شۆڕشی گوڵان چۆن و بۆچی هه‌ڵگیرسا؟

شۆڕشی گوڵان، قۆناغێكی نوێی خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورده، به‌راورد به شۆڕشه‌كانی دیكه‌ی پێش خۆی، خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵەت و ئایدیای تایبه‌ته. ڕاسته شۆڕشی گوڵان ته‌واوكه‌ری شۆڕشی ئه‌یلووله و له پێناو هه‌مان ئه‌و ئامانجانه‌ی كه شۆڕشی ئه‌یلوول خه‌باتی بۆ ده‌كرد، بەدیهات، به‌ڵام بارودۆخ و قۆناغی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان جیاواز بوو.
ڕێككه‌وتننامه شوومه‌كه‌ی جه‌زائیر، له 6ی ئاداری 1975، شۆڕشی كوردی دووچاری شكستێكی گه‌وره كرد، هاوكات نائومێدی باڵی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا كێشابوو، ڕیزكانی پارتی دیموكراتی كوردستان شێوابوو، شیرازه‌ی كاری حزبایه‌تی به ته‌واوی پچڕا بوو. زۆر كه‌س پێیان وابوو جارێكی دیكه پارتی دیموكراتی كوردستان، ناتوانێت بێته‌وه ڕیزی خه‌بات و قۆناغی خه‌باتی پارتی به‌سه‌رچووه، ته‌نها ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه مێژوونووسان له داهاتوودا باسی لێوه بكه‌ن، ئه‌ویش ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ویژدانی خۆیان كه ئایه به باشی باسی ده‌كه‌ن، یاخود به حزبێكی به‌زیوی ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م. ته‌نانه‌ت به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی پارتی كه‌وتنه پڕوپاگه‌نده له دژی بارزانی، به‌و نیازه‌ی خۆیان له به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌و دۆخه‌ی كه هاتبووه ئاراوه بدزنه‌وه، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی دواتر سه‌لماندیان كه ئه‌م بۆچوونانە بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، كورتبینانه بووه. چونكه سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی و په‌رته‌وازه‌بوون و جیابوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامان و كادیران و سه‌ركرده‌كانی ئەو حزبە، به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵێك كادیر و ئه‌ندامی دڵسۆزی پێشووی پارتی مابوون، په‌ناهه‌نده‌ی ئێران بوون. هه‌وڵیان ده‌دا له چوارچێوه‌ی ڕێكخستنێكی سیاسیی‌دا خۆیان كۆبكه‌نه‌وه و سه‌رله‌نوێ شیرازه‌ی ڕێكخستنه‌كانی پارتی ڕێك بخه‌نه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خرابوونه ژێر چاودێرییه‌كی توندی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێ: " له مانگی نیسانی1975 به بڕیاری بارزانی ده‌ستمان كرد به دامه‌زراندنی سه‌ركردایه‌تی كاتی بۆ ڕابه‌رایه‌تی ڕێكخستنه‌كانی پارتایه‌تی له ناو وڵات و ئاواره‌كان و وڵاتانی ده‌ره‌وه و په‌ره‌پێدانی باری له‌شكری ئه‌و چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌ی كه له ناو وڵات مابوونه‌وه" هه‌ر له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی پارتی ده‌ڵێت: " دوای ڕاگۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هه‌ڤاڵان و دڵسۆزان و ڕه‌خسانی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكی كار و چالاكیی پارتایه‌تی، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه دوای هاتنمان بۆ ئێران له ڕۆژی15ی نیسانی 1975دا له‌سه‌ر كانیاوێكی ده‌وری شاری نه‌غه‌ده(حه‌وت كانی)كرا، به ئاماده‌بوونی خۆم و هه‌ڤاڵان: جه‌وهه‌ر نامیق سالم، كه‌ریم شه‌نگالی، ئازاد به‌رواری و محمد ڕه‌زا. له كۆبونه‌وه‌كه‌دا به هه‌ڤاڵانم ڕاگه‌یاند كه به هاوكاری ئێوه و ژماره‌یه‌كی تری هه‌ڤاڵان كه بۆ كاری پارتایه‌تی ده‌ستنیشان ده‌كرێن، ده‌ست به چالاكیەكانمان ده‌كه‌ینه‌وه.
