دۆکترینی بارزانی نەمر و بەرز راگرتنی شکۆی نەتەوەیەك

Kurd24

بەدەر لەوەی بارزانی نەمر لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند و تا کۆچی دوایی سەرۆکایەتی ئەو پارتەی کردووە و دواجار وەکو ئەندازیاری ڕێکەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠  ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کوردستان دەستەبەرکردووە، دەکرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین، بارزانی نەمر باوکی دۆزی کوردە، لە سەردەمی نوێ دامەزرێنەری ئەو دۆزەیە  و مێژووی گەلی كوردستان سەرکردیەکی هاوشێوەی بارزانی نەمری بەخۆیەوە نەبینیوە،  کە بەو شیوەیەی ئەو پەرۆش بووبێت بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد.

ئەو پێشووتر لە ساڵی ١٩١٩ بەشداری کردووە لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید کردووە، دواتر سەرکردایەتی هێزێکی ٣٠٠ پێشمەرگەی کردووە بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور.

ئێمە باس لە سەرکردەیەك دەکەین، کە تەواوی ژیانی خۆی لە پێناو مافی گەلەکەی تەرخان کردووە، سەرکردەیەك کە دژ بە ستەمکاری شۆڕشی بەرپاکردووە و سەرکردایەتی شۆڕشی گەلێکی زوڵملێکراوی کردووە و هیوای بە گەلی خۆی بەخشیوە، بۆ ئەوەی چیا بکات بە هاوڕێی هەمیشەیی خۆی و چیا بکات بە پەناگەیەك بۆ بەرگریکردن لە شکۆمەندی کورد.

ئەو وەکو سەرکردەیەكی  ژیری خاوەند ئەزموون لە ڕووی سەربازی، لە کاتی شۆڕشەکانی کورد لە ساڵی ١٩٣١ تا ١٩٣٢ بە مەبەستی بەرگریکردن لە ناوچەکانی دژ بە بارزان ئینگلیز بلیمەتی خۆی سەلماندووە. 

لە ٢٢-١- ١٩٤٦ وەکو جەنەڕاڵ و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری کوردستان دەستنیشان کراوە.

بارزانی نەمر خاوەندی دۆکترینی خۆی بووە لە خەبات کردن. ئەو بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بە هیچ شێوەیەك دژی نەتەوەکانی تر شەڕی نەکردووە، باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و ئایین و ئاینزاکان هەبووە.

خەباتی بارزانی نەمر بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوە و پەرواێزخستنی گەلی کوردستان بووە و پێی وابووە، بە دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکرات دادپەروەری بەرجەستە دەبێت و هەڵبژاردنێکی ئازادانەی دوور لە فشار و ستەم ، کە مافێکی سروشتی مرۆڤە، بەڕێوەبچێت.

چەك هەڵگرتنی بارزانی نەمر تەنها بۆ خزمەتکردنی میللەتی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان. ئەو لە مامەڵەکردنی لەگەڵ گرفتە هەرێمییەکان سەری بۆ هیچ هێزێ دانەنواندووە و هەمیشە ئامادەبووە بەسەربەرزییەوە لە پێناو ئازادی گەلەکەی گیانی خۆی بەخت بکات.

هیچ مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسێکی بیانی نەیتوانیوە باس لە کوردستان بکات، بێ ئەوەی ئاماژەی بە بارزان و مەلا مستەفای بارزان نەکردبێت، کە کانیاوی شۆڕشی کوردایەتی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی بووە.

بارزانی نەمر هەر لەسەرەتاوە جیاوازی کردووە لە نێوان ڕژێمەکان و گەلان و بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کەوا کلیلی چارەسەری بەدەستهێانی ئامانجی گەل دیموکراتیەتە، بۆیە دروشمی دیموکراسی بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی مەبەست بوو و هەمیشە پێداگری دەکرد، لەوەی ڕێز لە مافی نەتەوەکان بگیرێت و دانیان پێ بهێنرێت.

ئەو هەڵگری هیوای گەلێک و مێژووی نیشتمانێك و جوگرافیای خاکێکی لەت لەتکراو بوو، دامەزراوەیەکی نەتەوەیی بەرهەم هێنا، کە بنەماکانی بریتی نەبوون لە ئایدیۆلۆژیا و تیۆری و ڕوانگەی هزری پڕ تەم و مژی خەباتی چینایەتی و فەرهەنگی ئۆرستوکراتی، بەڵکو دۆکترینی ئەو پشتی بە بنەما و نەگۆڕە کردارییەکان دەبەست، کە تەژی بوون لە دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان.

بارزانی نەمر ڕێزی تایبەتی لە پێکهاتەکان گرتووە و کاری بۆ بەرهەمهێنانی خاڵی هاوبەشی نێوان قوتابخانە هزرییەکانی کردووە. ئەو قوتابخانە هزریانەی، کە گرینگ بوون بۆ خەباتکردن لە پێناو گەل و ئایندە و پاراستنی تایبەتمەندییەکانی تاكی کورد و ڕۆڵگێڕانی لەناو کۆمەڵگە.

بارزانی نەمر تەنها سەرکردەی شۆڕشێ نییە، بەڵکو ئەو مێژوویەكە پڕ لە دانایی و فەلسەفە و ئاکار و ڕەوشتی جوان و پەروەردە، کە شکۆی نەتەوەی کوردی بەرز ڕاگرت.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە سایەی ئەو دۆکترینە، لە تەنیشت دەسەڵاتی یاسادانان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری، خاوەندی دامەزراوەی گرینگی وەکو سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە و هاوشێوەی دەوڵەت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.

لە کۆتاییدا بارزانی نەمر دەفەرموێ: "ئەگەر  ئێمەئامادەنەبین بۆ قوربانیدان و هاوکاریکردنی یەکتر ، ناتوانین خزمەت بە گەلەکەمان بکەیەنین. پێویستە ئەوە بزانین، سەرکەوتن بە چەك و پارە و تاڵانکردن و زەوتکردنی مافی کەسانی تر دەستەبەرنابێت، بەڵکو بە دڵپاکی و ڕێزگرتن لە یەکتر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکتر و زیان نەگەیاندن بە یەکتر سەرکەوتوو دەبین". 

دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ، ئەڵمانیا