ئەفسانەی چیرۆکەکان لە بەرنامەی لەسەروو ناکۆکییەکانەوە لە کوردستان24

Kurd24

لەکۆمەڵگەی مۆدێرن و پەرەسەندوودا، لە ھەرتاکێکی ناو ئەو کۆمەڵگەیە، چاوی بڕیوەتە  راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا جۆر بە جۆرەکان و میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، لە ئاراستە کردنی بەشێکی گەورە لە تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ ناو چەقی گفتوگۆکان و ململانێکان، ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە میدیا کلتوورێک بەرھەم دەھێنێت کە لەناو وێنە بینراوە زیندووەکاندا رەنگی داوەتەوە و خێراتر لە ھەرشتێک، کاریگەری لەسەر مرۆڤی ئەم سەردەمە دروستدەکات، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، زەحمەتترین کار، پیشەی راگەیاندنە، چونکە میدیاکار ئەگەر کارێک ئەنجام بدات، دەبێت لەڕووی (یاسایی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، جوگرافی، مێژوویی، سیاسی، سەربازی و هتد.) ھەموو پێوەرەکانی ئەخلاقی راگەیاندن شارەزا بێت.

میدیاکانی هەرێمی کوردستان زۆری و بۆرییان پێوە دیارە و ئازادبوونی میدیا نەیتوانیوە بە تەواوی لە خزمەتی شەفافیەت و پێشاندانی وێنەیەکی راستەقینە لە دۆخی هەرێمی کوردستان بکات لە رابردوو و ئێستادا هەنگاو بۆ داهاتووبنێت.

بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە، بەرنامەیەکە لە کوردستان24 پەخشدەکرێت تەواو جیاوازترە لە تەواوی بەرنامەکانی دیکە لەڕووی ناوەڕۆک و پێشکەشکردن و ئامانجەوە. ئەم بەرنامەیە، چەندین چیرۆك و ئەفسانە لەناو چەندین بابەت، گوتار، کتێب، گۆڤار، رۆژنامە، بەرنامەی رادیۆیی و تەلەڤزیۆنی کە نەتواندراوە گفتوگۆی لەسەربکرێت و راستییەکان ئاشکرابکات، پەنجە بخاتەسەر برینەکان بۆ زووسارێژبوونیان.

بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە توانی لاپەڕە مێژووییەکانی میللەتەکەمان بەخۆشی و ناخۆشیەکانییەوە هەڵبداتەوە و لەخەمی نیشتمان و وشیارکردنەوەی لاوی  داهاتوو بێت، هەموو ئەو رووداوە مێژووییانە لەزاری کەسایەتییە سیاسییە بیروڕا جیاواز لەسەردەمی شۆڕش تاکو ئێستا نەتواندراوە وەک خۆی بوترێ گەربێت و کاری لەسەربکرێت بەچەندین فیلمی  دیكیۆمێنتاری تەواونابێت.

بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە توانی پەیامی راستەقینەی لایەنە سیاسییەکان بدرکێنێت. ئەو ناکۆکییە چینایەتیانەی کە هەیە لە زۆربەی شوێنەکان بەشێوەی شۆڕش و تەقینەوە جەماوەرییەکان دەبینرێت گفتوگۆی لەسەربکات و بگاتە دەرچەیەکی رووناک، بۆ کورد وەک تاک و وەک گەل و نەتەوە زۆر گرنگە هەمیشە بگەڕێتەوە بۆ راپەڕین و لەناویدا بژی و شرۆڤەی بکات و راستی و پەند و وانەی لێ هەڵبهێنجێ، گەڕانەوە بۆ ئەو رووداوە مێژووییانە لەپێناو خۆبەرهەمهێنانەوە لە ناو مێژوودا نەک خولانەوە لەناویدا.

ئەم بەرنامەیە  تیشک  دەخاتەسەر   هەندێک راستی و مانای سومبلی ئەو رووداوە مەزنە کە  بۆ ئێستا و داهاتووی گەل و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان هەیە و دەبێت. ئێمەی کورد بەچەندین قۆناغی سەخت تێپەڕین بۆ گەیشتن بەم رۆژە، بەدەستهێنانی دەسکەوتەکانمان لە سایەی خوێنی شەهیدان و سەرکردە قارەمانەکانمان و کەسایەتییە کوردپەروەرەکان بووە، لەسەرەتای دروستبوونمان تائێستا ئەو دوژمنە ناوخۆیی، هەرێمی و دەرەکییانەی کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ماف و داخواییەکانمان بەپێی تێپەڕبوونی کات وردە وردە تێدەگەن لەوەی میللەتی کورد مافی رەوای خۆیەتی وەک تەواوی میللەتانی دیکەی جیهان سەربەخۆبن و ماف و ئازادییەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا پێکبهێندرێت.

ستاف و پێشكەشكاری بەرنامەکە، كەسانێکی  بەتوانان لە گەیشتن بە خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان، هەر بۆیە کەمتەرخەم نەبوون و ئەو توانایەی کە پێویستە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەوەری بەرنامەکە خستویانەتەگەڕ. دەخوازم تەواوی راگەیاندنەکان و بڵاوکراوە بینراو و بیستراوەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی باشیان هەبێت لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی کورد و کوردستان.

بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە، ئامانجی بەرەوپێشبردنی کوردستانێکی ئارام و خزمەتکردنێکی گەورەیە، گەرچی لەتەواوی جیهان کێشە و ململانێ و بیروڕای جیاواز هەیە، بەڵام کاتێک دەگاتە بابەتێک لەبارەی گەل و خاک هەموویان یەک هەڵوێستن، بۆیە پێویستە لەسەر تاکی کورد هەرچەند بیروڕایان جیاوازبێت لەڕووی سیاسییەوە، دواجار هەموومان یەک هەڵوێست بین لەسەر پرسە نیشتمانییەکان و سازش لەسەر مافەکانمان نەکەین. ئێمەی کورد هەموومان یەک دووژمنمان هەیە کە ئامانجیانە کورد سەربەخۆ نەبێت، دەزانن ئێمەی کورد بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ چەندین شێوازیان بەکارهێنا بۆ لەناوبردن و نەمانی گەلەکەمان بەڵام بێئەنجام بوون.

پێویستە هەموومان پێکەوە رەخنەی بنیاتنەرانە بگرین بۆ خزمەتی زیاتری کورد و کوردستان دەست لەناودەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانمان، دەخوازم تەواوی میدیاکان وەک بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە ببێتە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی راستییەکان وچارەسەرکردنی گرفتەکان، تەمەنادەکەم ئەم بەرنامەیە گرنگی زیاتری پێ بدرێت تەواوی کەسایەتییە جیاوازەکانی لایەنە سیاسیەکان لەهەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربن و حکومەت و هاووڵاتیش بەشێک بن لەتەوەری بەرنامەکان.