مۆزیکدانان

Kurd24

نوسینى: زۆزک قەرەداخى

* کاتێک باس لە مۆزیکدانان دەکەین، ئەمە بابەتێکى فرە ڕەهەندە و بە تەنها چەند دێڕێک لایانە جیاوازەکانى تاووتوێ ناکرێت، چون چەندین جۆر و ستایڵ لە مۆزیکدانان هەر لە چاخەکانی ناوەڕاست، ڕێنیسانس، بارۆک، کلاسیک، ڕۆمانتیکەوە سەریان هەڵداوە و تا ئێستا بە چەندین گۆڕانکارى و داهێنانەوە کاری لەسەر دەکرێت، کە هەریەکەیان بۆ خۆى دنیایەکى بەرفراوانە و هەر چاخە توێژینەوە و شیکاریى بەرفراوانی پێویستە.

* ئەوەى من لەسەرى ئەدوێم و دەکۆڵمەوە پەیوەندیدارە بە کوردستانى باشوور یان با بڵێین کوردستانى عێراق- هەرێمی کوردستان، هەرچی بەشەکانی دیکەی کوردستانە گرفت گەلی هاوشێوە و دیکەیان هەیە، ڕەنگە ئێمە لە کوردستانى باشوور  گرفتەکانى مۆزیکدانەرێکى کوردستانى ڕۆژئاوا نەزانین لەچیەوە سەرچاوەى گرتووە، بۆیە من بە باشى دەزانم لێکۆڵینەوەکەم تایبەتمەندتر بکەم بەم ناوچەیەى کە خودى خۆم تیایدا ژیان دەکەم، ڕەنگە ئەوەى لەسەرەتا و کۆتایى لەسەرى دەدوێین زۆرێک گرفتى هاوبەش بن لە نێوان کورد و نەتەوەکانى دیکەى دراوسێمان لە (فارس، عەرەب، تورک و ... )بەڵام هەر نەتەوەیە لە خەمی هونەر و کولتووری خۆیدا دەکۆشێت و هه‌وڵی گەشەپێدانی دەدات.

* شایەنى باسە ئەم هزر و لێکۆڵینەوەیەى خستومەتەڕوو تیۆرێکى ستاندار و بابەتێکى چەق بەستوو نیە و دەکرێت هەر مۆزیکارێکی دیکەى کوردستان هزر و زادەى تایبەتى خۆیانى لەسەر بنووسن، چونکە من باسم لە تیۆر و بنەماکانى مۆزیکدانان نەکردووە و زیاتر بابەتەکە ئاراستەى (هزر، لێکۆڵینەوە، دراماتیکى و فەلسەفى ) لەخۆدەگرێت، پەیوەندیدارە بە ئەزموونى تایبەتى و بەجۆرێک خستومەتەڕوو کە خوێنەر و ئارەزوومەندیش بەڕوونی لە بابەتەکە تێبگەن.

* لە بوارى مۆزیکدانان گەر بە شێوازە جیهانیەکەى سەیر بکەین کاتێک باس لە قوتابخانەیەکى ئەوروپى دەکەین، کە بۆ نموونە لە چاخی کلاسیکدا و لەسەر دەستى کەسانى وەک مۆزارت، هایدن و بێتهۆڤن دروست بوون چەندین قۆناغى لەپێشینەیان بڕیووە، ئێمە لەو لایەنەدا دەکەوینە قۆناغى پێش لە پێشینەکانى کلاسیکیشەوە، چونکە تا ئێستا ئێمە لە ماناى گرنگى مۆزیک و جۆرەکانى تێناگەین، کاتێک مۆزارت داهێنانی کردووە باخ و هاندڵ لە بارۆکدا هەبوون و زانیوێتی چی بکات، کاتێک هاندڵ و باخ داهێنانیان کردووە لە ڕێنیسانسدا پۆرسێڵ و تۆماس تالیس کاریان كردووه‌ ، دوای بێتهۆڤن شۆبێرت، فرانس لیست، چایکۆڤسکی، دیبۆسی و ئەوانیدی پیشینەیان هەبووە، بەڵام ئێمە لە مۆزیکداناندا جگە لەم سەردەمەی تێیدا ئەژین هیچ ڕێبازێکی پیشینەمان نەبووە، تا دڵنیابین لە پۆلێنی داهێنان و کاریگەرییەکانمان.

