ژن لەسەر تەندروستی خۆی دەبی چ بزانی 

Kurd24

قۆناغی سێیەم (گوتاری دووەم)

شیری دایك بۆ منداڵ

ئەگەر ژن پەیڕەوی هەموو رێنماییەکان بکا، ئاوسبوونی خۆی بە سرووشتی تێدەپەڕێنێت، منداڵێکی تەندروست دەهێنێتە جیهان. گەورەبوونی منداڵ لەناو منداڵدان دەستپێدەکات و هەتا لەدایکبوون بەردەوام دەبی. گەشەکردنی منداڵ لەناو زگی دایك، پەیوەندی راستەوخۆی بە جۆری خواردنی دایکەوە هەیە، کە لە رێگای پەتى ناوکەوە هەموو ماددە پێویستەکان بۆ جەستەی منداڵ دەچن. گەشەکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو، پەیوەندی بە شیری دایکەوە هەیە.

هەڵگرتنی منداڵ لە پێنج مانگی یەکەمی ژیانی، بەشێوەیەکی گشتی، کێشی دوو بەرامبەر زیاد دەکات و پاش یەك ساڵ، سێ جار گەورەتر دەبیت و درێژیشی 25 – 30 سم لەکاتی لەدایکبوونییەوە زیاد دەکا. خواردنی خراپ، لەوانەیە کاریگەریی خراپی لەسەر گەشەکردنی منداڵ، بەتایبەتیش لەسەر هێسك و مێشکى هەبی. ماوەی پێدانی شیری دایک بە منداڵ لەنیوان 12 – 14 مانگ و زیاتریش، دەبێتە یارمەتیێکی زۆرباش بۆ پێشخستنی تواناکانی عەقڵ و زیرەکیی منداڵ. لەناو ئەو منداڵانەی، کە کەوتوونەتە بەر چاودێریی زانایانی دەروونناسی (Psychoneurologists) و توانای خوێندنیان کەمبووە، زۆربەی ئەو منداڵانەبوون، کە شیری دایکیان نەخواردبوو. سەلمێندرایە، خواردن بەشێوەی سروشتی، کاریگەریەکى ئەرێنیانەى (ئێفێکتێکی پۆزەتیڤی) دژ بەوانەی خوارەوە لەدواڕۆژدا بۆ دروست دەبێ:

1- چەوری و قەڵەوی لای منداڵ.

2- تەسکبوونەوە و گیرانەی لوولەکانی خوێن. atherosclerosis  Early

3- کزبوونی توانای فێربوون.

4- هەستناکبوون و هەستەوەرى(Allergies)

5- تووشبوون بەپەتای نەخۆشییە درمەکان  diseases  Infectious

سوودەکانی شیری دایك

شیری دایك، ئەو بەرهەمە خۆڕسکەیە، کە جێگرەوەی نییە. شیری مەمکی دایك، چۆن بۆ منداڵ بەسوودە، بە هەمان شێوە بۆ دایکیش بەسوودە. لەخوارەوە بە درێژی باس لە سوودەکانی شیری مەمکی دایک دەکەین:

1- بە ئاسانی هەرس دەبی.

2- ڤیتامینی زۆری تێدایە، کە بۆ پرۆسەی گەشەکردنی منداڵ زۆر پێویستن.

3- دژە تەنى بۆ میکرۆبەکان (antibodies) تێدایە، کە بۆ سیستێمی بەرگریکردنى جەستە بەسوودن، منداڵ لەتووشبوون بەمیکرۆبەکان دەپارێزن و سەلمێندرایە، شیر دژەتەنی (ARVI) تێدایە هەروەها بۆ هەوکردنى ڤایرسیى بۆڕییەکانی هەناسەدان (viral respiratory infections)، کە دەکاتە ئەوەی ئەگەر دایک تووشی (ARVI) هات، لە خوێنیدا دژە تەنی (ARVI)  دژ بەو نەخۆشییە دروست دەبیت و منداڵێش هەتا شیر بخوا، تووشی ئەو نەخۆشییانە نابی، کە بە(سەرمابوون) ناو دەبرێن.

4- رێژەی تووشبوونی بە هەستەوەرى (حەساسییە) کەم دەکاتەوە.

5- دوو ترشی ئەمینیى (amino acids) تێدایە، کە زۆر پێویستن و (taurine and cestine) بەرپرسیارێتی پرۆسەی گەشەکردنی زیرەکییان لە ئەستۆدایە.

