هه‌ستی به‌رپرسیارێتیی

له ئێستادا کار گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی، که بڵێین، چالاکوانه ئیسلامییه‌کان، کچانی مۆدێل، به‌شێک له سیاسییه‌کان، به‌شێک له رۆژنامه‌نووسان، به‌شێک له نووسه‌ران، به‌شێک له رۆشنبیران، به‌شێک له ئهکادێمیستان و ته‌نانه‌ت به‌شێک له هاووڵاتییان هه‌موو پێکه‌وه هیچ جیاوازییه‌کیان نییه. هه‌موو ئه‌مانه خاوه‌نی زۆرینه‌ی خاڵ و بیر و هه‌ستی هاوبه‌شن، به‌تایبه‌ت له سووکایه‌تییکردن به کورد و کوردستان و کوردبوون. ئه‌گه‌ر پێویست بکات ناو بنووسیین، ئه‌وا لیستی ناوه‌کان هێنده‌ی سه‌ره‌ی به‌نزین و غاز درێژ ده‌بن.
له مێژووی ئێمه‌دا سووکایه‌تییکردن به کورد و کوردستان و مێژووه‌که‌ی، هه‌میشه پیشه‌ی دوژمنان بووه. ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌م به‌شه‌ی کورد، که له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا به کوردی ده‌که‌ن، هه‌رگیز دوژمن نه‌یکردووه. له دیداره‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیران، به‌ڕێز مه‌سرور بارزانیی له‌گه‌ڵ میدیاکاراندا، کاک به‌رهه‌م عه‌لی ئاماژه‌ی به خاڵێکی گرنگ دا، که ئه‌ویش پاراستنی زمانی کوردیی بوو. کاک به‌رهه‌م عه‌لی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، که بۆ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌چیت، ده‌بێت یان به عه‌ره‌بیی یان به ئینگلیزیی قسه بکه‌یت، هه‌ر بۆیه داوای له سه‌رۆک وه‌زیران کرد به‌ته‌نگ ئه‌م کێشه‌یه‌وه بێت.
جیاوازیی نێوان کاک به‌رهه‌م عه‌لی و ئه‌م به‌شه‌ی کورد، که قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین، له‌وه‌دایه، که کاک به‌رهه‌م له خه‌می کورد و کوردستان و زمانی کوردییدایه، لێ ئه‌وانی تر خاوه‌نی هیچ هه‌ستێکی به‌رپرسیارێتیی نین و نه‌ک به چاوێکی سووک ته‌ماشای کورد و کوردستان ده‌که‌ن، به‌ڵکوو به چاوێکی سووک ته‌ماشای خۆیانیش ده‌که‌ن، چونکه کوردن. ئه‌م هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانینه دوژمنێکی هه‌میشه ئاماده‌یه له‌ناو به‌شێکی ئێمه‌دا.
ئه‌م نه‌فره‌ته به‌رهه‌می شکاندنی تاکی کورده. له سه‌د ساڵی رابوورددا، تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا به هه‌موو جۆره تووندوتیژییه‌ک به‌ره‌وڕووی کورد بوونه‌وه بۆ شکاندنیان. ئه‌مانه توانیان قه‌لاچۆی کورد بکه‌ن، لێ هه‌رگیز نه‌یانتوانی رۆحی کورد بشکێنن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچی کورد له باشووردا له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه، دوور له دوژمن رۆحی شکا؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره لێره‌دا به کورته وتارێک نادرێته‌وه، به‌ڵکوو پێویستی به توێژینه‌وه‌ی ده‌روونناسییانه‌یه. لێ ده‌شێت له وتارێکی کورتی وه‌هادا، بگه‌ین به سه‌ره داوێک.
لێره‌دا بۆ پرسێکی هاوشێوه له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابوورددا، له پۆڵۆنیا کازیمیرز دابرۆڤسکی ده‌روونناس له خه‌می ئازار و شکاندنی رۆحی پۆڵۆنییهکاندا بوو له‌سه‌ر ده‌ستی نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا. دابرۆڤسکی له توێژینه‌وه‌که‌یدا تووشی شۆک ده‌بێت، چونکه ئه‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕێی ده‌کرد، پێچه‌وانه‌که‌ی بینی. ئه‌ویش ئه‌وه بوو، که پۆڵۆنییه‌کان به‌وپه‌ڕی هێز و ویست و هه‌ستی به‌رپرسیارێتییه‌وه به‌ره‌وڕووی ژیانی رۆژانه ده‌بوونه‌وه و له خه‌می بوژاندنه‌وه و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پۆڵۆنیادا بوون.
هاووڵاتییان ده‌یانگووت، که سووپاسگوزارن، که هیتله‌ر پۆڵۆنیای داگیرکرد، چونکه ئه‌وان پێش داگیرکردنی پۆڵۆنیا، خه‌ڵکانێکی په‌رتوبڵاو و ته‌مبه‌ڵ بوون و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رپرسیارێتییان نه‌ده‌گرته ئه‌ستۆی خۆیان و خاک و نیشتیمانی خۆیان به‌لاوه هیچ گرنگ نه‌بووه.
ئیمڕۆ پۆڵۆنییهک له‌به‌ر بێ کاریی دێته ئه‌ڵمانیا کاتژمێری به پێنج ئۆیرۆ کار ده‌کات، لێ ده‌نكێ زیخی خاکه‌که‌ی خۆی به هه‌مو ئه‌ڵمانیا ناگۆڕێته‌وه.
ئێستا گه‌یشتووین به‌و سه‌ره داوه‌ی، که پێشتر ئاماژه‌م پێ دا. ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر ئێمه هاوپرسییهک له‌و باره‌یه‌وه بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینه خاوه‌نی ئه‌نجامێکی پێچه‌وانه‌ی پۆڵۆنییه‌کان.
تاکی کورد هێنده شکاوه، که ئیدێنتیتێتی خۆی وه‌ک کورد به گه‌وره‌تریین هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ژیانی ده‌زانێت. تاکی کورد چه‌ند باوه‌ڕی به‌وه بێت، که ئیدێنتیتێتی وه‌ک کورد هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ژیانی، هێنده تووندوتیژتر و سه‌ختر هه‌م لێی دوورده‌که‌وێته‌وه و هه‌میش دژی ده‌جه‌نگێت.