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیار ده‌درێت ئه‌ركه‌كان دابه‌ش بكرێت، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری شۆڕش له ئێران و ناوخۆی كوردستان و هه‌نده‌ران. دا‌به‌شكردنی ئه‌ركه‌كان به‌م شێوه‌یه بوون:
یه‌كه‌م: ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی ڕێكخستن به سەرۆک مه‌سعود بارزانی ده‌سپێردرێت، چه‌ند كه‌سێكی له‌گه‌ڵ دیاری ده‌كرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كان: بۆ ناوه‌وه‌ی وڵات: جه‌وهه‌ر نامیق سالم، كه‌ریم شه‌نگالی، ئازاد به‌رواری، عارف ته‌یفور، كه‌مال كه‌ركوكی، عزه‌ت عەلی عەبدولعەزیز و شێركۆعەلی. بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات: سامی عەبدولره‌حمان و محمد ڕه‌زا.
دووه‌م: بۆ كاروباری په‌نابه‌ران: ئیدریس بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا، موحسن دزه‌یی، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و فه‌ڕه‌نسۆ هه‌ریری.
هه‌ر له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ له باره‌ی ڕه‌وشی كوردستان كرا، خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و واقیعه نوێیه كرا، كه هاتبووه پێش به‌هۆی نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول. له ئه‌نجامدا بڕیار له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گرنگ درا، ئه‌وانیش بریتی بوون له:
یه‌كه‌م: گرنگی به ڕێكخستنی پارتایه‌تی بدرێت له ناو په‌نابه‌رانی كورد له ئێران.
دووه‌م: خۆئاماده‌كردن له ڕووی سیاسیی و سه‌ربازییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات بگه‌ڕێنه‌وه باشووری كوردستان، ڕیزه‌كانی پارتی ڕێكبخه‌نه‌وه و سه‌ركردایه‌تی جه‌ماوه‌ری كوردستان بكه‌ن.
سێیه‌م: به‌ستنی كۆنفرانسێك له كاتێكی گونجاو‌دا، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی قۆناغی شۆڕشی ئه‌یلوول و لێكۆڵینه‌وه له ده‌رەنجامه‌كانی پیلانی خیانه‌تكارانه‌ی جه‌زائیر.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و پلان و به‌رنامانه‌ی دانرابوون بۆ ڕێكخستنه‌وه و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش له ماوه‌ی مانگی 5 تاکو مانگی 7ی 1975، دوو وه‌جبه له كادیر و پێشمه‌رگه‌كانی پارتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان، له نێویاندا عەبدولرەحمان صالح و محمد خالد بوصلی بوون.
مسته‌فا بارزانی ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له 1ی ئه‌یلوولی 1975 به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر، سه‌ردانی ئه‌مریكا ده‌كات، له پاش ڕۆیشتنی به 15 ڕۆژ، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كه سه‌رپه‌رشتی كاروباری ڕێكخستنی ده‌كرد ده‌چێته ئه‌مریكا، له‌م ماوه‌یه‌دا ئیش و كاره‌كان به سه‌رپه‌رشتی ئیدریس بارزانی به‌ڕێوه ده‌چێت، پاش دوو مانگ مانه‌وه له ئه‌مریكا سەرۆک مه‌سعود بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێران، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن له شاری كه‌ره‌ج له ماڵی مسته‌فا بارزانی به ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌كه له (سەرۆک مه‌سعود بارزانی و ئیدریس بارزانی، جه‌وهه‌ر نامیق سالم، كه‌ریم شه‌نگالی، عارف ته‌یفور، محمد ڕه‌زا). له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار ده‌ده‌ن به شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی له ژێر ناوی سه‌ركردایه‌تی كاتی خه‌بات بكه‌ن، هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیار ده‌درێت ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی دیاری بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناوانه‌ی كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن، چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش دیاری ده‌كه‌ن بۆ سه‌ركردایه‌تی كاتی ئه‌وانیش (نوری شاوه‌یس، سامی عەبدولرحمان، علی عەبدوڵڵا و ئازاد به‌رواری).