6- شیردانی منداڵ، یارمەتی دایک دەدا لە (displacement) دا، کە دەکاتە ئەوەی، منداڵدان بە ئاراستەی پێچەوانە گەشە دەکات و دوای منداڵبوون بۆ ئاستی سروشتی خۆی دەگەڕێتەوە.

7- مەترسی ئاڵۆزییەکانی پاش منداڵبوون کەمدەکاتەوە.

8- لەکاتی شیردانی منداڵ، پەیوەندی دایک و منداڵ نزیکتر دەبیت و لێرەوە پەیوەندیی گیانى (روحی)، تێگەیشتن، لەگەڵ بەرپرسیارێتیی دایک بەرامبەر بە منداڵی دروست دەبی.

9- کارکردنی ماسولکەکانی قۆڵ و دەست لەکاتی شیرمژین، رێژەی خۆهیلاککردن و دڵەڕاوكێ دەستنیشان دەکا، کە دەبیتە رێکخستن و فۆرمولەبوونی سیستێمی بەهێزبوونی ددان، کەللـەی سەر و مێشک و ئامرازەکانی بیستن.

10- بۆڕیچکەکانی ناو مەمک، جۆرە فلتەرێکە رێگا بە: خوێ و ماددەکانی گران و میکرۆبە وردەکان (مایکڕۆ ئۆرگانیزم) و شتەکانی دیکە نادا.

11- شیری دایک ئاسان دەستدەکەوێ و هەرزانە.

12- مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە.

لەکاتی کارکردنم وەک دکتۆری ژنان لە نەخۆشخانە، چەندین جار ریشاڵی مەمک (fibrous mastopathy) (نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک) وەدیار کەوتوون. داوا لە ژن کرایە زگ بکات و منداڵی ببێ. پاش منداڵبوون و شیردانی مەمک، نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک نەماون. هەروەها نموونە هەبوون، لەو کاتەی ژن سکی نەبووە و منداڵیشی نەبووە، بەڵام هەندێ نیشانی شێرپەنجەی مەمکی لێ وەدیار کەوتووە، هەتا شێرپەنجەى دژوار (سەرەتانی پیس) سەریهەڵداوە، ئەوەش دەکاتە ئەوەی، کە ئەو ژنانەی سکیان نەبووە و منداڵیشیان نەبووە، مەترسیی وەدیارکەوتنی شێرپەنجەی مەمکیان لەلا زیاترە. جارێک ئەوەش روویدا، ژنێک یەک منداڵی هەبوو، بەڵام شیری مەمکی پێنەدابوو، لە تەمەنی گواستنەوە (بەساڵاچوون) شێرپەنجەی مەمکى لێ دۆزرایەوە. بۆئەوەی رێژەی پەیدابوونی نەخۆشی شێرپەنجە کەم بکرێتەوە، پێوستە شیری مەمک بە منداڵ بدرێ.

کورتەیەک لەسەر توێکارى (ئەناتۆمی) و کارکردنى (فیزیۆلۆجی) مەمک

قەبارە و شێوەی مەمک و گۆی مەمک لای ژنان جیاوازە، بەڵام دروستکردنی شیر لای هەمووان وەکو یەکە. مەمکی پێگەیشتوو لە 15 – 25 بەشى شانەى شیردەر (segments of glandular tissue) پێکدێ. هەر بەشێک لەوانە لە 10 هەتا 100 (bubbles) بڵق یان چیکڵدانۆچکە یان تورەکەی زۆر بچووک  alveoliیان تێدا کۆبووینەوە، بە شانەى بەستەر بەشێوەى چڕک (سرێش) (collagen fibers) بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لوولەى باریکیان لێدەبیتەوە، کە بەشێوەى کەناڵ بەیەکەوە بەستراونەتەوە و دەڕژێنە ناو کەناڵێکى دەردەر (رژێن) (excretory duct). شیر لە رێگای توورەکەی زۆر بچووکەوە (alveoli) بەرهەم دێت و بۆ کەناڵی گچکەتر و کەناڵی درێژتری شیردەردان دەچی. دواتر بۆ شوێنی کۆکردنەوە دەڕوا، کە لەژێر پێستى خەرمانەى گۆى مەمک (areola) دایە. ئەو خەرمانەیە بازنەیەکی رەنگ تاریکە لە دەورەى سەرەگۆى مەمک و لە رێگای کونەکانی سەرەگۆی مەمک شیرەکە دێتە دەر). منداڵ لەکاتی مژینی کەنالێک (sinus) بە لێو و پدووەکانى، شیر بۆ ناو دەمی دێنی. بە وردە پاڵدان بە خەرمانە، جۆرە چەوراتیێک دەردەچی، کە یارمەتی گۆی مەمک دەدات و رێگا لە تووشبوون بەمیکرۆبانیش دەگرێ، بۆنێکیش دەدا، لەڕێگایەوە منداڵ هەست دەکات و دایکی خۆی دەناسێتەوە. بۆ کاتی منداڵبوون، کێشی مەمک mammary gland  دەگاتە 500 گڕام یان زیاتر، ئەوەش بەگوێرەی شانەکانییەتى (glandular tissue).

