خوێندەواری میدیایی لە دیدارەکەی سەرۆک وەزیراندا

Kurd24

دیداری نێوان سەرۆک وەزیران و میدیاکاران لە لە 20ی حوزەیران رۆژی دوو شەممە سازدرا. ئایا دەکرێت پرسی میدیا لەکوردستان نمونەیەک بێت بۆ ئەم گوتەیە کە دەڵێت ''میدیایەکی باش دەتوانیت لەپرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتێک بەشدار بێت''. 

لەم نوسینەدا، مەبەستم نییە تەنها لە گۆشەنیگا وجیهانبینی کەسیمەوە بڕوانمە کردارەکانی میدیاکاران، بەڵکو سەرنجێک لەسەر دیدارەکەی سەرۆک وەزیران لەگەڵ میدیاکاران دەخەمەڕوو. هەرچەندە من چەند بەتوانابم تەنها توانای یەک گۆشەنیگام هەیە بۆئەوەی ىڕوانمە دیاردەکە، بەڵام ئەوەی گرنگە، هەوڵدەدەم تێڕوانینێکی تەواو بابەتی و پەیوەست نەبوو بە دونیا بینی رەش و سپی بخەمە پێش چاو.

متمانە بە میدیا زۆر لاوازە لە کوردستان، ئێمە توشی ئینتەلای زانیاری بوین بەڵام چی زانیارییەک پڕ لە رەشبینی، جەمسەرگیری سیاسی، خاڵی لە بابەتی بوون. ئەگەر وردبینەوە لە واقعی حاڵیان، میدیاکاران تەنها ئەرکی پیشەیی خۆیان بەجێناهێنن، ئیدی وەڵامەکەی روونە چیدەکەن بەهۆی بزنسی فرۆشتنی وشە بە خوێنەران و فرۆشتنی خوێنەران بە رەعیەتی کەسی و سەنگەرگرتن لەبابەتی کەسی و کە رۆڵی ئەوانی لە کۆمەڵگەدا لێڵ کردوە!

هەرجارێک زانیاری هەڵەو شێواوی میدیایی لە گۆڕەپانی گشتیدا بڵاوببێتەوە، زیاتر متمانەم بۆ گوتەکەی جۆرج ئۆروێل زیاد دەبێت کاتێک لە رۆمانی 1984 دا دەڵێت (ئیدی راستگۆیی لەجیهان چووه‌تە دەرەوە و درۆ دەڕژێتە نێو مێژوەوە، هەر بۆیە ئێمە لەسەردەمی ناڕاستیدا دەژین، وتنی راستیش بریتییە لە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە). خۆ ئەگەر رۆژنامەنووسێکی ئەمڕۆ بواری نەبووە لەشۆڕشەکانی دوێنێ بەشدار بوو بێت، دەکرێت ئەمڕۆ بەشداربێت لەو کردە شۆڕشگێڕییە.