* بۆیە ئەم بابەتە خۆى لە چەندین پرسیاردا دەبینێتەوە، بەندە چوار لەوانەم خستووه‌تەڕوو:

1. مۆزیکدانان و فۆرمى مۆزیکى کوردى بوونى هەیە؟

ئەوەى کە وەک مۆزیکارێکی کورد و هەر نەتەوەیەکى دیکە مۆزیک بنووسێت بەردەوامى هەبێت بێگومان دەگاتە ئاستێک و خاوەنی ڕێچکەیەکی دیار و کاریگەر، بە مەرجێک خاوەن ڕوشنبیریی و سەلیقە و پڕ بەهرەبێت، نەک وەک ئەوەی دەیان کەس تەنها دەڵێن پەیمانگە یان کۆلێجمان تەواو كردووه‌ و بووین بە هونەرمەند، ئەوەی مۆزیکدانەرێکی داهێنەرە یان لایەنیکەم بەرهەمی جوان و دڵنشین دەسازێنێت مەرج نیە بە فۆرمێکی دیاریی کراو و بەکارهاتوو و دەستنیشانکراو مۆزیک بنوسێتەوە، وەک فۆرمەکانی مۆزیکدانان (کۆنسێرتۆ، سۆناتە، سیمفۆنى، سویت و ...)چون گەر مۆزیکدانەرەکە بێ سەلیقە بوو لە بەکارهێنانى فۆرمى وێنا کراویشدا، دەیان بیرۆکەشی لەبەردەستدا بێت و لە بواری مۆزیکیشدا خوێندنی تەواو کردبێت نازانێت چی ئەنجام بدات و یاخود ئەوەی ئەنجامی دەدات گشتییە و ئەوە دەکات کە هەموو کەسێک کاری لەسەر دەکاتەوە.

