ئیرادەی سەرۆكی حكومەت؛ ئیدارەدانی وەرچەرخاند بۆ ئیدارەكردن

Kurd24

لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆر گۆڕانكاریی و چاكسازیی دارایی و ئابووری و ئیداریی ئەنجام درا، كە رێڕەوی حوكمڕانی و شێوازی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی لەو كەموكورتی و نەزیفە دارایی و ئیدارییەوە گۆڕی ، كەمكردنەوەی زیادەمەسرەفی و دەستكردن بە داهات و بەفیڕۆنەدانی سامانەكان و فرەجەشنكردنی ئابووری نموونەیەكی بەرچاوی ئەو گۆڕانكارییانە بوو  كە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامە چاكسازییەكەیی و بەپێی ئەو كارنامەیەی پێشكەشی كردبوو بەكردار پەیڕەوی كرد، لایەنێكی گرنگی ئەم گۆڕانكارییانەش بابەتی هونەری كارگێڕی و بەڕێوەبردن بوو،  ئەمەش بۆ گۆڕینی فكری ئیدارەدان بوو بۆ ئیدارەكردن ، ئەم دوو چەمكە دوو وشەی نزیك لەیەكن بەڵام جیاوازن لەواتا و ناوەڕۆكدا لە ئیدارەداندا بۆ ماوەیەكی كاتیی و قەیرانەكە یاخود بابەتەكە بەڕێوەدەبرێت و  چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانمان بۆ ناكات.

ئەم واقیعە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر زوو  دركی پێ كرد بەتایبەتی ئەو كاتەی زنجیرەیەك سەردان و كۆبوونەوەی لەگەڵ دامەزراوەكانی وەزارەتەكان سازدا و لەنزیكەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وەزارەتانە كردوو جەختی لەسەر گرنگی بەڕێوەبردنی زانستییانە و واقیعبینانەی سێكتەرەكان كردەوە ن بەڕێزیان لەنزیكەوە ئەو راستییەی بۆ دەركەوت كە سەرچاوەی زۆربەی كێشەو گرفتەكان و چارەسەرنەكردنیان بۆ ئیدارەكردن دەگەڕێتەوە ، هەربۆیە لەسەرەتای  دەست بەكاربوونی كابینەكەشدا  كاری بۆ چاكسازیی ئیداریی كردوو ئەم هەنگاوەشی رۆڵی لە چاكسازیی دارایی هەبوو.

بە واتایەكی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكردار هەنگاوی چاكسازیی ئیداریی و دارایی ناوە ، چونكە ئەم سیستەمەی ئێستا لەزۆر دامەزراوەكان پەیڕەو دەكرێت سیستەمێكی كۆنەو جێگای گلەیی و رەخنەی هاوڵاتییانە ،  تەنانەت لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی كوردستان ناگونجێت و لە ئیدارەدانەوە نزیكە. رێكخستنەوەی ئەم سیستەمە ئیدارییە و هەنگاونان بەرەو حكومەتی ئەلەكترۆنی بەهاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو پێویستی بە توانا و بەهرەی كارمەندوو پشتبەستنە بە تۆڕی ئەنتەرنێت و بوونی ئامێری پێشكەوتووی كۆمپیوتەروو پشوو درێژی هەیە ،  تەنانەت پێویستیمان بەوە هەیە لەزۆربەی دامەزراوە پەیوەندارەكان ئەم تۆڕە ئەلەكترۆنییە هەبێت.

ئێمە لە وەزارەتی كارەبا لە رێگەی پۆستی ئەلەكترۆنییەوە توانیمان دامەزراوەكانی كارەبا لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان راستەوخۆ بەدیوانی وەزارەتەوە ببەستینەوەو مامەڵەكانی هاوڵاتییان زۆر خێرا بكرێت ، بەڕادەیەك لەماوەی هەمان رۆژدا مامەڵەكە جێبەجێ بكرێت ، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر زۆر مامەڵە هەبووە بەلانی كەم دوو هەفتەی دەویست تاوەكو تەواو دەبوو ، ئەمە جگە لەوەی رێژەی وونبوونی مامەڵە و ناشەفافییەت بووە سفر و دامەزراوەكانی ئیدارە تەرشیق كرانەوە ، راستە لەسەرەتای كارەكانی چاكسازیی ئیدارەكردندا رووبەرووی ئاستەنگ و بەربەست دەبینەوە و رەنگە قورساییەك بكەوێتە سەر ئەو فەرمانبەرانەی ساڵانێكە بەو شێوازەی كاركردنی تەقلیدی و كۆنە ڕاهاتبوون ، لەم هەنگاوەی ئیدارەكردنی دامەزراوەكان و بەڕێوەبردنی عەقڵانی سێكتەرەكان پێویستیمان بە خەڵكی شارەزاو خاوەن ئەزموون هەیە ، تاوەكو بەهاوشێوەیە وڵاتانی پێشكەوتوو سوود لە ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا وەربگرین.