لە رۆژگاری ئێستا، لێشاوی زانیاری وادەکات زۆرینەی کۆمەڵگە بکەونە ژێر کاریگەری ئەم لێشاوەو راستی ون ببێت، بەجۆرێک زۆرترین زانیاری و زۆر بەخیرایی لەهەموو سوچێکی ئەم جیهانەدا بەردەوام زانیاری دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێت، وا لەکۆمەڵگە کراوە ئینتەلای زانیاری ببن، واتا زیاد لەپێویست زانیاری دەڕژێتە زهنیەتی کۆمەڵگەوە. ئەوەی کە مەترسییە، میدیاکار بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم لێشاوە، چونکە ئەو کاریگەرییە وادەکات توندوتیژی لەبڵاوکردنەوەی زانیارییەکانیان روبدات، سەرەنجام توندوتیژی لە دونیای واقعدا رەنگ دەداتەوە، واتا دەکرێت زانیاری میدیاکاران ببێتە هۆی جەنگ. ئەمەش کاتێک رودەدات گەر میدیاکار کاراکتەرێکی نەخوێندەوار بێت، واتا بێبەش بیت لە خوێندەواری میدییایی (Media Literacy) کە چەمکێكی فراوانە. بۆ ئەوەی میدیای هەواڵەکان ئەم ئەرکە بەجێبهێنێت، پێشمەرجێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەو جۆرە زانیاریانە پێشکەش بە خەڵک بکەن کە پێویستیانە بۆ ئەوەی ئازاد و خۆبەڕێوەبەری بن و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ هەرمیدیاکارێک کە، تێبگات خوێندەواری میدیایی چەمکێکە توانای دەستگەیشتن و شیکردنەوەی پەیامەکانی میدیا، دروستکردن و رەنگدانەوەو کردار لەخۆ دەگرێت و بەکارهێنانی هێزی زانیاری و پەیوەندی بۆ دروستکردنی جیاوزی لە کۆمەڵگە دروست بکات، بەشدار بیت لەپرسە نیشتیمانییەکان.

بەزیادکردنی ئەم تێگەیشتنە لە میدیا و خوێندنەوە بۆ دیدارەکەی سەرۆک وەزیران و میدیاکاران، ئەوە دەخوێنمەوە، رۆژنامەنووسەکان لەو دیدارەدا لە قوتابییەکی تەمەڵ دەچون، بەرەنجامی توێژینەوەیەکیان لەبەردەست نەبوو، من چاوەڕێ بووم مەترسی لەدەستدانی متمانەی میدیایی بەباتێکی سەرەکی گفتوگۆکەیان بێت، داتایەکی پشتڕاکراوەیان پی نەبوو، تەنانەت لە گوتاریاندا ئەوەم خوێندەوە (پرسی تەکنۆ-زانیاری و میدیای هەواڵی تەقلیدی و متمانەی میدیای هەواڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم میدیای هەواڵی و دژبەرەکانیان) لەم دیدارەدا بوونی نەبوو.

سێناریست و نووسەری ئەمریکی ئارسەر میلەر لە ساڵی 1961دا لە نوسینێکیدا دەڵێت : بیرم کردەوە: "رۆژنامەیەکی باش، پێموایە، نەتەوەیەکە لەگەڵ خۆیدا قسە دەکات." دوای دە ساڵ دوو پەیامنێری واشنتۆن پۆست زنجیرەیەک وتاریان نووسی کە سەرۆک نیکسۆنیان هێنایە خوارەوە و پێگەی رۆژنامەگەری چاپکراو بەرزبووەوە. رۆژنامەکان لە باشترین حاڵەتی خۆیاندا لێپرسینەوە لە حکومەت و کۆمپانیاکان دەکەن. بەگشتی کارنامەی هەواڵ بۆ باقی میدیاکان دادەنێن.''

بەڵام لێرە لەدیدارەکەدا چی دەگوزەرا؟ میدیاکارەکان بەناوی خەڵکەوە بڕیاری دادگەی فیدراڵیان بەباش وەسف دەکرد، بەڵام بێئاگابوون لە پێکهاتە و رابردوی دادگای فیدراڵی، پرسیاری داهاتی نەوت و بەراوردیان بە فرۆشی نەوتی عێراق کرد، بەڵام بێئاگابوون لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی عێراق، بێ زانیاری بوون لەسەر کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ. زیاد لەوەش بەناوی خەڵکەوە پرسیاریان دەکرد، بەڵام بەرەنجامی راپرسیەکیان پێ نەبوو. سەرەنجام زۆرێک لە رۆژنامەنووسەکان ئیحراج بوون، دەرکەوت قەیرانی رۆژنامەنووسی پێشەگەرو جەهالەتی میدیایی کێشەیەکی بەرچاوە لە کوردستان. لەوەڵامەکانی سەرۆکوەزیرانەوە زۆرێک لەم راستییانە دەرکەوت.