تووبا ئەلیاسی ئەو ژنەی لەناخیدا ژیانی شایستە روا بوو

Kurd24

‎‎سارته‌ر دەڵێت: بۆ دۆزینەوەی دەریای نوێ دەبێت ئیرادەی بەجێهێشتنی کەنارت هەبێت، ئەم جیهانە جیهانی گۆڕانکارییە نەک چارەنووس! ئێسپینۆزا فەیلەسووفی ئه‌ڵمانی دەڵێ: سروشت لەگەڵ هەموو کەس بە یەک شێوە هەڵسوکەوت دەکات، ئەوانەی یاسای سروشت دەناسن، دەزانن چۆن بە کەڵک وەرگرتن لە یاساکانی سروشتی دۆزینەوەی رێچارە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم یاسایانە گۆڕانکاری لە ژیان و ژینگەی خۆیاندا پێک بێنن.

‎کتێبی "رێگەی گەیشتن بە یەکسانی" لە نووسینی هاوڕێی خۆشەویست و ماندوو نەناسم "تووبا ئەلیاسی"یەوە بە وردی خوێندەوە. دەبێ بێژم تووبا لە ژیانی خۆیدا بێ ئەوەی لە سەردەمی مناڵی خۆیەوە ناوی سارته‌ری بیستبێت و نووسینێکی ئێسپینۆزی خوێندبێتەوە هەم یاساکانی سروشتی چاک ناسیوە و هەم شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵی بۆ گۆڕانی ژینگە. ئەو نەک دەریا کە ئۆقیانووسی ژیانی دۆزیوەتەوە و لەو بوارەدا شتێکم نیە جگە لەوەی پیرۆزبایی لە تووبا ئەلیاسی بکەم.

‎کتێبی "رێگەی گەیشتن بە یەکسانی" و ژیانی قارەمانی کتێبەکە بۆ ئەوە دەبێ فیلمێکی جوان لێی ساز بکرێت، فیلمێک کە دەتوانێت راپۆرتێک بێت لە ژیانی نەتەوەیەکی بندەست و چیرۆکی سەرکەوتنی کەسانێک بێت کە لە هەموو بوارەوە سەرکوت کراون و تەنیا هیوا و باوەڕەکانییانە کە لەتاریکترین و ئەستەمترین سەردەمەکانی ژیاندا تیشكی هیوا دەبەخشنە ژیان و دەوروبەر و نەتەنیا بۆخۆیان سەرکەوتوو دەبن بەڵکوو دەبنە هێما بۆ خەڵکانی دیکە.

‎کچێک بە مناڵییەوە مەترسی تەنانەت لە دەستدانی ژیانی قبووڵ کردووە لە پێناو سەربزێوی و ویستی خوێندن، دواتر چالاک بوون و هاوکاری یەکتر کردن. چەند ساڵ لەمەوبەر چیرۆکی (Jonathan Livingston Seagull)م خوێندەوە و خۆزگە دەخوازم رۆژێک بتوانم بیکەم بەکوردی و پێشكەشی جۆناتانەکانی کوردستان بکەم. جۆناتان باڵندەیەکی بچووکی ماسیگرە کە حەز دەکات بفڕێتە بەرزایی، کەسوکار و عەشیرەی چونکە لە ئاسمانەکان دەترسن رێگەی لێ دەگرن و تەنانەت لە خێڵی باڵندەکان دووری دەخەنەوە و سەر ئەنجام رۆژێک جۆناتان بڕیار دەدات بەتەنیا بەرەو ئاسمانەکان بڕۆت و لەوێ لەگەڵ مامۆستای خۆی فێری هەموو جۆرە تەکنیکێکی فڕین دەبێت و دواتر بۆ لەکاتێکدا لەوپەڕی سەرکەوتندایە خۆشەویستی باڵندەکانی دیکەی بۆی گرینگ دەبێت و دەگەڕێتەوە ناو باڵندەکان و نەتەوەی خۆی پەروەردە دەکات. تووبا ئەلیاسی هاوڕێ لەگەڵ کچانی دیکەی کەمپی ئەلتاش، هەموو مەترسییەکانی سەر رێگەی خۆیان قبووڵ دەکەن و بە دزییەوە و بێ ئاگادارکردنی باوانیان بەرەو باشووری کوردستان و بنکەکانی حزبی دێموکرات دێن بۆ بەستنی کۆنفرانسی یەکێتیی ژنانی دێموکرات. ئەمە دەسپێکی فڕینی جۆناتانە بۆ بەرزترین ئاست. شکاندنی هەموو زنجیرەکانی بەردەمە.

