وەرچەرخان لە راهێنانی مامۆستایاندا

Kurd24

راهێنانی مامۆستایان یەکێکە لەهەرە بابەتە گرنگەکان لە پێشخستنی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری راهێنان بە گوێرەی ستراتیژ وبەرنامەیەکی دیاریکراو دەبێتە مایەی بەرەوپێشبردنی ئاست و کارامەیی مامۆستایان و لەوێشەوە بۆ قوتابیان و کۆی سیستەمی پەروەردە.

هەندێک جار بەشێوەیەکی گشتی ئەم بابەتە بۆ مامۆستا وەک ئەرکێک سەیر دەکرێت، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەکەی درووستە، راهێنان مافە بۆ مامۆستا و دەبێت بۆی دابین بکرێت. ئەم شێوازەی ئێستای وانەوتنەوە بەئەندازەیەکی زۆر رووی لە رابردووە زیاتر وەک لە داهاتوو، پێویستی بە گۆڕینە، گۆڕینێکی شێنەیی، بەڵام ڕیشەیی.

جۆری وانەوتنەوە و چەند بابەتێکی دیکە دەتوانن قوتابخانەکانمان ببەستنەوە بە دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت و کارخانە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و هتد..، ئەم هەنگاوەش بە بوونی ستراتیژێکی درووستی راهێنان دەبێت. کەموکوڕییەکانی راهێنانی مامۆستایان چی بووە لە سیستەمی پەروەردە؟ چۆن دەتوانین چاکی بکەین؟ ئێمە خەریکی چین؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە،  بەچەند خاڵێک تیشک دەخەمە سەر کرۆکی وەڵامەکان:

1- کەموکوڕی لە راهێنانی مامۆستایان ئەوەیە، گشتگیر نییە، کە راهێنان گشتگیر نەبوو، هاوبەها (مثل موحد) و دادپەروەرانەش نابێت، واتە مامۆستایانی شارە گەورەکان هەندێک جار تەنیا سەنتەری پارێزگا گەورەکان توانیویانە لە راهێنان سودمەندبن، ئەوەش ئەو ئامانجە بەدیناهێنێت، کە ئێمە دەمانەوێت، بۆیە دەبێت ئەو جۆرە لە راهێنانی سی ساڵی رابردوو پێداچوونەوەی پێدابکرێت.

2- خاڵێکی دیکەی کەموکوڕی لە راهێنانی مامۆستایان بریتییە لە پچڕپچڕی و نابەردەوامی، واتە ساڵی جارێك ئەگەر مامۆستایەک لە بابەتێک سوودمەند بێت یان نا، ئەمەش تەواو ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی راهێنان، کە بەردەوامی و جێگیرییە.

3- بەدواداچوون لەسەر بەرهەمی راهێنان یەکێکی دیکەیە لە کەموکوڕییەکانی راهێنان، له‌ مێژووی وەزارەتی پەروەردە هەوڵی زۆر بۆ راهێنانی مامۆستایان دراوە و پارەی تا ڕادەیەک باش لەم بوارە خەرجکراوە، بەڵام کەموکوڕییەک هەیە، زۆر جار چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەویش بەدواداچوونە لەسەر مامۆستا یان فەرمانبەری راهێنراو، بەرهەمی ئەو راهێنانە چی بووە؟ چۆن جێبەجێی کردووە؟ ئایا بۆ رێژەی سوودی راهێنان پێوانەی ئەندازەیی کراوە تا ئێمە بزانین بەردەوام بین یان نا، بەدڵنیایی ئەوە زۆر جێگەی بایەخ نەبووە، ئەمەش گرفتە گەورەکەیە، ئێمە راهێنان بۆ مامۆستایەک تەرخان دەکەین، کە ئەویش لە ژینگەی قوتابخانە سوودی لێوەربگرێت و پەخشی بکاتەوە و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی پەروەردە هەبێت، بەڵام دەیکات یان نا، ئەوە نەزانراوە و بەدواداچوونی لەسەر نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای متمانە بووە.

