بەرەو بە نێودەوڵەتی کردنی کەیسی جینۆسایدی کورد

Kurd24

رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق ( بەعس) هەرچی کردەوەی دڕندانە هەیە بەرامبەر بە گەلی کورد و نەتەوەکانی تر لە کوردستان و عێراق ئەنجامی داوە، و زۆرینەی ئەو کردارانەی کە ئەنجامیان داوە بەرامبەرمان بە پێی دەستووری نوێ عێراق و یاسا بەرکارەکان نایاسایین و بە تاوان هەژمار دەکرێن، لە هەمان کاتدا دژ بە مافەکانی مرۆڤ بووە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتیش بە تاوان دادەنرێن. لە دوای رووخانی رژێم و دەستگیرکرانی سەرانی رژێم و ئەنجامدەرانی تاوانەکان و دادگایی کردنیان، شەش کەیس لە سەریان ساغ بوویەوە و بە بڕیاری دادگا کەیسەکانی جینۆسایدی کورد ( بارزانییەکان، فەیلیەکان، گەرمیان، کیمیابارانی هەڵەبجە) و ئەوانی تریش بە جینۆساید ناسێندران. بە پێی یاسا هەر تاوانێک کە لە دادگا پشتراست کرایەوە و بڕیاری لە سەر دەرچوو ئەوا بەرپرسیارێتی دروست دەکات لە سەر تاوانبار کە دەبێت سزای تاوانەکانی وەربگرێت و کە ئەم بەرپرسیاریەتیە دروست بوو ئەوا بابەتی قەربووکردنەوەشی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە دەبێت هەوڵ بدرێت بە رێگەی معنوی و ماددی بارودۆخەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش روودانی تاوانەکە. و لەلایەکی تریشەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شاڵاوی ئەنفال و کۆمەڵکوژی کوردی بە جینۆساید ناساند. بە پێی بڕیاری دادگا دەبوایە تاوەکو ئێستا دەستکرابا بە هەنگاوەکانی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە و ئەوەی کە رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق ( بەعس) دژ بە گەلی کورد و کوردستان ئەنجامی داوە ئاسایی بکرێتەوە و بە هەمان شێوە قەرەبووی کەسوکاری جینۆسایدکراوان و زیان لێکەوتوان کرابایەوە لە رووی ماددی و مەعنوی و دەوڵەت دەبوو داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ یەک لەم رێکارانەی دەست پێ نەکردووە کە بە پێی دەستوور لە بەندی یەکەمی ماددەی ١٣٢ئاماژێ پێ کردووە و دەڵێت ( یەکەم: دەوڵەت چاودێری بەندکراوە سیاسیەکان و زیانلێکەوتوانی کردە دڕندانەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو دەگرێتە ئەستۆ) و لە هەمان ماددە لە بەندی دووەمدا سەبارەت بە شەهیدانیش دەڵێت: دەوڵەت قەرەبووی خانەوادەی شەهیدان و بریندارەکانی کردە تیرۆریستیەکان دەکاتەوە). جێگەی ئاماژەیە نەک قەربووی نەکردونەتەوە بگرە ئەو مووچە و منحەیەی کە دەدرێت بە کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراوە و حکومەتی ناوەندی عێراق ئامادە نیە بیگرێتە ئەستۆ و لەبەرامبەریشدا هیچ بڕێک بە بوودجەی هەرێم لە هیچ کاتێکدا زیاد نەکراوە بە ناوی مووچەی ئەوانەی کە باسم کرد. ئەمەی کە هەتا ئێستا ئاماژەم پێ کردووە ئەوە لە سەر ئاستی ناوخۆی عێراقە.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی بەردەوام هەبووە کە کەیسی جینۆسایدی کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەلایەن وڵاتانی بیانی وەکو حکومەت یاخود پەرلەمانیان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بە جینۆساید بناسێنرێت. لە ١٤\٤\٢٠٢٣  یادی سی و پێنجەمین ساڵیادی جینۆسایدی کورد وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەولێر دیدارێکی سازدا بە ناونیشانی ( جینۆسایدی کورد، دەرفەتەکانی ناساندن و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان)، لە دیدارەکەدا کونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان  و کەسایەتی بیانی بەشداریان هەبوو، لە نێویاندا کەسایەتیەکی گرنگ ئامادی دیدار بوو بە ناوی (پرۆفیسۆر د.گریگۆری ستانتن) کە دامەزرێنەر و سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی جینۆساید وۆچە (Genocide Watch)، ناوبراو یەکێکە لە ئەو زانا و کەسایەتیانەی کە زۆر بە ووردی کاری کردووە لە بواری جینۆساید و پشتگیری گەلانی جینۆسایدکراوی کردووە بۆ ئەوەی کەیسەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتی بناسێرێت، و پێشتر سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید بووە، ئامادەبوونی ناوبراو لە دیدارەکەدا بەلای منەوە زۆر لێکدانەوە هەڵدەگرێت، هاوشانی ناوبراو (ئاورینگ شاوەیس) سەرۆکی کەی جی لۆبی سەنتەر و پارێزەرێکی  بیانی بە ناوی سیلڤیا بەدیدەکران لە دیدارەکەدا. د.گریگۆری ستانتن لە وتارەکەیدا لە پانێڵی یەکەمی دیدارەکە باسی لە ئەوە کرد کە خاتوو ئاورینگ شاوەیس داواکاریەکی نووسیوە و ئێستا لە لایەن د.ستانتن و راوێژکار سێڤیلیا ڕۆناو پێداچوونەوەی بۆ دەکەن و دواتر دەخرێتە بەردەم یەکێتی زانایانی جینۆسایدی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کەیسی کورد بە جینۆساید بناسێنن لە کۆنگرەی خۆیاندا.  لە پەراوێزی دیدارەکەدا گفتوگۆیەکم هەبوو لەگەڵ خاتوو ئاورینگ شاوەیس و ئاماژەی بە ئەوە کرد کە سەرقاڵی پرۆژەیەکە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ ئەم مەبەستە داواکاریەکم لە چوارچێوەی لائیحەیەک ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پێشکەشی رێکخراوی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆسایدی بکەم. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بگاتە ئەنجام ئەوا هەنگاوێکی گرنگە کە کۆمەڵکوژی کورد دەباتە ئاستی نێودەوڵەتی لەوێوە دەکرێت بە پاڵپشتی ئەم رێکخراوە و کەسایەتیانە لە دەوڵەتان و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کۆمەڵکوژی کورد بە جینۆساید بناسێنرێت، کە خزمەتێکی گەورەیە بە ئەم دۆزە. و لەداوی ئەم قۆناغە دەتوانێن لە رێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار لە سەر عێراق بکرێت کە دەست بکات بە هەنگاوەکانی قەرەبوو کردنەوەی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد کە بە پێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەبوو لە دوای دەرچوون بڕیارەکە جێبەجێ بکرابوایە. هەروها دەتوانێن فشار بخەینە سەر ئەو کۆمپانیا بیانیانەی کە هاوکاری رژێمی دیکتاتۆری بەعس بوونە لە کۆمەڵکوژی کورد لە رێگەی دادگای وڵاتان و  نێودەوڵەت.

بە نێودەوڵەتی کردنی کەیسی کۆمەڵکوژی کورد و بە جینۆساید ناساندنی لە ئاستی وڵاتاندا کارێکی زۆر گرنگە و لەم رێگەیەوە دەکرێت خزمەت بە ئەم قوربانیانە بکرێت هەروها وەکو فشاریش بەکار بێت لەسەر حکومەتی عێراق.

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران