((سەرۆك بارزانی پیاوی دەستپێشخەرییەكانە))

Kurd24

سەرۆك بارزانی سەركردەی ژمارە قورسەكانە و لەهاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەولەتیەكان حسابێكی تایبەتی بۆ دەكرێت و لەهەموو قۆناغەكان پێویست بووە و خاوەن روئیا و قسەی خۆی بووە بۆ ڕووداو و پێشهاتەكان مێژوو گەواهیدەری ئەم قسانەن و خاوەن دەستپێشخەری خۆی بووە بۆ تەنگژە و گرفتەكان چەند نموونەیەك وەردەگرین ئەوانەن:

یەكەم: دەستپێشخەری ساڵی 2010 لەنێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران:

لەهەلبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق ساڵی 2010 هەریەك لە هاوپەیمانەكانی مالیكی و عەللاوی براوەی شیعەكان بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەجۆرێك لیستی العراقیە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی (91) كورسی هێنا كە هاوپەیمانی لەگەڵ سووننەكانیش هەبوو و لەبەرامبەریشدا لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی كە (89) كورسی هێنا ئەمەش ململانێی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران توندتر كرد ، بەجۆرێك هەردوو وولاتی ئێران و ئەمەریكا لەسەر وەرگرتنی جلەوی حكومرانی لەعیراق لەململانێی دابوون و هیچ لایەنێك ئامادەنەبوو سازش بۆ یەكتری بكەن و هەموو ڕێگاكان چ لەناوخۆ و دەرەوە داخرابوو ، ئالێرەدا فریادڕەسی عیراق و ناوچەكە بەدیاركەوت ئەویش دەستپێشخەری سەرۆك بارزانی بوو ، كە هەموو لایەنەكانی لەهەولێر كۆكردەوە و دواجار عیراقی لەتەنگژەی سیاسی رزگاركرد و بەرەو كەناری ئارامی برد لەئەنجامدا كابینەی حكومەت پێكهێنرا.

دووەم: دەستپێشخەری ساڵی 2022 لەنێوان سەدرییەكان و ئیتاری تەنسیقی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران:

دەستپێشخەری سەرۆك بارزانی بۆ لایەنەكانی شیعە بوو پێش پێكهێنانی كابینەی (محمد شیاع سوودانی) كاتێ ململانێیەكانی (سەدر و مالیكی) گەیشتە لووتكە بۆیە بریاری دا لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسی خستووەتە ڕوو بۆ كۆتاهێنان بە ناكۆكیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بخاتە روو، دەستپێشخەرییەكە كردەنی دەبێت بۆ چارەسەركردنی تەنگژە و چەقبەستوویی سیاسی لەو وڵاتەدا ، لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا ، پێشنیاری كرد نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی، سەردانی موقتەدا سەدرییان كرد ، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن ، هەرچەندە بارزانی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ حكومەتی زۆرینە بوو و چیتر عیراق نەگەرێتەوە بۆ دواوە و كوردیش لەم نەهامەتیانە ڕزگاری بێت و جارێكی تر گەورەیی خۆی نیشاندا بەڵی بەدەركەوت پیاوی دەستپێشخەرییەكانە و وولاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و هەرێمی وەك ئیران و سعودیە و هی تر چاوەڕوانی دەستپێشخەری لەو شێوەیە بوون بۆ پێكهێنانی كابینەی وەزاری ، دەتوانین بلێن پاش ئەم دەستپێشخەرییە عیراق چووە قۆناغێكی تر بەجۆرێك مەلامحی سەرۆك وەزیران دیاریكرا و ئەمە وێڕای ئەوەی ئەوكات بەهۆی بێدەنگیی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف لەمەڕ گرفت و خیلافاتەكاندا و لاساری و لادانی ئاشكرا لەناو ماڵی شیعەدا بەروونی دیاربوو ، هەربۆیە هەمووان چاوییان لەسەر هەڵوێستی سەرۆك بارزانیی بوو بۆ دەستپێشخەریكردن و دەربازكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەو داخرانە ، لە رێگەی چارەسەرێكی كردەنی هەمووان پێی رازی بن ، كە هەر ئەوەیش خواستی گەل و تەواوی شەقامی عێراقە لە هەموو پێكهاتەكان.

سێیەم: دەستپێشخەری ساڵی 2021 لەنێوان سووننەكان كە خەنجەر و حەلبووسی  بەیەكگەیاند و ڕێكەوتن:

لە ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان بەپشتیوانی سەرۆك بارزانی و دەستپێشخەرییەكانیدا بۆ سووننەكان لەئاكامدا ڕێكەوتن و هاوپەیمانێكیان پێكهێنا لەژێر ناوی هاوپەیمانی سەروەری گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی عەرەبی سوننەی عێراقە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2021 ، بە سەرۆکایەتی خەمیس ئەلخەنجەر كە  پێکهاتووە لە هاوپەیمانی تەقدوم  کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات و هاوپەیمانی العزم کە خمیس ئەلخەنجەر سەرۆکایەتی دەکرد و هەر زوو لەنێو خۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ڕێككەوتن و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ئاسان كرد.

چوارەم: دەستپێشخەری ساڵی 2023 بۆ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان:

دوایین دەستپێشخەری سەرۆك بارزانی لە رێوڕەسمی كردنەوەی (مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی نەمر)دا خستیە ڕوو بۆ هێزه‌ سیاسیه‌كانی هەرێمی كوردستان و داوای لێكردن ناكۆكییه‌كان وه‌لاوه‌ بنێن و هەنگاو بنێن بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان و هەرچی زووە لایەنەكان دانیشتن و كۆبوونەوە بكەن ، دوای ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پشتیوانی و پێشوازییان لە په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد.

ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی لەكات و ساتی خۆیدا بوو هەموو كات لەسیاسەتەدا كات زۆر گرنگە چونكە هەر دەستپێشخەرییەك بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد هەنگاوێكی پیرۆزە و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەمێكە چاوەرێی ئەو جۆرە پەیامە و دەستپێشخەرییە بوون ، ئەمەش دوای ئەوە هات كە ململانێیەكان بەرەو ئاراستەی خراپ دەرۆیشت و بواری زیاتر بۆ نەیارانی كورد رەخساند دەستێوەردان لەبارودۆخی هەرێم بكەن و گرفتەكان زیاتر بكەن و دەهۆلی نەمانی قەوارەی هەرێم لێبدەن ، لەملاوەشەوە هاوپەیمانەكانی كوردستان نیگەران بوون و چاوەڕوانی دەرچەكیان دەكرد لەم تەنگژەیە رزگاربن ، ئا لەم كاتەدا سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری كرد جارێكی تر سەلماندی پیاوی دەوڵەتمەدار و خاوەن هەڵوێستە و گەورەیی خۆی نواند بۆ هەموو لایەنێك و توانرا خەونی نەیارانی كورد لەگۆربنێت و  داوایشی‌ كرد كە واز لە شكاندنی‌ یەكتر بێنن و پێش هەمووان مەكتەبی‌ سیاسیی پارتی‌ و یەكێتی‌ كۆببنەوە و ئەوەش كرا ، ئارامی گەرایەوە نێو شەقامی كوردان چونكە بارزانی ئەو سەری تونێلەكەی لێ دیارە كە عیراق و ناوچەكە لەبەردەم گۆرانكاری دایە بۆیە لەم قۆناغە پێویستە كورد لەنێو خۆیدا یەكرێزبێت و رووبەرووی گرفتەكان بێتەوە ، بەرهەمی ئەم دەستپێشخەرییە لەئایندەدا هەموو لایەنەكان لێی سوودمەند دەبن.