2. ئایا مۆزیکى زانستى بە چ جۆر و شێوازێک دەوترێت؟

گەر ڕێساکانى مۆزیکدانان لەخۆ بگرێت بە شێوەیەکى گشتى (فۆرم، هارمۆنى، ئۆرکیسترایشن، ئامێرەکان، کاونتەرپۆینت و .... ) یاخود مۆزیکێک ئۆنیسیسۆنێکى بێ گۆڕانکارى بێت خۆرهەڵاتى بێت یان بە ئامێرى فۆلکلۆریش بژەنرێت ڕیزبەندى نێوان ئاواز و بەشەکان، لە هەمانکاتدا شێوەى ژەنین و تواناى ژەنیارەکە دانراوەکە دەکاتە بەرهەمێکى زانستى، ڕۆحى ژەنین و سەلیقە و بەهرەى مۆزیکدانانیش لە پێش ئەو ڕێسا و بنەمایانەوە ڕۆڵى خۆى دەگێڕێت، لە نێو نەتەوە بچووک و تازە پێگەییشتووەکانی خوێندنى هونەردا ئەم لایەنە ڕۆحى و چێژە پشتگوێ دەخرێت، جارێ بیر لە خۆسەپاندن و ئیرەیی دەکەینەوە، بیرمان نەچێت مۆزیک هەمیشە بریتى نیە لە پێشاندانى تواناى تیۆرى و هارمۆنى، خودى ئەو مۆزیکدانەرە پێویستە چێژ و داهێنان بۆ جەماوەر دەستە بەر بکات، چۆن؟ هەنگاوەکانی داهێنان فرە نزیک نەبێت و فرە دوور نەبێت، بە مەبەستی گەشەپێدانی ئاستی بیستنی جەماوەر کار بکات، جەماوەر بە گوزارشتێکی هونەریی بەرز و داهێنانەوە بخاتە بیرکردنەوە، یاخود ئەوەندە بە کاریگەر بێت داهێنان و هونەری جوان و تازە ببێتە باو و جێگەی خراپەکانی بووه‌تە تەمێکی فرە خراپ پڕبکاتەوە، یەکێک لە داهێنەرەکانی ئۆپێرای ئیتالی"جۆزپێ ڤێردی( 1813 - 1901 )"توانی لەرێگەی ئاوازی ئاریای نێو ئۆپێراکانیدا پیشەوەرێکی ناو بازاڕ و کۆچە و شەقامەکان کە شارەزای مۆزیک نین و ڕۆشنبیر نین ئاوازەکانی لەبەر خۆیانەوە و بەدەم کاری ڕۆژانەوە بڵێنەوە و بیر لەوە بکەنەوە بچنە نێو هۆڵی ئۆپێراوە، داهێنان و ڕۆشنبیرکردنی گوێچکەی بیسەر و نەتەوە بەو چەشنە دەبێت، دواتر هێدی هێدی دەتوانرێت هەنگاوی هاوچەرختر بنرێت، هەڵەیە تەنها بڵێین بۆ خۆمان کاردەکەین، یان بۆ ئەوانەی ئەکادیمیین و شارەزای بوارەکەن، ئەگەر جەماوەر بە ھەند وەرناگرن کەواتە فەرموون با کۆنسێرت و ئاهەنگەکانمان ھەر لە ناو ژوورێکی داخراوی پەیمانگا یان زانکۆ بکرێت بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی پسپۆڕی مۆزیک، گوێگر کەیفی خۆیەتی، یان دەڵێین با هۆڵەکە بیست گوێگری تیابێت من کۆنسێرتی خۆم دەکەم ئەو بیستە گوێگری ڕاستەقینەن، بەڵام ئەوە وتە گەلێکن، کە بەزۆر دروستی دەکەین بۆ زیادکردنی هەستی ئەرینی و هاندانی بەشداربووەکان، ئەی گەر بڕیار وابێت گوێگرەکانی دیکە ڕۆشنبیر بکەین فرە گرنگە هۆڵەکە پڕبێت لە جەماوەر و هەنگاوە تازەکان ببینن، بیانکەینە باو لە جێی مۆزیک و سترانە بێ پێزەکان، هێندێکیش دەبێژن من بۆ سەد ساڵ دوای خۆم کاری هونەریی دەکەم، لە ئێستادا پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان فرە لەوە خیراترن کە ئێمە بیریان لێدەکەینەوە، لەبەر ئەوە سەد ساڵ دواتر پێشینەکی نەماوە، گرنگ ئەمڕۆیە، بیر لە هەنگاوی ئێستامان بکەینەوە سەد ساڵی دیکە هەنگاوەکانی ئێستامان دەستنیشانی دەکات، لەبیریشمان نەچێت کات و شوێن بۆ مۆزیک و ستران گرنگترین پێوەرە بۆ دەستنیشان کردنی ڕادەی داهێنان و ئەفراندن.

3. ئەوەى لە ئەکادیمیا مۆزیکدانانى خوێندووە ئەوە دەبێتە مۆزیکدانەر، یاخود ئەوەى سیمفۆنى دەنووسێت دەبێت کۆلێج و پەیمانگە و خوێندنى باڵاى لەو بوارەدا تەواو کردبێت ؟

مەرج نیە چون بنەما تیۆرییەکان و زانستى مۆزیکدانان پەڕاوى نوسراو و شیکاریى مۆزیکدانەرانى لە پێشینەن و پەسەند کراون و بوونەتە باو، یاخود تاقیکردنەوەى نوێى لەسەر دەکرێت، مەرج نیە ئەو تاقیکردنەوانە تەنها فێرخوازى کۆلێج و پەیمانگە بە ئەنجامى بگەیەنن و فێرببن، دواجار چۆنێتى سوود لێوەرگرتن دەبێتە پێوەرى سەرەکى، دەبێت مۆزیکدانەر پاش ماوەیەک لە ئەزمونکردنى بەهرە و تواناکانی بزانێت چى لەسەر ئەو پێویستیە کارى بۆ بکات؟ کام بەشەى کولتورى نەتەوەکەى بۆ دەوڵەمەند دەکرێت؟ یاخود ئەوەى ئەنجامى دەدات بە گشتى سوود و گرنگى و چێژ بە چ بەشێکى کۆمەڵگا دەگەیەنێت؟ لەسەر ئاستى جیهانى چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو بەرهەمەى دەکرێت، ئەگەر بڕەخسێت؟ چى گرنگە  لە تواناى ئەودا پیشانى بدات؟

