لەیادی راپەڕینی مەزندا:  بۆ(مان)ەوە مەجەنگە، بۆ سەربەخۆیی بجەنگە

Kurd24

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تێلیگرامەوە، دروشمێکی خۆپیشاندانەکانی ئێران زۆر سەرنجی ڕاکێشام، دروشمەکە بەمجۆرە بوو (بۆ مانەوە مەجەنگە، بۆ ئازادی بجەنگە)، هەڵبەتە دروشمەکە بەفارسی بوو.

بەدڵنیاییەوە (مانەوە) بەهای ئەوەی هەیە مرۆ لەپێناویدا تێبکۆشێ و قوربانیشی بۆ بدا، بەڵام ئایا (مان) و (مانەوە) بۆ تاکەکان و بگرە هەندێجار بۆ گرووپیش وەک (مان)ێکی فیزیکی و بایەلۆژی و داماڵراو لە بەهاکانی ئازاد بوون، ئەوە ئەهێنێ خۆی بۆ بەکوشت بدەی؟ لەسرووشتدا هەموو بوونەوەرێک، لەبوونەوەری میکرۆسکۆپیەوە بگرە تا  دەگاتە زەبەلاحترین بوونەوەر هەر لە خۆراک پەیداکردن و لانە و هێلانە سازکردنەوە تا وەچەخستنەوەو شەڕی مانەوەو گەرمێن و کوێستان کردنەوە لەچالاکی دایە بۆ ئەوەی بمێنێ. بەڵام مرۆڤ (تاک و گرووپەکانی) وەک بوونەوەرێکی ئاوەزدار هەر بۆ ئەوە تێناکۆشێ تا بەردەوامی بە بوون و مانەوەی  بایەلۆژیانەی خۆی بدا، بەڵکو ئەبێ بوون ومانەوەی بایەلۆژی خۆشی بەبەردەوامی ئاوێتە بکا بە بەهاکانی مرۆڤ بوونەوە. 

بەدڵنیاییەوە بۆ مرۆڤیش مانەوە فاکتەرێکی بێ چەند وچوونە بۆ دەستخستن و دابینکردنی بەهاکان، کەهاوکات نان و گوزەران و هەنوان و وەچەخستنەوەش پێویستن بۆ دابینکردنی مانەوەو ژیانی بایەلۆژی و هەبوونە فیزیکیەکە، بەڵام تەنها (مان)ەوە بۆ مرۆڤەکان هیچ مانا و بەهایەکی نییە، چوونکە ئەو (مان)ە لە سرووشتی ئاژەڵ و کێوییەكان جیای ناکاتەوە، بۆیە ئەبێ مانەوەی مرۆڤ بۆ بەهاسازی و مانا بەخشین بێ  بە بەهاکانی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی، لەو ڕووانگەیەوە ئەو دروشمەی لەسەرەوە دامنا، دروشمێکی شایستەیە بۆ ئەوەی مانا و بەها ببەخشێ بە پرۆسە بەردەوامەکانی مانەوەوە بەمەرجی گرێدانیەوە بە چەمکی ئازادی بەهەموو ئاڵۆزیەکانی چەمکەکەوە.

ئێران دەوڵەتێکە مێژوویەکی هەیە و خۆشیمان بێ و ترشیمان بێ دەوڵەتێکە ئەندامە لەنەتەوە یەکگرتووەکان و بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکانیش (سەروەری) هەیە، بەدەربڕینێکی تر وەک ئێمەی کورد نیە، کە نە لە ئێران و نە لە تورکیا و نە لە عیراق و سووریاشدا سەربەخۆ و سەروەرنین، بۆیە خەڵکی ئێران لەئێستادا بەشێوەیەکی گشتی کێشەی ئازادیەکانی هەیە، ئەو ئازادیانەی بەپێی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا دانپیانراون (هەڵبەت مەسەلەی نەتەوەی وەک کورد و بلوج  و ئازەر و ئەوانی تر مەسەلەی نەتەوایەتیشیان هەیە) بۆیە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە دژی دەوڵەتی ئاینی (ویلایەتی فەقیه)ە ئەو درووشمەی بەرزی ئەکەنەوە ئەیڵێنەوە گرێدراوە بە مەسەلەی (ئازادی)یەوە.

گەرەکمە ئەو دروشمە لەگەڵ دۆخ و هەل و مەرجی باشووری کوردستان بگونجێنم، بەوجۆرەی کە ئێمە (لەهەرێمدا نەک لەهەموو باشوور) کێشەمان لەگەڵ ئازادیدا نیە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ ژێردەستەیی و داگیرکاری وسەروەرنەبووندا هەیە، بۆیە ئەو درووشمەی سەرەوە ئەوکاتە بۆ تێکۆشانی ئێمە ڕێک دێتەوە، کە بڵێین (بۆ مانەوە مەجەنگە، بۆ سەربەخۆیی بجەنگە)

5ـی ئاداری 2023

هەولێر