خه‌تاکانی توندوتیژی و کوشتن

له سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا زنجیره‌یه‌ک کوشتن و توندوتیژی رووی له باشووری کوردستان کرد، که ده‌بوایه شۆکێکی گه‌وره بێت بۆ هه‌موان، لێ کوشتن و توندوتیژییه‌کانی ئایار وه‌ک هه‌ر رووداوێکی دیكه‌ی پێشتر، که ئێمه ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، وه‌ک رۆتینێک ته‌ماشا کرا. هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه راهاتبین به‌و جۆره ژیانه.
لێ کوشتنی دوو مامۆستاکه‌ی زانکۆ کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر به‌شێکی دیاری کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له باشووردا هه‌بوو، که دواجار قه‌ده‌غه‌کردنی کڕین و فرۆشتنی چه‌کی لێکه‌وته‌وه و بازاڕه‌کانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی داخران. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچی؟ وه‌ڵام: وێڕای تاڵیی راستییه‌که، پێویسته راستییه‌که به‌هه‌ند وه‌ربگرین، ئه‌ویش ئه‌م کوشتنانه وه‌ک ده‌ستدرێژیی بۆسه‌ر ده‌زگا زانستییه‌کان ته‌ماشا ده‌کرێت. له کولتووری ئێمه‌دا وه‌ک کورد، مامۆستا پیرۆزه، ده‌ستدرێژییش بۆسه‌ر ئه‌م پیرۆزییه، ده‌ستدرێژییه بۆسه‌ر کولتووری کوردیی خۆی. وێڕای تاڵیی راستییه‌که، لێ ئه‌م رووداوه وه‌ک پێویستییه‌ک وه‌هابوو له پرۆسه‌ی گۆڕان و گه‌شه‌ی ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌دا.
له ساڵی 2013ـه‌وه هه‌تا ئێستا به به‌رده‌وامیی چ قسه‌م له‌سه‌ر رۆشنبیریی هه‌ست کردووه و چ نووسیویشمه، که شێواندنی ئه‌م فێنۆمێنه کاریگه‌رییه‌کی کوشنده‌ی له‌سه‌ر ژیانی تاک و کۆ ده‌بێت. رۆشنبیریی هه‌ست به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی ده‌روونناسی ئه‌مێریکیی دانیه‌ڵ گووله‌مانه، که پێشتر چه‌ندین جار ئاماژه‌م به کتێب و تێزه‌کانی داوه. له کتێبی رۆشنبیریی هه‌ستدا دانیه‌ڵ گووله‌مان ئاماژه به‌وه ده‌دات، چه‌ند گرنگه له پێشینه‌ی منداڵییدا، دایک و باوک گرنگی به ژیرکردنه‌وه و ئارامکردنه‌وه‌ی ساواکانیان بده‌ن له‌کاتی گریان و تووڕه‌بووندا.
دانیه‌ڵ ده‌نووسێت: کاتێک ساوا ده‌گری و دایک یان دایه‌ن ده‌یکاته باوه‌شی و ژیری ده‌کاته‌وه، ئه‌وا ساواکه ئارام ده‌بێت. ساوا له ته‌مه‌نیی ده بۆ هه‌ژده مانگیی له فرۆنتاڵ لاپندا دوگمه‌یه‌ک بۆ کوژاندنه‌وه و داگیرساندن به‌رهه‌مدێنێت (تێبینی: ئه‌م دووگمه‌یه له گه‌شه‌دایه و ته‌واو نه‌بووه). ئه‌م دوگمه‌یه له فرۆنتاڵ لاپندا په‌یوه‌ندیی به سه‌نته‌ری هه‌سته‌کانه‌وه له سیستمی لیمبیشدا هه‌یه. ئه‌مه‌ش به واتای هه‌ر هه‌ستێک له سه‌نته‌ری هه‌سته‌کانه‌وه ده‌گات به فرۆنتاڵ لاپن، ئه‌وا له رێگه‌ی ئه‌و دوگمه‌یه‌وه رێگه‌ی پێده‌درێت، که تێپه‌ڕێت، له‌وێشه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ توێکڵه‌کانی مۆتۆر و له‌وێشه‌وه بۆ زێنزۆرمۆتۆر و ئیدی ده‌بێت به کردار.