* مۆزیکدانان وەک کارى شیعر نووسین وایە کەسێک بیەوێت ببێتە شاعیر ناتوانێت بچێتە کۆلێجى زمان و بڵێت من هاتووم ببم بە شاعیر، بەڵکو شاعیر و مۆزیکدانەر بە هەمان شێوەى یەکترى بەهرە و هەست و گوزارشتی خودى کەسەکەیە، بە خوێندن بەدەست نایەت، بەڵام ئەوەی شاعیرە یان شیعر دەنوسێت خۆ دەبێت زمانزان بێت، کولتورناس بێت خوێنەر و ڕۆشنبیر بێت، بە هەمان شێوەش زانستەکانى مۆزیکدانان بە تیۆریی و پڕاکتیکی لە کۆلێجێک دەخوێنێت، دواتر گەر پڕ بەهرە بوو سود لە تەکنیکەکانى مۆزیکدانان وەردەگرێت و دەزانێت چۆن ئیلهام و هەستی ڕێک بخات، هەندێک فێرخواز ڕەنگە ببنە مامۆستایەکى ئەو بوارە و خۆیان بە هیچ جۆرێک نەتوانن موزیک دابڕێژن، بۆنمونە مامۆستاى بەناوبانگى کۆنسەرڤاتوارى سەدەى بیستەمى پاریس"نادیە بۆلانجیە( 1887 - 1979)کە دیارترین مامۆستاى مۆزیکدانانى فەرەنسا بووە و زۆرێک لە مۆزیکدانەرانى هاوچەرخ و داهێنەری سەدەى بیستەمی سەرتاپای ئەوروپا، ئەمەریکا، ژاپۆن و ...، فێرخوازی ئەم خانمە بوون، بەڵام خودى خۆى تا نەوەد و دوو ساڵی کەمترین بەرهەمی داڕشتوە و وەک مامۆستایەکی ئەو بوارە یان ڕابەری ئۆرکێسترا ناوبانگی بەرفراوانی بڵاوبووه‌تەوە.

4. ئایا ئەو ستایل و شێوە کارکردنەى کەسێکى پسپۆڕ خوێندویەتى دەبێت سەرجەمى مۆزیکدانەرانی دیکە ئەو شێوە و ستایلە پەیڕەو بکەن؟

ئەی کەوابێت بۆ ڕەنگی جیاواز هەیە لە مۆزیکداناندا، بۆ ئامێری فرە لە سەرەتای مێژووەوە دروست بووە؟ بۆ زیاتر لە هەزاران مۆزیکدانەر کاریان كردووه‌، بۆ تەنها لە سەدە و دەیەی ڕۆمانتیکدا ژمارەیەکی فرە ڕێبازی مۆزیکدانان دروست بووە؟ هەر وەک چۆن چەند جۆرێک لە میوەمان هەیە، من ئارەزووی خواردنی ترێ دەکەم، ئەو ئارەزووی هەنار دەکات، گەر ئەو ئارەزووی ترێ خواردنی نەبوو نادروستە و پەسەند نیە؟ تەنانەت لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە چێژی مرۆڤەکان بۆ جۆرەکانی میوە دەگۆڕێت، مۆزیکدان، ستران و جۆرەکانی ئامێرەکانی مۆزیکیش بەهەمان شێوازن، مۆزیکی کلاسیک، جاز، ڕۆک، پۆپ و ... هەمان شێوەن، بەڵام دەبێت هەمویان شێوە جوانەکەی پێشکەش بکرێت، ئەوەی بەهرەمەند بێت پێش ئەوەی کارەکەی بڵاوکاتەوە دەزانێت چی كردووه‌  و ئەنجامەکەی چۆن دەبێت.

*هەندێک لەو بۆچونە هەڵانەی، کە بووه‌تە پێوەری هەڵسەنگاندنمان بۆ مۆزیک و ستران:

1.کاتێک مۆزیکدانەرێک بەرهەمى زۆرى نوسیبێت ئەوە بە لامانەوە باشترین و گرنگترین و پیرۆزترینە.

