پڕۆگرامی لەسەرووی ناكۆكییەكانەوە

Kurd24

خەریكی خوێندنەوەی بەرگی دووهەمی (تاريخ الوزارات العراقية) ی عەبدولڕەزاق حوسنی-بووم كاتێك كاك ئەحمەد زاوێتی پەیوەندی پێوەكردم و وتی سبەینێ بە ئامادەبوونی بەڕێزان جەعفەر ئیمینیكی و فەرەیدون عەبدولقادر، دوو زنجیرەی پڕۆگرامی (لەسەرووی ناكۆكییەكانەوە) لەسەر مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا تۆماردەكەین.

بەبێ گوێدانە بیروبۆچوونە جیاوازەكان، ئارەزووی زۆرم هەیە بۆ زانینی زانیاری و ڕووداوە مێژوویەكان لەزاری بەشداربووانی ناوی یاخود لە ڕێگای یاداشتەكانیانەوە، ئەم پڕۆگرامە دەرفەتێكی باشبوو بۆمن بۆ بینینی ئەم دوو كەسایەتییە لە نزیكەوە، چونكە هەردووكیان دوو كارەكتەری دیاری جوڵانەوەی كوردی بوون بە درێژایی زیاد لە نیوسەدەی ڕابردوو، كاتی تۆماركردنی بەرنامەكە كاتژمێر ٧ ی دوای ئێوارە بوو، بەڵام ئێمە لە كاتژمێر ٦ لە بارەگای سەرەكی كەناڵ كوردستان ٢٤ ئامادەبووین، ماوەی ئەم كاتژمێری پێش تۆماركردنی پڕۆگرام، دەرفەتێكی باشبوو بۆ گوێگرتن و پرسیاركردن لەم دوو كەسایەتییە، دیارە بەدەم چاخواردنەوە كەوتنە گێڕانەوەی چەند بەسەرهاتێكی مێژوویی بۆمان، ئەوەی زۆر لە هزرمدا بوو، ئەودەمە بوو كە پرسیارم لە كاك فەرەیدون كرد: لە یاداشتەكانتدا كە پێش چەند ساڵێك خوێندمەوە، باس لەوە دەكەیت كە د.عەلی وەردی گەورە كۆمەڵناسی عێراقی مامۆستات بووە لە زانكۆی بەغدا، ئەتوانی باسی بكەیت بۆم، باسی چەند شتێكی د.عەلی وەردی بۆكردم، منیش چونكە سەرسامم بە نوسینەكانی د.عەلی وەردی، چێژم لەو باسانەی كاك فەرەیدون وەرگرت.

وەكو خۆم ئەو دانیشتنەی پێش تۆماركردنی پڕۆگرامەكە بە ئامادەبوونی هەمووان چێژێكی تایبەتی دامێ، پاشان بەڕێكەوتین بۆ تۆماركردنی پڕۆگرام كە زیاد لە دوو كاتژمێری خایاند، هەریەكێك لە ئامادەبووان دەیتوانی پرسیار و سەرنج بەشداری بەرنامەكە بكات لەگەڵ میوانەكان، بەدرێژایی ماوەی پڕۆگرام ئاوڕمان لە لاپەڕەكانی مێژووی كورد و قەوارەی هەرێم دایەوە، لەم شێوە پڕۆگرامانە دەكەویتە ساتێك كە ساتی بەیەكگەیشتنی سێ لایە، یەكەم كارەكتەرە مێژووییەكان، دووهەم ئامادەبووان، سێهەم بینەر.

هیوادارم ئەم شێوە پڕۆگرامانە بوونیان هەبێت و بەردەوامبن.