ساوا به ئارامکردنه‌وه و به ژیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه‌ی باش فێرده‌بێت، که ئه‌م دوگمه‌یه به‌کاربهێنێت، که له ئاینده‌دا خۆی به‌کاریبهێنێت (تێبینی: ئه‌م دوگمه‌یه له ته‌مه‌نی سێ ساڵییدا ته‌واو ده‌بێت). له‌دوای سێ ساڵییه‌وه منداڵ به‌رده‌وام مه‌شق به‌م دوگمه‌یه ده‌کات و کۆنترۆڵی هه‌سته‌کانی ده‌کات. ئیدی له ته‌مه‌نی گه‌ییووییدا نه له کاتی تووڕه‌بوونیدا په‌لاماری که‌س ده‌دات، نه که‌س ده‌کوژێت، نه زیان ده‌خاته‌وه. بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که تۆ له منداڵییتدا دایک و باوکت به ئۆتۆمۆبێل لێتده‌خوڕن بۆ قوتابخانه و یانه‌ی وه‌رزش و زۆر شوێنی دیكه. لێ له ته‌مه‌نێکی گه‌ییوودا خۆت فێری لێخوڕین ده‌بیت و ئاوتۆمۆبیلێک ده‌کڕیت و خۆت لێده‌خوڕیت، ئه‌مه‌ش سه‌ربه‌خۆت ده‌کات.
له کتێبی رۆشنبیریی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، دانیه‌ڵ گووله‌مان ئاماژه به نموونه‌یه‌ک ده‌دات، که له باخچه‌یه‌کی ساوایانی تێکساسدا روویداوه، دایه‌نێک داوا له کچێکی شه‌ش ساڵانه ده‌کات، بووکه‌ڵه و یارییه‌کانی دابنێت، چونکه ئێستا شتێکی دیكه ده‌که‌ن. کچه شه‌ش ساڵانه‌که به قسه‌ی ناکات و تووڕه‌بوونێک تووڕه ده‌بێت، که هه‌رچی کورسی و مێزی ئه‌و ناوه‌یه ده‌یشکێنێت. له کتێبی رۆشنبیریی هه‌ستدا، باس له نموونه‌یه‌کی دیكه ده‌کات، که له شاری نیویۆرک سواری تاکسییه‌ک بووه. کاتێک تاکسییه‌که ده‌گاته شوێنێک، ده‌بینێت کوڕێکی گه‌نج به جاده‌که‌دا ده‌په‌ڕێته‌وه، لێ شۆفێره‌که پێی‌خۆش نییه بۆ ئه‌م کوڕه گه‌نجه ستۆپ بکات، هه‌ر بۆیه به‌رده‌وام لێده‌خوڕێت، لێ کاتێک له گه‌نجه‌که زۆر نزیک ده‌بێته‌وه، ئه‌وا ناچار ده‌بێت سووکه ئیستۆپێک بکات، گه‌نجه‌که خێرا دێته دواوه‌وه و هه‌ر چه‌ند سانتیمه‌رێکی ده‌مێنێت، که ببێت به‌ژێره‌وه. شۆفێره‌که په‌نجه‌ره‌که‌ی ده‌کاته‌وه و تێر جنێو به گه‌نجه‌که ده‌دات و لێده‌خوڕێت. له رێگه‌دا شۆفێره‌که به دانیه‌ڵ گووله‌مان ده‌ڵێ، که مرۆڤ نابێت هه‌موو شت په‌سه‌ند بکات (قبوڵ بکات). ئه‌مانه ئه‌و نموونانه‌ن، که هه‌موو هه‌ستێکی تووڕه به‌بێ پاسپۆرت به فرۆنتاڵ لاپندا تێده‌په‌ڕێن و ده‌بن به کردار. ئه‌مه به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌کردنێکی هه‌ڵه‌یه و خه‌تاکاری یه‌که‌م و دواهه‌م دایک و باوکه، پاشان دایه‌ن، ئه‌گه‌ر منداڵه‌که له سه‌ره‌تای سێ ساڵی یه‌که‌مییدا خرابێته دایه‌نگا.