2. بەرهەمێک کاتەکەى دورودرێژ بێت زۆر گەورە و هونەریە بەلامانەوە، گەر کورت خایەنیش بێت ئاستى کەمە و بێ پێزە.

3. بەرهەمێک پڕ تەکنیک و ڕەوتێکى خێرای هەبێت فرە جوان و بەهێز و گرنگە و بەرهەمێکیش کەم تەکنیک و خاو ڕەوت بێت مۆزیکدانەرەکەى بە لاوازە دەزانین، مەگەر ئەویش وەک میوەکە نیە؟ ئایا جۆری جیاواز لە مرۆڤەکانمان نیە، یەکێک ئاوازی خێرای پێخۆشە، یەکێک خاو، ئەوی دیکە، مامناوەند، هەڵچوو، بەرز، نزم ...

4. تا ئێستا وا دەزانین بەرهەمێکى زۆر قورس بۆ ژەنیارى بەتوانایە و بەرهەمى ئاسان و سادە بۆ ژەنیارى زۆر خراپە، ئایا مۆزیکدانەر بیر لەوە دەکاتەوە بەرهەم بنوسێت بۆ کەسێک کە ژەنینى زۆر خراپ و ناساز بێت؟ یاخود بەرهەمەکەی بۆ ئۆرکێسترا و گروپێک ئاسانتر بکاتەوە بۆی بژەنرێت، نەخێر گەر ئێمە بڕیار وایە خۆمان بە مۆزیکار بزانین و ناوی خۆمان بنێین هونەرمەند، پێویستە ئەو ئۆرکێسترا و گروپە فرەتر ڕاهێنان بکەن بۆی کارێکی قورس و ئەفراندن پێشکەش بکەن، ئەگەر من هەر مەبەستم ئەوە بێت بەتەنها بڵێن کارێکی كردووه‌  ئەوا هەزاران مرۆڤی دیکە هەیە بەبێ هیچ داهێنان و مەبەستێک سترانێک یان مۆزیکێک پێشکەش بکەن.

* مۆزیکدانەر و ئاواز دانەر کێیە و دەبێت چۆن کار بکات ؟

1. مۆزیکدانەر و ئاوازدانەر دەبێت شارەزابێت، بەئاگابێت، بەهرە و چێژ و ئەزمونی هەبێت، مۆرک و ئاوازی فۆلکلۆر و ناوچە جیاوازەکانی نەتەوەکەی شارەزا بێت، ئاوازی ڕەسەن و باش و خراپ بناسێتەوە، بزانێت بۆچی ئاوازێکی کۆن تازە دەکاتەوە، یاخود بۆ مۆرک و ئاوازی نەتەوەیەکی دیکە بەکاردەهێنێت، ئاوازدانەر مەرج نیە شارەزای زانستی مۆزیک بێت ڕەنگە لە گەرویەکی فرە خۆشەوە بە بینینی هۆنراوەیەک ئاوازێکی دڵنشین بنیات بنێت، پاشان ئەوانی دیکە دەبنە هاوکار و پشتیوانی.

2. مۆزیکدانان دەبێت داهێنان لەخۆ بگرێت، بەڵام نێوانێکى ئەوەندە زۆرى لەگەڵ جەماوەردا نەبێت و بە جۆرێکیش لەسەر ئاستى جیهان لە دواوە نەبێت کە هەرگیز پێیان نەگاتەوە.

3. مۆزیکدانەر دەبێت مۆزیکەکەى لە هەر جێگایەک پێشکەشکرا مۆرکى ناوچەکەى تیا بناسرێتەوە، گەر وانەبێت هیچ بایەخێکى نیە وەک داهێنان و پێشخستنى کولتوورى ناوچەکەى، چونکە نەتەوەکانى دیکە هەڵقوڵاون لە نێو مۆرک و ڕیتم و ئاوازی ناوچەکەیان، پێویستیان بە نەتەوەى دیکە نیە کار لەسەر کلتوریان بکات، ئەگەر کارێکیش بەو جۆرە ئەنجام بدەین هیچ ئایدیا و گرنگیەک لەخۆ ناگرێت، بە هاوتای مۆزیکارێکی ئەو ناوچەیە، تەنانەت لە کوردستانیشدا لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دی بەو جۆرەیە، بۆنموونە مۆزیکدانەرێکی بەتوانای هەورامان بە پێزتر کار لەسەر ئاواز و مۆرکی هەورامی دەکات وەک لە ناوچەی لوڕستان، کوردێکی دهۆک یان ئامەد سترانێک بە وشەی کرمانجی باشتر ئەچڕێت وەک لە سترانبێژێکی سلێمانی و هەولێر ...

