فەلسەفەی خوێندن و بونیادنانی كوردستانێکی مۆدێرن

Kurd24

بیرۆکەی خوێندن وەکو ڕەهابوون و پێگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی فەلسەفەی یۆنان، کە ئامانجی ئامادەکردنی مرۆڤ بووە لە ڕووی هزر و جەستە و دەروونەوە بۆ چوونە ناو فەزای عەقڵێکی گشتی، واتە چوونە ناو فەزای توێژینەوەی هزری و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی.

ئاشکرایە کەوا بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی زینددوو بە خیاڵ پڵاوی دەمێنێتەوە، ئەگەر زانست و زانیاری پشت گوێ بخرێ. چونکە ئەو پێوەرانەی سەردەمێتی هەر کۆمەڵگەیەکی پێ بپێورێ، پەرەسەندنێتی لە ڕووی تەکنەلۆژیا و ئاستی زانستی و پەروەردەیی.

توێژینەوەی زانستی دەرئەنجامی خوێندێکی گەشەسەندووە، ئەمەش بۆ پرۆسەی نوێکردنەوە و گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی درووستە. ناکرێ چاوەڕوانی نوێبوونەوە بکەین لە کۆمەڵگەیەك، کە مەبەستی پێشکەوتن و مۆدێرنبوون بێ، ئەگەر زانست و تەکنەلۆژیا ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان پێ نەدرێ.

دەکرێت توێژینەوەی زانستی بە میکانیزمێکی پێویست دابنرێ بۆ گەیشتن بە چارسەرێکی سەرکەوتووانە بۆ کێشە و بابەتە ژیارییەکانی وەکو نیشتەجێبوون و پەروەردە و تەندروستی و دابیکردنی ئاو و کشتوکاڵ و گواستنەوە و ژینگە و ئاڵودەیی ژینگە و کاروباری ئاسایشی لە چەشنی جەنگ و ئاشتی. ئەمە بێجگە لە بابەتی تری گرێدراو بە پەرەپێدان و نەخشەکان بۆ ئایندە لە دیراسەتکردنی هەسارەکان و نوققمبوون لەناو زانستەکانی کۆمپیوتەر و بەرنامەسازی و زانستی ئەندازیاریی بۆماوەیی.

ئەمە ئامرازێکی گرینگە بۆ چەسپاندنی ڕۆشنگەرایی لەناو کۆمەڵگەی مرۆیی لەپێناو بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لە زانست و زانیاری.

تەکنەلۆژیا دەتوانێ زانست و زانیارییەک کۆکراوەکانی کۆمەڵگە، کە فاکتەرێکی کارای ژیانی هاوچەرخن، بگۆڕێ بۆ سوودێکی کۆنکرێتی، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی سروشت و پێکهاتەکانی لە بەرژەوەندی مرۆڤ.

ئەنجامنەدانی توێژینەوەی زانستی و پەراوێزخستنی زانست ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی دەبێت لەسەر پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان.

دواجار زانکۆکان دەبن بە ناوەندگەلێ بۆ کەڵەکەکردنی ئەو دەرچووانەی، کە ناتوانن پێداویستییەکانی بازاڕی کار پڕبکەنەوە.

بەو شێوەیە دەرچوویەکی زانکۆ، کە ئەمڕۆ نەتوانێ هاوەڵی نوێکارییەکانی ئەو زانستە بکات، کە خوێندوویەتی، ئەوا پاش دابڕانی لە زانکۆ دەبێت بە کەسێکی بێکار و دەبێ بە بارگرانییەك بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی، کە هێشتا لە نەشونومادایە.

خۆیندن پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەش دەتوانێ تەنها ئەو شتە بە نەوەکانی بدات و بگەیەنێ، کە خۆی دەیزانێ و باوەڕی پێی هەیە.

هەرێمی كوردستان پێویستی بە ڕابوونێکی زانستی هەیە، کە لەسەر دیدێکی ئایندەیی و دادپەروەرانە بونیادنرابێت. چونکە بنەمای ڕابوون و ڕۆشنگەری و ڕینێسانس، کە ئێمە زۆر پێویستمانە، بەر لە هەموو شتێ بەرزڕاگرتنی ڕۆشنبیری و پاراستنی ناسنامەی کوردستانییە.

گرینگیدان بە خوێندن و توێژینەوەی زانستی و ئامادەکردنی کەش و هەوا و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ توێژەران و زانایان و ڕێزگرتن لە کارەکانیان و هەوڵدان بۆ گشتاندنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر هەمووان بنەمای سەرەکین بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە.

ئەو کۆمەڵگەیەی نەزانێ، کە ئەم سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین سەردەمی زانست و زانیارییە، ئەروا بە دڵنیاییەوە ناتوانێ دەوڵەتێکی تۆکمە دابمەزرێنی.

ئەگەر کۆمەڵگەیەك ئالودەی پەرگیری ئاینی بووبێت و گرێدراو بێت بە تاڵی نەرمی جاڵجاڵۆکەیی ڕەوتە نانیشتمانییەکانی، کە بەردەوام کار بۆ کاڵکردنەوەی بەها نیشتمانییەکان دەکەن،، ئەوا ئەستەمە بتوانێ ڕێگربێت لە دزەکردنی ئەو هەستانە بۆ ناو دامەزراوەکانی خوێندن. 

پێویستە دامەزراوەکانی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان بنەماکانی فەلسەفەی پەروەردەیی بە شێوەیەك بچەسپێنن، کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو ڕابوونە مرۆییەوە و ئەو دیموکراسیەتەی، کە جیهان بەخۆیەروە دەیبینێ.

پێویستە هەنگاو بە هەنگاو کاری جدی بکرێت بۆ گۆڕینی مەنهەجی خوێندن لەسەر ئاستی هەموو قۆناغەکانی خوێندن، تا ناوەڕۆکی دیموکراسیەت و چەمکەکانی وەکو هاوڵاتیبوون و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکسانی و ئازادی و مافی ژیانێکی پڕ سەروەری لەناو هزری نەوەی نوێ و کۆمەڵگەی مۆدێرن ڕەگ دابکوتێ و کۆمەڵگەی کوردستانی لەگەڵ کۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و هزرییەکانی جیهانی پێشکەوتوو هاوهەنگاو بێت. 

پێویستە خوێندن لە "تلقين" ئیندۆکترینەیشن دووربکەوێتەوە، چونکە تەلقین دەبێتە هۆی دروستبوونی مێشکێکی کەڕ، کە هاوشێوەی کۆگایەکی زانیاری کاردەکات، نە وەك وزەیەکی سەرسوڕهێنەر بۆ بیرکردنەوە. هێشتا سیستەمی قوتابخانە حکومییەکان، سەرەڕای هەوڵی جدی کابینەی نۆییەم بۆ پەرەپێدانیان، گرفتیان زۆرە، بۆ نموونە باڵەخانەکان لە ئاستی پێویست نین و کاتی وانەووتنەوەکان کورتن و  ئاستی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گشتی نزمە و پڕکردنەوەی زیاد لە پێویست و بێ سوود لە کۆرسە پەروەردەییەکان هەیە، بێجگە لە نەبوونی پەیوەندی لە نێوان پەروەردە و پێداویستیەکانی کار و کارامەیی بەردەست و جیاکردنەوەی پەیوەندی نێوان زانست و ڕەوشتی بەرز و لاوازی هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی.

نەوەکانی داهاتوو پێویستان بە بونیادێکی فەرهەگی درووست هەیە. بۆ ئەوەی بە پێچەوانە بیر نەکەینەوە و بەرەو دواوە هەنگاو نەنێین و دوانەکەوین لە تێکەڵبوون بە جیهانی نوێ، کە بەردەوامە لە شۆڕش و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی تەکنەلۆژیای زانیاری و فەرهەنگی، پێویستە کۆڕبەندی پەروەردەیی وۆرکشۆپی تایبەت بە ڕاهێزانی مامۆستایان ئەنجام بدرێن،  چونکە مامۆستا پردی پەیوەندی نێوان زانست و قوتابییە.

پێویستە مامۆستایانی قوتابخانەکان دەوڵەمەند بکرێن بەو چەمکە نوێیانەی، کە دەگونجێن لەگەڵ ئامجەکانی درووستکردنی فەرهەنگی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی باوەڕهەبوو بە بنەماکانی دیموکراسیەت و مرۆڤایەتی.

هەر ئەو چەمکانە دەتوانن ببنە مایەی بەهێزکردنی بیرۆکەی هاوڵاتیبوونی کوردستانی، کە باوەڕی بە ئایندەسازی و نیشتمانسازی بێت.

بەو شێوەیە دەتوانێت هزر لە هەرێمی كوردستان قۆناغ و ئاراستە جیاجیاکان تێپەڕێنێ، بۆ ئەوەی پشکداربێت لە درووستکردنی پەرەپێدان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەش دەکرێ لە ڕێگەی کردنەوەی هێڵەکانی پێکەوەژیان و درووستکردنی بواری دەستاودەستکردن و ئاڵۆگۆڕکردن بێت، چونکە ئەو کەسەی لە ئێستا تێ نەگات، ناتوانێ ڕابووردووی خۆی بەکاربهێنێ بۆ ئامادەبون بۆ داهاتوو.

پێشینان ووتوویانە: "گەلێکی مەزن دەتوانێ بیرۆکەی گەورە بەرهەم بهێنێ، بەڵام بیرۆکەی گەورە ناتوانێ گەلێكی مەزن بەرهەم بهێنێ."

دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبیرگ، ئەڵمانیا