دانیه‌ڵ گووله‌مان نموونه‌یه‌کی دیكه‌ی تووڕه‌بوون له لاپه‌ڕه په‌نجا و سێی کتێبی رۆشنبیریی هه‌ستدا باس ده‌کات، ئه‌ویش خوێندکارێکی زیره‌ک و بلیمه‌تی قۆناغی ئاماده‌ییه به ناوی جه‌یسۆن ئێچ (ئێچ، ئاماژه‌یه بۆ پیتی ها). جه‌یسۆن له هه‌موو وانه‌کاندا خاوه‌نی نمره‌ی یه‌که، که ده‌کاته (100)ی ئێمه. لێ له وانه‌ی فیزیکدا دوو دێنێت، که ده‌کاته نزیکه‌ی نه‌وه‌ت. مامۆستاکه‌ی جه‌یسۆن ناوی ده‌یڤید پۆلۆگروتۆیه. جه‌یمس ده‌یه‌وێت دوای ئاماده‌یی له زانکۆی هاڤارد مێدیسین بخوێنێت، هه‌ر بۆیه ئه‌م نمره‌ی دووه له فیزیکدا به مه‌ترسیی بۆسه‌ر ئاینده‌ی ده‌زانێت، جه‌یسۆن داوا له مامۆستاکه‌ی ده‌کات، که دووه‌که‌ی بۆ بکات به یه‌ک، به‌ڵام مامۆستاکه‌ی په‌سه‌ندی ناکات. بۆ رۆژی دواتر جه‌یمس چه‌قۆیه‌کی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت و له‌ناو قوتابخانه‌دا ده‌یچه‌قێنێت له‌سه‌ر سنگی مامۆستاکه‌ی. من ئه‌م نموونانه‌م لێره‌دا بۆیه به نموونه هێنانه‌یه‌وه، هه‌تا ئاماژه به‌وه بده‌م، که په‌روه‌رده هۆکاری گه‌وره‌ی لێکه‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژییه، هه‌ر بۆیه قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌ک به‌س نییه بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی، به‌ڵکو حکومه‌ت ده‌بێت پلانێکی گه‌وره‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌بێت بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه. بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م پلانه‌ش پێویسته رێگه و رێکاری پێویست بگرێته‌به‌ر. پێویسته به یاسا ئه‌م پلانه پراکتیزه بکات، چونکه ته‌نیا به‌و شێوه‌یه ده‌توانین ئاینده‌مان رزگاربکه‌ین.
له به‌شێکی گه‌وره‌ی خێزانه کوردییه‌کاندا دایک و باوک و خوشک و برا مۆبی منداڵی خۆیان و خوشک و برای خۆیان ده‌که‌ن. کاتێک منداڵێکی ساوا تووڕه‌یه، یان ده‌گریی به‌هۆی هه‌ر هۆکارێکه‌وه بێت، ئه‌وا له‌بری ئارامکردنه‌وه و ژیرکردنه‌وه زیاتر منداڵه‌که تووڕه ده‌که‌ن و نائارام ده‌که‌ن. ساده‌تریین نموونه ئه‌وه‌یه، که کاتێک دایک و باوک سه‌رنج ده‌ده‌ن، که منداڵه‌که نائارامه و خه‌ریکه ده‌گری، ئه‌وا پێیده‌ڵێن، ئه‌ها ئێستا ده‌ستده‌که‌یت به گریان گرینۆک. لێره‌وه ئه‌م منداڵه له سه‌ره‌تاوه فێرنابێت و فێرنه‌کراوه، که کۆنترۆڵی تووڕه‌یی و خه‌مباریی بکات، هه‌ربۆیه له ئاینده‌دا له ته‌مه‌نی گه‌ییووییشدا ئه‌م که‌سه ناتوانێت کۆنترۆڵی تووڕه‌یی و خه‌مباریی خۆی بکات، که دواجار کوشتنی لێده‌که‌وێته‌وه.
له کورته‌ی ئه‌م باسه‌دا ماوه‌ته‌وه بڵێم، ده‌شێت ئێمه خه‌تابار نه‌بین له‌و زیانانه‌ی پێمانکه‌وتووه، به‌ڵام ئێمه خۆمان به‌رپرسین له‌و هه‌ستانه‌ی به‌هۆی خه‌تاکارانه‌وه تووشمان ده‌بێت، ئێمه خۆمان به‌رپرسین له ژیانمان نه‌ک خه‌ڵکانی دیكه. ده‌شێت ئێستا که‌سێک به قه‌ست جامی ئۆتۆمۆبێله‌که‌ت بشکێنێت. ئه‌و که‌سه خه‌تاباره له‌و زیانه‌ی، که پێتده‌که‌وێت، لێ تۆ خۆت به‌رپرسیت له کاردانه‌وه‌ت، به‌رپرسیت له تووڕه‌بوونت.