4. ئەگەر مۆزیکدانەر خۆى چێژى لە کارەکەى وەرنەگرت ئەوا بە دڵنیاییەوە جەماوەریش چێژى لێ وەرناگرن و هەموو کات لەم سەردەمە خێرایەدا ناکرێت بیر لەوەبکەینەوە کە بەرهەم بۆ دواى خۆمان بێت و پاش چەندین ساڵ درک بکرێت بە گرنگى و سەنگى دانراوەکان.

5. من کوردم چ گرنکیەکى هەیە لە مۆزیکداناندا خزمەت بکەم بە ئەمه‌ریکاى لاتین و مۆرکى بۆلیڤى؟ خۆیان دەیان و سەدان مۆزیکدانەر و مۆزیکژەنیان هەیە خزمەت دەکەن ئەگەر وەک خەم و پێویستى کار بکەین بۆ هونەرى نەتەوەکەمان دەبێت گرنگى بە بەرهەمى خۆمان بدەین و کەرەستەى خۆمان بخەینە گەڕ و هەمیشە و هەردەمیش خۆمان بە بچوکتر و کەمتر لە چواردەور نەبینینەوە، گرفتێکیش لە ئارادا نیە کاتێک مۆرک و ئاوازی وڵاتێکی دراوسێ یان ئەوروپی بەکاردهێنینەوە، بەڵام بزانین بۆچ مەبەستێک، نەک بە ناڕاستەوخۆ بێت، یاخود مۆزیکدانەرەکە هەر ئەوە بزانێت بۆیە ئەو ئاوازە و ئەو مۆرکە بەکارده‌هێنێتەوە.

6. مۆزیک فرە ڕەنگە، هۆنراوە، ڕۆمان، میوە فرە جۆرە، دروونی مرۆڤەکان و جیاوازیی ژیانی ڕۆژانەیان فرەن، زیندەوەرەکان، ڕووەکەکان هەزاران پۆلێنیان هەیە و..، هەر یەکەی گرنگی خۆی هەیە، پێویستیەک پڕدەکاتەوە، بەڵام کاتێک دەڵێن فرە ڕەنگ لە مۆزیکداناندا دەبێت هەمووی جوانترینەکان بێت، کاتێک دەڵێین میوە پێگەیشتووەکان بێت و گەنیوەکانی نەبێت، کاتێک دەڵێین مۆزیکە فرە ڕەنگە جوانەکان هەر مرۆڤەی جۆرێکیانی پەسەندە، کار لە دڵ و دەروونی دەکات، هەڵەی ئێمە ئەوەیە دەستدەبەین بۆ هەڵبژاردەی جوانی مرۆڤێکی دیکە و ئەوەی ئەو قبوڵ ناکەین، بەس خۆم، پاشان بەس خۆم لەسەر بنەمای ئەوەی من سەرۆکی تیپێکم یان ناوەندێکی خوێندن و ئەکادیمیا دەبێت هەموان لە فێرخواز و ئەوانی دی پەیڕەوی ئەو شێوازە بن کە ئیلهام و گوزارشتی منە، ئێمە لەگەڵ هونەرکردندا پێویست و گرنگە کار بۆ ئەوە بکەین هەڵەکانی ڕابردوو بۆ نەوەی نوێ دووبارە و بەکار نەهێنینەوە، میزاج و بەرژەوەندیی تایبەت داهێنان لەبین دەبات، فرە ڕەنگی ناهێڵێت کە خەسڵەتێکی گرنگە بۆ داهێنان و پێشکەوتنی هونەری نەتەوە.