وەرچەرخانی گەورە، پرۆژەیەکی مەزن: پێنجشەممەی رابردووە (4ی ئابی 2022) لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەری گشتیی و یاریدەرانیان لە پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی مەشق و راهێنان، ستراتیژیی نوێی راهێنانی مامۆستایانمان تاووتوێکرد، ستراتیژییه‌ک لە ساڵانی ئاییندە وەرچەرخان دروست دەکات و بە شێنەیی پاش چەند ساڵێک بەرهەمەکەی هەستی پێدەکرێت. ئەویش لەسەر بنەما سەرەکییەکانی (پێویستی لە راهێنان- داپەروەری لە راهێنان- بەردەوامی لە راهێنان- بەدواداچوون بۆ ئەنجامی راهێنان)، پوختەی پرۆژەکە ئەمەیە: راهێنانی مامۆستایان پێویستی بە پێداچوونەوە و ئامادەسازکردنی مۆدێلێکی نوێ هەیە، کە تێیدا دیدێکی رۆشنی چەند ساڵەیی بە نووسراو داڕێژرابێت لەوەی ئێمە بۆ پێشخستنی کارامەییەکانی مامۆستایانمان چیمان پێویستە؟ چۆن ئەو دۆخە دەگۆڕین، شێوازەکانی وانەوتنەوە (دیداکتیک)، کارامەییە تەکنەلۆژییەکان، کارامەییە پسپۆرییەکان، بەڕێوەبردنی پۆل، مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی دەروونی قوتابیان و جیاوازییەکانیان و چەندان بابەتی گرنگی دیکە پێویستن، کە بە بەردەوامی و بە دادپەروەرانە مامۆستایان سوودیان لێوەربگرن.

دەڵێین بەردەوام، مەبەست ئەوەیە چۆن لەو پچڕپچڕییەی رابردوو دەربازبین، بۆ دانانی سیستمێکی جێگیر، کە راهێنان بە بەردەوامی هەبێت و دادپەروەربێت، واتە بۆ مامۆستایەک لە گوند و شارەدێ و شارۆچکە وەک  سەنتەری پارێزگا وابێت، لەهەمان کاتدا دەبێت بەدواداچوون بکرێت، کە ئەو راهێنانە لەلایەن مامۆستاوە چۆن جێبەجێدەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی پەروەردە بەهەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانییەوە لە پارێزگاکان بەشدارە لە دارشتنی ستراتیژیی نوێی راهێنانی مامۆستایان، هەروەها نزیکەی 600 پاڵێوراو بۆ وەزارەت دەستنیشان دەکەن، ئەو 600 پاڵێوراوە بۆ راهێنەری خولی تەواودەکەن و دەست دەکەن بەجێبەجێکردنی پرۆژەکە، ئەوان دەبنە راهێنەر بە پراکتیکی، لەلایەن پەروەردەی گشتیی پارێزگاوە بۆ هه‌ر 12 قوتابخانە راهێنەرێک دیاریدەکرێت (ئەو ژمارەیە دەکرێت کەم و زیاد بکات)،  کە کاری ئەو راهێنەرانە لەگەڵ ئەو 12 قوتابخانەیە دەبێت بە درێژایی ساڵ و هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک (هێشتا میکانیزمەکە بڕیاری لێنەدراوە) لانی کەم هەموو مامۆستایەک لەناو قوتابخانەکەی خۆی کاتژمێرێک راهێنان وەردەگرێت، (مامۆستای ڕاهێنەر) بەرامبەر راهێنانی ئەو مامۆستایانەی بۆی دیاریکراوە، بەرپرسیار دەبێت، مافی سەردانی پۆل و وەرگرتنەوەی فیدباک و چاودێری جێبەجێکردنی ستراتیژیی راهێنانی دەبێت و هەڵسەنگاندن تۆمار دەکات.

هەموو ئەو بابەتانە بە وردی بە میکانیزمی گونجاو رێکدەخرێن و لەپاڵ ئەوەشدا پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینیشمان ئامادەساز کردووە بەناوی (ئی- راهێنان)، کە گەورەترین پلاتفۆرمی دیجیتاڵی راهێنانە لە کوردستان، خولەکان ماوەیان بۆ دیاریکراوە و پاش رەزامەندی مامۆستای راهێنەر بڕوانامه‌یان پێدەدرێت. پشتیوانی تەواوی ئەو بەرنامەیە دەکەین و دڵنیام ئەم ستراتیژە وەرچەرخانێک دروست دەکات، لە ساڵانی ئایندە هەمووان لێی سوودمەند دەبن.