سه‌ركردایه‌تی كاتی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی خۆی له 10/12/1975، به‌ناونیشانی كوردستان گۆڕه‌پانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باته و به دروشمی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان، بارودۆخی نسكۆ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه) ده‌ست پێ ده‌كات. له ناوه‌ڕۆكی به‌یاننامه‌كه‌دا تەئكید له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی خه‌بات و كۆڵنه‌دانی گه‌لی كورد ده‌كات، هه‌روه‌ها سیاسه‌تیی نوێ و ئامانج و شێوازی خه‌باتی خۆی خستبووه‌ڕوو، پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ركردایه‌تی كاتی له یه‌كه‌م هه‌نگاودا به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌كان هه‌ر یه‌كه له (جه‌وهه‌ر نامیق سالم، كه‌ریم شه‌نگالی) به مه‌به‌ستی سه‌رپه‌رشتیكردنی چالاكییه‌كانی هه‌رێمی بادینان (یه‌ك) به‌ره‌و باشووری كوردستان گه‌ڕانه‌وه. هه‌روه‌ها (عارف ته‌یفور و حه‌مه ڕه‌زا) بۆ هه‌رێمی سۆران (دوو) دیاری كرابوون، به‌ڵام كاره‌كان هه‌روا بێ ئاسته‌نگ نه‌چوونه پێشەوە، ئه‌وه‌بوو (عارف ته‌یفور و حه‌مه ڕه‌زا) له‌لایه‌ن (ده‌زگای ساواك)ی ڕژێمی شاهەنشای ئێرانه‌وه ده‌ستگیر كران، هه‌ر بۆیه بریاردرا (كه‌مال كه‌ركوكی) بنێردرێت بۆ هه‌رێمی سۆران له جێگه‌ی ئه‌وان، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق و كه‌ریم شه‌نگالی بۆ كوردستان په‌یوه‌ندییان به ڕێكخستنه‌كانی پارتییه‌وه كرد له زاخۆ و دهۆك و موسڵ و سه‌رتاسه‌ری پارێزگای دهۆك، ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه كرابوو، پێكهاتبوون له مامۆستایان و قوتابیان و چه‌ند سه‌رۆك هۆزێك. له كۆتاییه‌كانی كانونی دووه‌می 1976 تا ڕاده‌یه‌ك توانییان ڕێكخستنه‌كانی پارتی ڕێكبخه‌نه‌وه، هه‌ر له‌و كاته‌دا به‌هۆی په‌لاماری ڕژێمی به‌عس بۆ سه‌ر چه‌ند گوندێك، خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه په‌یوه‌ندییان به مه‌فره‌زكانی پێشمه‌رگه‌وه كرد. له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان، له پایزی 1975 مسته‌فا بارزانی له ڕێگه‌ی فه‌ڕه‌نسۆ هه‌ریریه‌وه ئاگاداری (عه‌لی كۆ‌و سه‌ید عەبدوڵڵا) ده‌كات كه ئه‌گه‌ر بۆیان ده‌كرێت له سه‌ره‌تای به‌هار كه دونیا خۆش بوو چه‌ند كه‌سێك ئاماده بكه‌ن ده‌ست به چالاكی پارتیزانی بكه‌ن.
