حوكمڕانی باش و خزمەتكردنی خەڵك

Kurd24

   هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەواهیدەری ئەو راستییەن كە وێڕای ئاستەنگەكان لەچەندین رووەوە كاری گرنگ و  ستراتیژیی ئەنجام دراوە ، هەر خۆی لەخۆیدا رووبەرووبوونەوەی تەحەددای شەڕی داعش و پەتای كۆرۆناو قەیرانی دارایی و وشكەساڵی و راگرتنی گەندەڵی بەیەكێك لەدەستكەوتە گەورەكان دادەنرێت، خۆ ئەگەر  لەرووی كارگێڕییەوە بڕوانینە كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەروونی ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەران و كەمكردنەوەی رۆتین و بەدیجیتاڵكردنی زۆر لەخزمەتگوزارییەكان و مامەڵەكان و دامەزراندنی پۆرتاڵی خزمەت و هەنگاوەكانی بەئەلەكترۆنیكردنی حكومەت هەر هەمووی لەخزمەتی خەڵكیدایە، لەرووی گەڕانەوەی سەروەری بۆ یاساش ئەوا  لەم كابینەیەدا زۆرترین یاسا و هەمواركردنەوەی یاسا پەسەند كراوەو تەنانەت لەدەستپێكی كابینەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  داوای لەوەزیرە بەڕێزەكان كرد یاسای وەزارەتەكانیان هەمواربكەنەوە بەو ئاراستەیەی هەرچی بەربەست و ئاستەنگ هەیە لەبەردەم باشتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی رۆتین هەڵبگیرێت، لەكابینەی نۆیەمدا  چەندین یاسای پەیوەندار بەبواری ئابووری و كارگێڕی و بازرگانی و تەندروستی و تادوایی دەرچوو كە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پەیوەندی بەباشكردنی ژیان و باروگوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەبوو. لە رووی كەرتی كارەباوە زۆرترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا و راكێشانی هەڵی پاڵەپەستۆی بەرز و دابینكردنی كارەبا بۆ گەڕەكە نوێیەكان ئەنجامدرا بۆ یەكەمینجار بەسوود وەرگرتن لە غازی بەفیڕۆی كێڵگەی نەوتی گەرمیان كارەبا بەرهەم هاتوو لە خەبات وێستگەی غازی كارەبا كە دۆستی ژینگە بوو كەوتە كار و چەندین پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خاوێن جێبەجێ كرا و لەرێگەی پێوەری زیرەكەوە زۆرترین هاوبەشی كارەبا كرایەوەو سەرپێچییەكان كەم كرانەوەو لە ئێستاشدا هەنگاو بەرەو پریبەیدی كارەبای 24 كاتژمێری دەنرێت ، دابینكردنی ئەم كارەبایە یەكێكە لەئامانجەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بۆ گرنگیدان بەهەلی كارو كەمكردنەوەی بێكاری و زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیش رێزدار مەسرور بارزانی لەرێگەی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەوە كاری بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی كەرتە ئابوورییەكان كردوو ، لەرێگەی هەمەجۆركردنی ئابووری و پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاریی كە بەدەیان پرۆژە لەم سێ كەرتە زیندووەی ئابووری ئەنجام درا كاری بۆ كەمكردنەوەی پشت بەستن بەداهاتی فرۆشتنی نەوت بەست. دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی برا جوتیارەكان و كارئاسانی و پاڵپشتیكردنی كارگەكان و كردنەوەی دەیان شوێنی گەشتیاری هەلی كاریان بۆ سەدان دەرچووی زانكۆ دابین كرد، كردنەوەی چەندین  سایلۆ بۆ ئەمبارەكردنی گەنمی جوتیاران و جێبەجێكردنی پرۆژە و كارگە كشتوكاڵییەكان و گرنگیدان بەبەرهەمی ناوخۆی پیشەسازیی و بەگەڕخستنی پاڵاوتگە گەورەكانی نەوت و هاتنی بەلێشاوی گەشتیارانی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ژینگەیەكی وایان خوڵقاند كارەكانی بوژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاری بكەونە سەر رێگای راست و زانستی خۆیان.  لەرووی باجیشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو زیادكردنی داهات بۆ موچەو بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان و بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری ئەم كەرتەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە لەخزمەتی دادپەروەری و بوژانەوەی ئابووریدا بێت ، حكومەتەكانی دنیاش لەرێگەی باجەوە موچە و خزمەتگوزارییەكان و خۆشگوزەرانی دابین دەكەن هەر لەرێگەی باجەوە زامنی دادپەروەریی و كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان دەوڵەمەندو هەژارەكان دەكەن، لەسەرجەم كەرتەكانی كارەبا و نەوت و پەروەردەو تەندروستی و شارەوانی پرۆژەی ستراتیژیی گرنگ ئەنجامدرا كە بوونە هۆی بونیاتنانەوەی ئەو ژێرخانەی كە ساڵانێك بوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە راوەستابوو.

هەڵسەنگاندنی ئەدای حوكمڕانی لەكابینەی نۆیەمدا پێویستی بە ئاماژە پێدانە بەو كارانەی كراوە ، بەتەئكید جوانی و بەهێزی كابینەكە لەو تەحەدییە ناوخۆ و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییانەشەوە دەردەكەوێت كە رووبەرووی بووەوە ، لەكاتێكدا بەهۆی شەڕو پەتای كۆرۆناو قەیرانی داراییەوە  زۆر لەحكومەتەكانی دنیا توانای ئەو بەرەنگاربوونەوانەیان نەبووە، نهێنی سەركەوتنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێهاتوویی و ئیرادەی بەهێزی رێزدار مەسرور بارزانی و پاڵپشتی هاوڵاتیان و نیشتمانپەروەرانی كوردستانییەوە سەرچاوەی گرتووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ یەكتر هەیە.