جەنگی روسیا سیستەمی جیهانی پەکخستووە 

Kurd24

 جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، بۆتە هۆی سەرەکی وەستاندن و پەکخستنی سیستەمی نوێی جیهان، سیستەمی نوێی جیهان، دوای روخانی سۆڤیەت و نەمانی جەنگی سارد هاتە ئاراوە، ئەم سیستەمە داڕشتنەوەی نەخشەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئەوروپایە لە سەرانسەری جیهان، جۆرێک لە هەناسەیەکی ئازادانەی تێدابوو، بۆ زۆرێک لەو میللەتانەی کە پێشتر نەیاندەتوانی یان هیچ دەریچەیەکی نێودەوڵەتیان بۆ بەرگری کردن لە مافەکانیان نەبوو، ئێمەی کورد یەک لەو میللەتانە بووین، چونکە بنەماکانی ئەو سیستەمە، دیموکراسی و بەرگری کردن لە مافەکانی و مرۆڤ و بازاڕی ئازاد بوون، بەڵام ئەم جەنگەی روسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، ئەمریکا و ئەوروپای ناچارکردووە، چیتر نەتوانن کاربەو پرەنسیپانە بکەن، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە جیهان.

هەرچەندە ئەوان واز لە بەها دیموکراسییەکانیان ناهێنن لە ناوخۆیاندا، بەڵام لە دەرەوەی وڵاتەکانیان وەک پێشتر گرنگی بەو بەهایانە نادەن، چاو لە ئاست پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ دەنوقێنن، وەک چۆن ئێستا دەبینین دوای ئەم جەنگەی روسیا، ئەمریکا ناچارە لەگەڵ جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد کوڕی سەلمان ئاشت ببێتەوە، لە دوای تۆمەتبارکردنی بە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی، ئەمە سێ ساڵە کۆشکی سپی مامەڵە لەگەڵ محمەد کوڕی سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە ناکات، ئەم جەنگە وای لە ئەمریکا و ئەورپا کردووە، وازلەم هەنگاوەیان دژی ئەو وڵاتە بێنن، کە هەنگاوێگی زۆر گرنگە، بۆئەوەی هیچ دەسەڵاتدارێکی تر بیر لە کارێکی وانەکاتەوە.

پێش روخانی سۆڤیەت بەهۆی کێبەرکێی نێوانیان، ئەمریکاو رۆژئاوا ناچاربوون، پاڵپشتی لە حکومەتە دیکتاتۆریەکان بکەن، بۆ ئەوەی نەچنە باوەشی سۆڤیەت، ئەوانیش بە بێ هیچ رێگرێیەک، هاووڵاتیانی خۆیان دەکوشت و مافەکانیان پێشێل دەکردن، بۆیە رژێمێکی وەک سەددام لە عیراق بەبێ هیچ ترس و سلمینەوەیەک کورد و شیعەی لەناو دەبرد، بەڵام دوای نەمانی سۆڤیەت و جەنگی سارد، هیچ وڵاتێک نەیدەتوانی بە ئاشکرا مافی مرۆڤ پێشێل بکات، زۆر لە دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانیش روخان و لە ناو چوون، ئەگەر لەسەردمی شەڕی کۆسۆڤۆدا روسیا وەک ئێستا بەهێزبایە، هیچ کاتێک میلۆسۆڤیچی دیکتاتۆر لە دادگای لاهای نەدەبوو.

هەستانەوەی روسیا و بردنەوەی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا، مانای زیندووبوونەوەی دەستهەڵاتە دیکتاۆریەکان وپاشەکشەکردنی مافی مرۆڤ و دیموکراسیە لە سەرانسەری جیهان، مێژوو رۆشنبیری رووسیا خالیە لە هەموو بەهایەکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، تەنانەت سەردەمە کۆمەنیستیەکەی رەشترین و فاشی ترین سەردەمیەتی، دەسەڵات لەو وڵاتە بەردەوامییەکی فاشیانەیە، هەروەها بەرگری کارێکی سەختیشە لەهەموو دەستهەڵاتە دیکتاتۆری وفاشیەکان، بۆیە زۆر گرنگە، بۆ گەلانی وەک ئێمە روسیا سەرنەکەوێت، چونکە کێشەی ئێمە وابەستەی گەشەکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤە، هەرکاتێک ئەمریکا و ئەوروپا، واز لەو بەهایانە بێنن لە دەرەوەی سنوورەکانیان، مەترسی جیددی لە سەر کۆی پرسی کورد دروست دەبێت، ئەم جەنگەی روسیا یەک لەو هۆکارانەیە وا لە رۆژئاوا بکات، چیتر کاربەم پرەنسیپانە نەکەن و پەرە بە تێڕوانینی ئەمنی بۆکێشەکان بدەن. 

دروست بوونی هاوپەیمانی عەرەبی ئیسڕائیلی بە سەرپەرشتی ئەمریکا لەم مانگەدا لە عەرەبستانی سعودییە بۆ بەرنگاربوونەوەی  ئێران، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. هێشتا ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم دۆخەدا تێپەڕنەبووە، دەبینین چۆن لق و پۆپەکانی سیستەمی جیهانی نوێ دەکەونە ژێرپێ، دوو لە وڵاتانی هەرە دیموکراسی ئەوروپا، لە ژێر هەڕەشەو مەترسیەکانی روسیا، ناچارن واز لە هەندێک بەهاکانی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ بێنن، بۆیە ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بکێشت، وێڕای مەترسیەکانی وەک برسیەتی جیهانی و هەڕەشەکانی جەنگی ئەتۆمی، هەموو کێشەکان سیفەتی ئەمنی وەردەگرن، بەمەش زەرەر مەندی یەکەم نەتەوەکانی وەک ئێمە دەبن.