فیاسکۆکانی هاوڕه‌گه‌زخوازانی کورد

Kurd24

یه‌کێک له به‌خته‌وه‌رییه‌کانی ژیان لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که سیستێمی گه‌ردوون هه‌میشه ڕوو له پێشه و گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه. به واتایه‌کی دی، گۆڕان زوو بێت یان دره‌نگ بوونی هه‌ر ده‌بێت. هه‌ر کاتێک کات کاتی گۆڕان بوو، پێویسته گۆڕان ڕووبدات، لێ بۆ سه‌ره‌تای هه‌موو گۆڕانێکی گه‌وره، سه‌ره‌تا نیشانێک هه‌یه، ده‌شێت گوڵه نێرگز له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا وه‌ک یه‌که‌میین نیشانه‌ی هاتنی به‌هار بناسێنرێت، لێ به دڵنیایی چه‌ندیین نموونه‌ی تر هه‌ن، که پێش ده‌رکه‌وتنی نێرگز بوونیان هه‌یه، بۆ نموونه ئێرانتیس Erantis، گوڵێکی زه‌ردی بچکۆلانه‌یه، که نزیکه‌ی مانگێک پێش ده‌رکه‌وتنی نێرگز ده‌رده‌که‌وێت. به‌داخه‌وه من ناوی ئه‌م گوڵه به کوردیی نازانم چییه، لێ ناوه زانستییه‌که‌ی ئێرانتیسه. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه خاوه‌نی چه‌ندیین ئێرانتیسن، لێ چاوه‌کان به‌رده‌وام له‌سه‌ر نێرگزن. فاکتۆر زۆرن له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێک گۆڕان له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، لێ دیسان چاوه‌کان به‌رده‌وام وه‌هان له‌سه‌ر سیاسه‌ت و شێوازی سیستێم و فه‌رمانڕه‌وایی له باشووری کوردستان دا.

هیچ کاتێک وێنه‌ی ئێستا به کراوه‌یی نه قسه له‌سه‌ر سێکس کراوه و نه به کراوه‌ییش قسه له‌سه‌ر هاوڕه‌گه‌زخوازیی کراوه. ئه‌و کورده هاوڕه‌گه‌زخوازانه‌ی که دانیشتووی وڵاتانی ئه‌وروپان، به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا پۆلێنکراون. به‌ره‌یه‌کیان خاوه‌نی جیهانبینییه‌کی خودکوژن و به‌ره‌که‌ی تریان تێکۆشان بۆ مافی هاوڕه‌گه‌زخوازیی به تێکۆشانێکی کوردانه ده‌زانن، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی خودکوژییه‌کی شاردراوه‌ن. هیچ کاتێک وێنه‌ی ئێستا هاوڕه‌گه‌زخوازێک به شانازیی و شکۆوه له ڵایڤ ڤیدیۆیه‌کدا به شانازییه‌وه خۆی ده‌رنه‌خستووه، خۆی ڕووت نه‌کردۆته‌وه، لێ به‌رده‌وام به هه‌ستێکی خودکوژی شاردراوه‌وه. هه‌ردوو پۆلێنی ئه‌م به‌ره‌یه له پۆلێنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، بۆ دیاگنۆزه‌کردنی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان ICD-11 ده‌چنه گرووپی چواره‌م له شێواندنه نۆیرۆزه‌کان و گرووپی شه‌ش له شێواندنه که‌سایه‌تییه‌کاندا. بۆ ئاگاداریی من لێره‌دا ئاماژه به هاوڕه‌گه‌زخوازیی وه‌ک نه‌خۆشیی ده‌روونیی ناده‌م، به‌ڵکوو من لێره‌دا سه‌رنجم له‌لای که‌ڕاکته‌ری تاکه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که هه‌تا ئێستاش له چه‌ندیین وڵاتانی جیهاندا به هۆی کولتووری وڵاته‌کانه‌وه، هاوڕه‌گه‌زبازیی وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونیی ته‌ماشا ده‌کرێت. من سه‌رنجم له‌لای که‌ڕاکته‌ری تاکه، چونکه شێواندنی که‌ڕاکته‌ری ئه‌م تاکانه له چه‌ندیین سیمپتۆمی ئاشکرادا ئاسان ده‌ناسرێته‌وه.

چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر، فه‌رهاد پیرباڵ گووتی، فێمێنیستانی کورد یان حیزن یان بێوه‌ژن. ئه‌م قسه‌یه تێڕامان زۆر هه‌ڵده‌گرێت. بۆچیی؟ وه‌ڵام. چونکه پرسیار له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی فێمێنیستی کورد قووت ده‌کاته‌وه. کێن ئه‌وانه‌ی، که فێمێنیستن؟ دیسان ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که من خودی خۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به چاوێکی که‌م ته‌ماشای ژن ناکه‌م، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ژیانی سێکسوالی خۆی چلۆن ده‌ژیی. فێمێنیسته‌کانی کورد، له‌بری گه‌یه‌کانی کوردیش قسه ده‌که‌ن و پارێزگارییان ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان خۆیان توانای به‌رگرییکردنیان له‌ خۆیان نه‌بێت. ئیمڕۆ هه‌موو لێسبێک ئاوتۆماتیکانه خۆی به فێمێنیست ده‌زانێت. له‌کاتێکدا لێسب بوون بوونه، نه‌ک بوون به. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که تاک وه‌ک لێسب له‌دایک بووه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاره‌زووه سێکسییه‌کانی لای ڕه‌گه‌زه‌که‌ی تر نییه، به‌ڵکوو لای ڕه‌گه‌زه‌که‌ی خۆیه‌تی. هه‌ندێک لێسبی تر، ده‌شێت له سه‌ره‌تاوه‌ نه‌یانویستبێت بوونی خۆیان وه‌ک ئه‌وه‌ی، که هه‌ن په‌سه‌ند بکه‌ن، به‌ڵکوو هه‌وڵیان داوه ببن به. بۆ نموونه ببن به هاووڵاتییه‌کی نۆرماڵ. ئه‌مانه شوو ده‌که‌ن و منداڵ ده‌خه‌نه‌وه، لێ دواجار هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕێگای ژیانی خۆیان بۆ خودی خۆیان، که ئه‌ویش ژیانێکه وه‌ک لێسب. ئه‌وروپا پڕه له‌م جۆرانه. هه‌مانکات بۆ خه‌ڵکانی گه‌ی هه‌مانشێوه‌یه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که به‌شێکی گه‌وره‌ی لێسب و گه‌ی، لانیکه‌م له ئه‌وروپا هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه بڕیاری خۆیان داوه، که وه‌ک لێسب بژین نه‌ک وه‌ک خه‌ڵکانێکی نۆرماڵ.

له کۆتاییه‌کانی ساڵی 2004 دا له مه‌ریوان خوشک و برایه‌ک دران له سێداره، چونکه یه‌کترییان خۆشده‌ویست و سێکسوال له‌گه‌ڵ یه‌کتردا چالاک بوون. دایک و باوکی ئه‌م خوشک و برایه، خۆیان شکاتیان له منداڵه‌کانیان کرد بوو. ئه‌م هه‌واڵه زۆر دڵته‌نگیی کردم، له‌کاتێکدا نزیکتریین که‌سی خۆم، به‌وپه‌ڕی تووندڕه‌وییه‌وه پشتگیریی له‌و بڕیاره‌ی ئێران کرد و گووتی، ده‌ستیان خۆشبێت، با هه‌ڵیانبواسن هه‌تا ببن به عیبره‌ت بۆ کۆمه‌ڵگه. ئیمڕۆ دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، ئه‌م که‌سه‌ نزیکه‌ی من، که چیدی نزیکی من نییه، خۆشبه‌ختانه گۆڕاوه و بۆ مافه‌کانی هاوڕه‌گه‌زبازان تێده‌کۆشێت، لێ ئیدی نازانم هێشتا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئێران کارێکی باشی کرد، ئه‌و خوشک و برایه‌ی هه‌ڵواسی یان نه‌خێر.

تێکۆشان پێویسته هه‌میشه له‌پێناوی خودی مرۆڤ خۆیدا بێت، نه‌ک له‌پێناوی هاوڕه‌گه‌زبازیی و هه‌ر دیارده‌ و حه‌زێکی تری مرۆڤ دا. که تێکۆشان بۆ مرۆڤ بوو، ئیدی گوێ به‌وه ناده‌ین، که کێ و کێ پێویسته بپارێزرێن، به‌ڵکوو سه‌رنجی گه‌وره‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ بپارێزین. خۆشه‌ویستیی هه‌رگیز نابێت وه‌ک تاوان ته‌ماشا بکرێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که تاوانه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که له‌سه‌ر خۆشه‌ویستیی دوو مرۆڤ له سێداره بده‌یت، که له‌سه‌ر خۆشه‌ویستیی سووکایه‌تیی به مرۆڤ بکه‌یت، چونکه هاوڕه‌گه‌زه‌که‌ی خۆی خۆشده‌وێت.

له سه‌ره‌تاکانی ساڵی 2014ه‌وه به‌شێک له‌و کوردانه‌ی، که ڕوویان کرده ئه‌وروپا بوونه ئه‌ستێره‌ی سۆسیال میدیا، که یان وه‌ک هاوڕه‌گه‌زباز که‌وتنه چالاکیی و مۆرێکی فێمێنیستانه‌شیان له نێوچه‌وانی خۆیاندا، یان وه‌ک دژه ئیسلامێک، که کوردیان به گشتیی له مه‌نجه‌ڵی ئیسلامدا کوڵاند و هه‌وڵی ناساندنی کوردیان وه‌ک کۆیه‌کی پریمیتیڤی کێویی و ژن کوژ و منداڵ کوژ و هاوڕه‌گه‌زخوازکوژ دا. دژه‌کوردبوون ئیمڕۆ وه‌ک بزنزێکی لێهاتووه، هه‌ر که‌سێک هه‌ڵده‌ستێت ده‌یکات. ئه‌م پیشه‌یه نه‌ پێویستی به بڕوانامه‌ی باڵایه و نه‌ک مایه‌ی ده‌وێت. به‌ڵکوو خۆت و شانست، ده‌شێت وه‌ک سارا عومه‌ر دوو شه‌ش بێنیت و ده‌ششێت ببیته سووپه‌رستارێکی سۆسیال میدیا.

 20.07.2022