بەرهەمهێنانی شیر

شیر بە پشتیووانیی هۆرمۆنەکانی oxytocin و prolactin دروست دەبی. هۆڕمۆنى ئۆکسیتوسین پێش شیردان و لەکاتی شیردان دەردەرێ. هۆڕمۆنى ئۆکسیتوسین یارمەتیی دەرهاویشتنی شیرو وێکهاتنەوەی منداڵدانیش دەدا. هۆڕمۆنى پڕۆلاکتین یارمەتی مەمک دەدا شیر بۆ جەمی داهاتوو ئامادە بکا. ئەوانەى خوارێ پەرچەکردارى (ڕێفلێکس reflex)ی دەردانى ئۆکسیتوسین بەهێز دەکا:

- خۆشەویستیێكی زۆر بۆ منداڵ و بیرلێکردنەوەی.

- دەنگی منداڵ.

- بڕوابەخۆبوون و هێوربوونەوە.

- راگرتنی پەرچەکردارى (ڕێفلێکسی) ئۆکسیتۆسین.

- فشاری دەروونی (سترێس) بۆ نموونە، لەکاتی مەمکدانی 

  منداڵ، نابی هەواڵی ناخۆش بە ژنەکە بگوترێ.

- ژان (ژانی زۆر لەکاتی وێکهاتنەوە و کورژبوونى ماسوولکەکانى دیوارى منداڵدان).

- گومان، ترس.

لەوانەی گوتران تێدەگەین، کە ژن لەکاتی مەمکداندا، نابێ دڵەڕاوکێ و خەمۆکى هەبێ. دەبی ئاگایان لەدایک بێت و نەهێڵن تووشی دڵەڕاوکێ ببێ. ژن نابێ گومانی هەبی لەوەی، کە هەموو شتەکانی خۆی و منداڵەکەی باش دەبن. ساتەکانی شیردان، دەبی بەتەواوی ساتی هێمنی و لەسەرخۆبن، بۆ دایک و بۆ منداڵەکەش بەختەوەری و رازیبوون بێ. مەمکی بەتاڵ جارێکی دیکە خۆی بۆ بەرهەمهێنانی شیر ئامادە دەکاتەوە، چەند زیاتر منداڵ شیر لە مەمکی دایکی بمژێ، ئەوەندە زیاتر شیر بەرهەم دێنێ. بۆیە درەنگ خواردن (ئاو و خواردن دەبی بەپێى خشتە و لەکات و ساتی خۆیدا بێ)، ئەگەر نا بەرهەمی شیر کەمدەکاتەوە. مەمکدان بە منداڵ، دەبی بەپێی پێویستی منداڵ بێت و کەی ئەو ویستی، دەبی شیری بدرێتێ. لەوکاتەدا شیر ئەوەندە دروست دەبی، کە منداڵ پێویستی پێی هەیە.

پێش سەت ساڵێک، تەنیا شیری مەمکیان بە منداڵ دەدا و هیچ جۆرە مەمە و مەمەدان و ئاوی شیرنیان پێی نەدەدا. لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە شێوەی کردەنى (پراکتیکى) مەمە و مەمەدان بۆ منداڵی گچکە دروستکران، خشتەی خواردن داندرا. ئێستا پشتڕاستکرایتەوە و سەلمێندرایە، کە منداڵ پێویستیی تەنیا بە شیری دایکە. هەتا ئەو دروشمەش هەیە: (من شیری خۆم، شیری مەمکم خۆشدەوێ!).

 

وەرگێڕانی لە زمانی رووسی د. مەغدید سەپان