‎کە دێتە نۆروێژ تەمەنی 26 ساڵە دەبێت، لە تەمەنی 26 ساڵەدا و دواتر پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و دوو منداڵ کە یەکێکیان بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە پێویستی بەردەوامی هەیە بۆ پێڕاگەیشتن و بەخێوکردن، تووبای ئەلیاسی کە تەنیا پێنج پۆل یان بە قەولی رۆژهەڵاتییە فارسی زانەکان پێنج کلاس خوێندنی هەبوو، قۆڵی هیمەت هەڵدەماڵێت و وێڕای بەخێوکردنی مناڵان، کارکردن و بەڕێوەبردنی ئەرکی سەرپەرشتی بنەماڵە زانکۆش دەخوێنێت و لیسانس لە دوو بواری زانستی سیاسی و "کۆمەڵ و کولتوور" ناسی وەرگرێت. بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکە قورسه‌کانی بنەماڵەیی و کێشەکانی پێوەندیدار بە ژیانی کۆچىەری "سووپێر" مرۆڤ بوونی تووبا نیشان دەدات. تواناییەکی لە رادەبەدەر کە هیچ شتێک نەتوانێت بەچۆکی دابهێنێت.

‎جیا لە ژیانی تاکەکەسی بەشداری چالاکانەی تووبا لە ژیانی سیاسی و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و یەکسانی کۆمەڵایەتی، دەرخەری ئەو راستییەیە کە ژنانی کورد بۆ بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی چەندین قات زیاتر لە پیاوان دەبێ زەحمەت بکێشن، ئەوان دەبێ لەلایەک دژی زیهنیەتی کۆنەپەرەست و خۆسەپێنەری پیاوسالارانە خەبات بکەن و لەلایەکی دیکەوە بەو پیاوانە "یەکسانی خوازانە" نیشان بدەن کە ژن جگە لە کاری ئاشپەزی، خزمەتگوزاری ناو مقەر و بنکەکان و هەروەها خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ئاهەنگەکاندا خاوەنی توانای لە رادەبەدەری سیاسی و شارەزایی وپسپۆڕین و تەنیا دەرفەتی یەکسانە دەتوانێت نیشان بدات، نیوەی دووەمی کۆمەڵ خاوەنی چ پۆتانسییەلێکی بەهێزە. تووبا ئەلیاسی لە کتێبی "رێگەی گەیشتن بە یەکسانی"دا زۆر بەجوانی ئەو کێشە و رێگرانەی لە ناو ریزەکانی حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات دا، لەبەردەم ژنان دادەنرا باس دەکات و دەسەلمێنێت کە کێشەی سەرەکیی بەرەوپێش چوونی پرسی یەکسانی و بەشداری ژنان لە خەباتی سیاسی و چەکداریدا زێهنیەتی پیاوسالارانەی بەرپرسان و رێبەران و بڕیاردەرانی ناو حیزبە کە تەنانەت رێگری لە ژنان و کچانی خۆیان دەکەن بۆ بەشداریی لە بڕیاردانی و رێکخراوەییدا. ژن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و "مەسلەحەتی" پیاو بەشداری کراوە لە ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی حیزبەکاندا.

‎ئێسپینۆزا لە فەلسەفەی خۆیدا باس لە پۆتێنشیا یان پۆتێنسیال دەکات، ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئازادکردنی هەم بەختەوەر بێت و هەم بەختەوەری بۆ کۆمەڵگای خۆی وەدی بێنێت، تووبا ئەلیاسی پۆتێنشیای خۆی کردووه‌تە هەوێنی سەرکەوتن، بەهێزبوون و خاوەن ئیرادەبوون لە پێناو ژیانێکی مرۆڤانەدا.

‎خوێندنی کتێبە بە هەموو هۆگرێکی کۆمەڵگایەکی مرۆڤی و بەتایبەت کچان و ژنانی کوردستان پێشنیاز دەکەم. تووبا نیشانی داوە کە شتێک بەناوی نەبوون و نامومکین بوون نیە، کاتێك مرۆڤ خاوەن ئیرادەبێت.