت، پەیەدە ئێوە بۆچی واز لەو وێنە زەبەلاحانەی ئەو قوڕبەسەرەی زیندانی ئیمڕاڵی ناهێنن، دەبا کیانەکەتان بچەسپێت، ئەو کاتە هەموو شەقامەکان پڕ کەن لەوێنەی رێبەری گەورە؟؟؟!!! لە چەشنی وێنەکانی سەرکردە زەروورەکەی ئومەی عەرەبی سەددام حسێن، ئاخر بۆ وا پەلەتانە بۆ هەڵواسینی وێنەکان، خۆ هێشتا ئەو کوردە هەژارە تێریان نەخواردووە و هەوای ئازادیان لە ژێر ئاڵای پڕ لە ئەستێرەتان هەڵنەمژیوە. هەرنا بۆ تاکتیکیش بێت بۆماوەیەک واز لەو دوو سێ پیرەمێردەی نێو ئەشکەوتەکان بێنن، کە رۆژانە چەندین گەنجی کورد بە کوشتن دەدەن، چ چەکداری خۆیان بن، یان ئەو سەربازە کوردانەی کە تورکیا لە بەرەی پێشەوەی شەڕ دایان دەنێت، بۆ ئەوەی بکوژرێن، لە هەردوو بەرەی شەڕ هەر گەنجی کوردە دەکوژرێت، سەیری لیستی ناوی سەربازە کوژراوەکانی تورکیا بکەن، دەبینن  زۆربەی هەرە زۆریان کوردن، ئەگەر ئێوە راست دەکەن ناسیۆنالیستن، نابێت هیچ کوردێک بکوژن، با سەربازی دەوڵەتیش بن، سەیری مێژووی ناسیۆنالیستی ئیسرائیل بکەن، هیچ خائینێکی ئیسرائیلیش ناکوژن، نەتەوە بەم شێوەیە دروست دەبێت، نەک تۆ هەر ئەو کەسانە بە کورد بزانی کەلەگەڵ خۆتن، هەموو ئەوانی تر خائین و خوێن حەڵالن.  

تێبینی/ وشەی رێبەری گەورە لە رۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروێل وەرگیراوە.