گەڕانەوەی سووریا و كورتەیەك لەسەر مێژووی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی

Kurd24

وابڕیارە 19ـی ئایاری ئەمساڵ یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بەئامادەبوونی تەواوی ئەندامانییەوە ئەنجامبدرێت لە شاری جەددەی سعودیە لەپاش 12ساڵ دابڕانی سووریا، ئەمەش لەكاتێكدادێت كە لەساڵی 2011-وە ئەندامێتی سووریا لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی سڕكرابوو بەهۆی بوونی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا.

سعودیە میوانداری 32ـەمین كۆبوونەوەی لووتكەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی ئەمساڵ دەكات، پارساڵیش لە جەزائیر ئەنجامدرا، بەڵام ئەوەی گرنگە كە بزانرێت كە هەمووساڵێك ئەم كۆبوونەوانە ئەنجامنادرێن، بەڵكو جار هەبووە لە ساڵێكدا دووجار كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كۆبوونەتەوە وەك ئەوەی لەساڵی 1964 روویدا كەتێدا دوو كۆبوونەوەیان كرد یەكەمیان لە قاهیرە ئەنجامدرا لە مانگی كانوونی یەكەم، دووهەمیشیان لە مانگی ئەیلوولی هەمان سال لە ئەسكەندەرییە ئەنجامدرا، هەردوو كۆبوونەوەكە خاڵی مێژووی گرنگ بوون بۆ كاری پێكەوەیی وڵاتانی عەرەبی.

جاریش هەبووە لەماوەی 10 ساڵدا هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجامنەدراوە، بۆ نموونە لەساتی دامەزراندنی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 1946 تا ساڵی 1956 هیچ كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامنەدابوو. لەپاش سەردانی لەناكاویی ئەنوەر سادات سەرۆككۆماری پێشووی میسر بۆ ئیسرائیل لە ساڵی 1978، ئەندامانی دیكەی كۆمكار لە بەغدا كۆبوونەوە و بڕیاریان دا میسر لە كۆمكارەكە بەرنەدەرەوە و بارەگاكەشیان لە قاهیرەوە گواستەوە بۆ تونسی پایتەختی تونس، بەڵام لەپاش 10 ساڵ توانرا ئاشتەوایی لەگەڵ میسر ئەنجامبدرێت و بگەڕێتەوە باوەشی وڵاتانی عەرەبی، بەمەش دووبارە بارەگای كۆمكار لە تونسەوە گوازرایەوە بۆ قاهیرە.

ئەوەی دەمێنێتەوە كە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە كە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی هەرێمییە و لەساڵی 1946 لە میسر دامەزراوە، لەسەرەتادا حەوت دەوڵەت ئەندامبوون تێیدا كە ئەمانەبوون: میسر، عێراق، سعوودیە، لوبنان، سووریا، یەمەن و ئوردن. بەڵام لە ئێستادا 22 وڵات تێدا ئەندامن، چاوەڕواندەكرێت كە كۆبوونەوەی ئەمجارە خاڵێكی دیكەی وەچەرخان بێت لە مێژووی كۆمكارەكەدا ئەمەش بە گەڕانەوەی سووریا بۆ كۆمكارەكە بە پلەی یەكەم، دووهەمیش هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی شەڕی ناوخۆیی لە سوودان كە لەئێستادا شەڕەكە پێی ناوەتە مانگی دووەمی خۆیەوە و زیاد لە 2500 كوژراوی لێكەوتووەتەوە.