هەژار، هێمن و هێدی؛ سێ هەواری ئەدەبیی کوردستان

Kurd24

کورد بۆ مانەوەی خۆی و ستاندنەوەی مافەکانی خۆی لە هەموو بوارێکدا، بەپێی توانا بەرگری کردووە و لە زۆر بواردا شۆڕشی کردووە و ئەو شۆڕشانە ڕێبەرانی خۆیان هەبووە. کلتووری کورد و زمانی کوردی کە بەشێکە لە پێکهاتەی سەرەکیی نەتەوەیی کورد و خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو کوردە، وەک هەموو مافەکانی دیکە لەژێر هەڕەشەی مەترسیداری تواندنەوە و جینۆسایددا بووە. بەڵام پێش ئەوەی تەنانەت کورد کیانێک و ناوەندێکی زانستی و فەرهەنگی هەبێت خۆبەختکارانی بواری هونەر و ئەدەبیات، بوون بە سەنگەری بەرگری و بەرخودان. سێ لەو سەنگەرانە، هەژار و هێمن و هێدی بوون کە هەموو ژیان و خۆشییەکانی خۆیان لەپێناو نەتەوەکەیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی گرینگترین بەشی نەتەوەبوون کە زمانە بپارێزرێت و بگاتە لووتکە و شایستەی ئەوە بێت بە جیهانی بکرێت.

ئەوان بەهێواشی و بەئارامی خۆنەویستان بوونە رێبەرانی خەباتی فەرهەنگی. ئەم سێ قەڵایەی ئەدەبیات چونکە ریشەیان لە ناو خاک و فەرهەنگی کوردیدا رۆچووبوو، هەوای نیشتمانیان هەڵمژیبوو، ئاوی وڵاتیان بە ناو رەگدا رۆیشتبوو، بەرهەمیان بۆ ئەو خاک و فەرهەنگە هەبوو و بە هیچ هەڕەشەیەک وازیان لە خزمەت کردن بە گەل و وڵات نەهێنا.

"هەژار" پایەیەکی ئەو سێکوچکە بوو، کە کوردستانی بە پیرۆزترین و دەوڵەمەندترین شت دەزانی و بۆ کوردستان گوتی: کوردستان نیشتمانی جوانم ـ هێزی دەروونم ئارامی گیانم. هەژار بەو گوڕ و هێزەوە، جگە لە ئەدەبیات و فەرهەنگنووسی و کارە بەرزەکانی وەرگێڕان لە سێ زماندا، بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز؛ جگە لەوەی خزمەتی بە ئایین کردووە، خزمەتی بە عەقڵی تاکی کورد کردووە، بۆ ئەوەی بە چاکی بە زمانی دایکیی خۆی لە ئایین تێبگات و لە پەنای دینداریدا خزمەت بە فەرهەنگ و نیشتمانی خۆی بکات.

"هێمن" جگە لە زمان و ئەدەبیات، لە کاری سیاسیشدا بەشداربووە و لەو پێناوەدا هەمیشە دەربەدەر بووە و دواتر لە گۆڤاری "سروە"شدا، نەک زیرەکانە داوی هەڵوەشاندنەوە بەڵکو "سروە"ی کردە هەلێک بۆ ئەوەی خزمەت بە زمانی کوردی بکات و مافی کلتووریی کورد بکاتە ئەمری واقیع و زەمینەی بۆ هەموار بکات. هێمن کەسێکە کە لە سەدەی بیستەمدا ژیا، بەڵام ئەمڕۆ شیعری ئەو کە دەڵێت: "با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی روونیشمان هەبێ - تاکوو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە" بووە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و هەموو جیهانی بەئاگا هێنا.

"هێدی" ئەدیبێک بوو کە لەپێناو کورد و ژیانی خۆشیی وەلانا، پێشمەرگایەتی و کاری سیاسی دەکرد و لە دوورە شار و زێدی خۆی کۆچی دوایی کرد. ئەو بە باوەڕەوە دەڵێت: "کوردەواریم کە نەبێ گیان و ژیانم ناوێ ـ گیان ئەوە، ئەو کە نەبوو بۆچی دەبێ ئەو بەدەنە". هێدی جگە له کاری وەرگێڕان، بە زمانێکی زۆر بەرز و ناسک، زمانی کوردی شیرینتر نیشان دا. ئەویش وەک توانای کوردێکی لێهاتوو لە زمانی فارسیشدا، ئامادەیی کوردی نیشانی نەتەوەکانی دیکە دا.

ئەم سێ ئەدیبە بەرزەی کورد، هەر یەکەی توێژینەوەی خۆی دەوێت و لە یەک گوتاردا ناکرێت، باسی هەموویان بکەین. بەگشتی ئەوەی کە لە کار و بەرهەمی هاوبەشی ئەم سێ ئەدیبە مەزنەی کورد جێی سەرنجە، ئەوەیە؛ کە ئەوان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵیان داوە هەموو کەلێن و کێماسییەکانی ئەدەبیات ببینن و کاری تێدا بکەن. ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی ئەوان لە زانکۆکانی کوردستان بووەتە بابەتی گرنگی زانستی. ئەوان بە هەژاریی و بە هێمنی و بە هێدی، لە هەواری فەرهەنگدا نەک هەر خزمەتیان بە زمانی کوردی کرد، بەڵکو زانکۆکانیشیان دەوڵەمەند کردن.

کورد بەوە سەربەرزە کە بەرهەمی ئەوان وەردەگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا و لەڕێگەی ئەوانەوە ئەدەبیاتی کوردی دەبێتە ئەدەبیاتێکی جیهانی. توانا و ئامادەیی ئەوان نەک هەر لە زمانی کوردی، بەڵکو زمانەکانی دیکەی ناوچەکەشدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان بە چاوێکی نەژادپەرستانە سەیری ئەدەبیاتی گەلانی دیکە ناکەن و لە رێی ئەدەبیات، فەرهەنگی پێکەوەژیان لای کورد بەرجەستە دەکەنەوە و پێیان وایە، ئەدەبیات سنووری توندڕەویی تێدەپەڕێنێت و تەنیا جوانی و مرۆڤایەتی دەبینێت.

ئەم سێ مێرگ و گوڵزارە پڕ لە گوڵەی کوردستان، لەوپەڕی سەختیدا توانیویانە خزمەتێکی مەزن بە هەر چوار پارچەی کوردستان بکەن. ئەوان جگە لە ئەدەبیات، بەوپەڕیی دڵسۆزییەوە لە چالاکیی سیاسیشدا چاونەترسانە کاریان کردووە. هەر لە "ژێ کاف" تا دەگاتە کۆمار و شۆڕشی ئەیلوول جێی پەنجەیان دیارە. ئەم سێ هەڵۆیانە لەڕووی مافی مرۆڤ کلتووری کوردیان بەتایبەتی لە رێزلێنان لە مافی ژن لە زاگرۆس تێپەڕاند و گەیاندیانە هەموو جیهان.

ئەوان ئەدەبیاتی منداڵانیان بە گرنگییەوە بینیوە. هەروەها هۆنراوەکانیان شایستەی ئەوەن بکرێن بە سروودی نیشتمانی. لەناو ئەدەبیاتی ئەم سێ بەرزە شاعیرەی کورددا، مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و ژینگەدۆستی بە بەهایەکی بەرز دانراوە. ئەوان بوونە قوتابخانەیەک و ئەمڕۆ دەیان لاوی زانکۆ بە رێچکەی ئەواندا دەڕۆن و گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر بەرز، کە جێی ئومێد و شانازییە. ئەوەی لێرەدا بۆ رۆشنبیرانی کورد وەک وانەیەکە، ئەوەیە کە ئەم ئەستێرە بەرزانەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی هەر یەکەی خۆی بە قوتابی ئەویتر دادەنێت و بۆ خۆشەویستیی یەکتر شیعریان گوتووە و پەسنی کاری یەکتریان داوە، ئەمەش بە وانەی ئەخلاقی رووناکبیری دادەنرێت و پێویستە ئەم کلتوورە لەگەڵ رەخنەی بەجێ و زانستی برەوی پێبدرێت.

ئەوەی لێرەدا گرنگە و بە ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەت دادەنرێت، ئەوەیە کە کۆمەڵگەی زانستی کار و بەرهەمی ئەو سێ بەرزە شاعیرە هەڵسەنگێنێت و کاری توێژینەوەیان لەسەر بکات، بەبێ ئەوەی نیگای سیاسی و ژیانی تایبەتی ئەوان بکاتە پێوەر. پێویستە لە بواری پەروەردەییدا هێشتا گرنگییەکی زیاتر بە بەرهەمی ئەم سێ هەڵۆ بەرزەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی بدرێت. پێویستە بە هونەر ئەم سێ ئەدیبە بەرزە نەک هەر بە نەوەی ئێستا بناسرێندرێت، بەڵکو پێویستە زیاتر بە جیهانیش بناسرێندرێن. پێویستە مەیدانی زیاتر بە شوێنکەوتووانی ئەوان بدرێت و هاوکارییەکی تەواویان بکرێت بۆ ئەوەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەوڵەمەندتر بکەن. هیوادارین ساڵانە خەڵاتی ئەدەبیی بەناوی ئەم ئەدیبانە بدرێتە کەسانی شایستە لەناو کورد و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەش.

هیوادارین لە سەر ناوی ئەم ئەدیبە مەزنانە، ساڵانە کورسی خوێندن بە هەموو خزمەتگوزارییەکەوە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بۆ کوردی پارچەکانی دیکە و تەنانەت بۆ قوتابییانی غەیرە کوردیش لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی زانایانی کورد لە هەموو روویەکەوە گرنگی بە زمان، وەک سەرەکیترین ریشەی پاراستنی نەتەوەی کورد، بە کەڵک وەرگرتن لە دیدگای ئەم سێ ئەدیبە مەزنە بدەن.