ئەم هەنگاوەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەئەلەكترۆنیكردن و بەدیجیتاڵكردنی دامەزراوەكان رۆتین و بیرۆكراتییەتی كوشندە كەم دەكاتەوەو، مامەڵە و كارەكان خێراتر بەڕێوەدەچن.

ئەم هەنگاوەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەئەلەكترۆنیكردن و بەدیجیتاڵكردنی دامەزراوەكان رۆتین و بیرۆكراتییەتی كوشندە كەم دەكاتەوەو، مامەڵە و كارەكان خێراتر بەڕێوەدەچن و سەرەو نۆرە كە زۆربەی جار واسیتە و مەحسوبیەت و گەندەڵی لێدەكەوێتەوە نایهێڵێت، جگە لە ئەرشیفكردنی دیجیتاڵی و خێرا دۆزینەوەو چاودێركردنی مامەڵەكان و كارەكانی چاودێری و بەدواداچوونی دارایی و دامەزراوە رەقابییەكانیش باشتر دەكات.

هەنگاونان بەرەو چاكسازیی و گۆڕانكارییەكان و بەدیجیتاڵكردنی دامەزراوەكان هونەری ئیدارەكردن و بەڕێوەبردن سەركەوتوو تر دەكات، ئەمەش پێویستی بە كەسێكی دەوڵەتمەداری وەكو بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە لەناو ئەو هەموو ئاستەنگ و بەربەستانەدا كار بۆ ئەوە دەكات سێكتەرەكان و قەیرانەكان ئیدارەیەكی راست و دروست بكات و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزێتەوە ، نەوەكو تەنیا ئیدارەدانی قەیرانەكە بكات ، ئەمەش پێویستی لە پاڵپشتی جەماوەرو خەڵكی كوردستان هەیە راستە سەرەتای گۆڕانكارییەكان رەنگە لێرەو لەوێ كەسانێك بۆیان قورس بێت یاخود ئیلتزاماتێكی زیادە بكەوێتە سەرشانی فەرمانبەرەكان ، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و لەماوەیەكی دیاریكراودا دەستكەوتەكانی ئیدارەكردن  دەردەكەوێت.

دیدگای سەرۆكی حكومەت و كابینەكە دیدگایەكی دەوڵەتمەدارە و مامەڵەیەكی راست و دروست لەگەڵ قەیران و كێشەو گرفتەكان دەكات ، بەڕێزیان نایەوێت تەنیا ئیدارەدانی قەیرانەكان بكات بەڵكو دەیەوێت لەرێگەی ئیدارەكردنێكی راست و دروست و زانستییەوە كۆتایی بەقەیرانەكە و لاوازی بەڕێوەچوونی فڵانە سێكتەر بهێنێت ، لە ئیدارەكردندا لەبەرپرسیارێتی راناكەین بەپێچەوانەی ئیدارەدانەوە كە تەنیا بۆ ماوەیەكی كەم ئیدارەی بابەتەكە یاخود گرفت و كێشەكە دەكرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ نادۆزرێتەوە.

واژووكردنی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ مۆركێكی ئیدارەكردنی وەرگرتووە ، سەرۆكی حكومەت نایەوێت گرفتەكانی نەوت و گاز و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و بڕیاری دادگای ناوبژیوانانی پاریس و سەدان ئاستەنگ و بەربەست لە چوارچێوەیەكی داخراودا بێت و بچێت و ئێمەش لەهەرێم ئیدارەی دۆخەكە بدەین ، بەڵكو بەم رێكەوتنە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای لەبەردەم نەك تەنیا چارەسەركردنی ئەم دۆسێیە واڵاكرد بەڵكو ئومێدێك بۆ چارەسەری سەرجەم دۆسێ هەڵپەسێردراوەكانیش نرا. بەمشێوەیە ئیدارەكردنی دامەزراوەكان و سێكتەرەكان یەكێك لە خاڵە گرنگ و گەورەكانی چاكسازیی و دەربازبوونە لە ئیدارەدانی كاتی.