پاش گه‌یشتنی په‌یامه‌كه‌ی مسته‌فا بارزانی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی دلێر كه ژماره‌یان (22) پێشمه‌رگه ده‌بێت، له ڕۆژی 25/5/1976 به‌ڕێ ده‌كه‌ون بۆ شاخ، له شه‌وی 25 له‌سه‌ر 26/5/1976 له قه‌ندیل له زینی گه‌زگه‌كی ده‌كه‌ونه كه‌مینی ڕژێم، چه‌ند سه‌ربازێكی ڕژێم ده‌كوژن، هاوكات (سه‌ید عه‌بدولڵا) كه سه‌رپه‌رشتی ئه‌و گروپه پێشمه‌رگه‌یه ده‌كات شه‌هید ده‌بێت. دوو پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش بریندار ده‌بن. بێگومان ئه‌مه یه‌كه‌مین چالاكی پێشمه‌رگه بوو پاش نسكۆی شۆڕی ئه‌یلوول، ئه‌م چالاكییه‌ی پێشمه‌رگه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه، هه‌وڵدرا بگه‌یه‌ندرێته ناوه‌نده هه‌واڵییه‌كانی دونیا كه شۆڕشی كورد ده‌ستی پێكردۆته‌وه، ئه‌وه بوو كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش له وڵاتی بەریتانیا و لە شاری له‌ندەن ئه‌نجامدرا، ڕاگه‌یه‌نرا گه‌لی كورد به سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی به شۆڕشێكی نوێ كردووه‌ته‌وه، ئه‌و واقیعه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی ناكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان جگه له خه‌باتی چه‌كداری گرنگییه‌كی تایبه‌تی به ڕاگه‌یاندن و بڵاوكراوه‌كانیدا له ناوخۆی كوردستان، تاكو خه‌ڵكی كوردستان هۆشیار بكاته‌وه له هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش و نائومێدنه‌بوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ی به‌سه‌ر كورد و شۆڕشه‌كه‌یدا سه‌پێنرا بوو، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌یان به‌یاننامه، یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی خه‌باتی له مانگی ئابی 1976 ده‌ركرد، ئه‌وه‌ی گرنگی ڕۆژنامه‌كه و جیاوازی ده‌رده‌خات، یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی شۆڕشگێری بوو له پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له شاخه‌كانی كوردستانه‌وه چاپ ده‌كرا و دواتر له ڕێگه‌ی مه‌فره‌زه پێشمه‌رگه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كرایه‌وه، هه‌روه‌ها ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان له ساڵی 1977 ده‌ستی به په‌خشی خۆی كرده‌وه دیسان، ئه‌میش له گوندێكی سه‌ر سنوری باشووری كوردستان واته له ناو خاكی كوردستانه‌وه ده‌ستی به په‌خشی خۆی كرد و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری كوردستان و وره‌ی پێشمه‌رگه هه‌بوو.
شۆڕشی گوڵان له ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ندا توانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی سیاسیی و سه‌ربازی به‌ده‌ست بێنێت. چه‌ندین داستانی گه‌وره‌ی قاره‌مانیه‌تی دژی ڕژێمی به‌عس تۆمار کرد، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش توانی جارێكی دیكه په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی خۆی دروست و ڕێک بخاتەوە و سه‌ره‌نجی جیهان بۆ كورد و شۆڕشه‌كه‌ی ڕابكێشێت. له ئاستی ناوخۆیشدا خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ریه بۆ دروستكردنی ته‌بایی و یه‌كڕیزی ناوخۆیی هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه به‌ره‌ی كوردستانی دروست بوو، ڕێگه خۆشكه‌ربوو تاكو له ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 گه‌لی كورد به‌سه‌ر دڕنده‌ترین ڕژێمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ركه‌وێت.
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه تێده‌گه‌ین پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌میشه پێشه‌نگ و پێشڕه‌وی خه‌باتی كوردایه‌تی بووه، هیچ كات كۆڵی نه‌داوه له خه‌بات، له پێناو به‌دیهاتنی ماف و داخوازییه‌كانی گەلەکەی.