حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر قەیرانەکاندا

Kurd24

هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە، کە پێویستی بە هەوڵی حکومەتی هەرێم هەیە، بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ هاووڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری.

بەردەوامبوونی ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانە بۆ دەیان ساڵ، کە تێیدا گەلی کوردستان خەباتی کرد و خوێنی زۆر بۆ بەخشی بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی سیستمێکی فیدراڵی، کە یەکەم سیستمی لەو شێوەیەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە سێ دەیەی رابردوودا هەرێمەکە رووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و دەرەکی و گەمارۆی ئابووری و وێرانکاری رژێمی پێشوو بووەوە.

دوای ساڵی 1992 حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیکرد بە دانانی بناغەی ئەو سیستمە فیدراڵیەی ئێستا هەیە و بووەتە هۆی پاراستنی مافی گەلی کورد و بەدیهێنانی خەونەکانی، لە رێگەی ئەو سەربەخۆییەی بەدەستیهێناوە، ئەو بەشە بوودجەیەش کە هەرێم وەریگرتووە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان بووە، سەرەڕای ئەو دۆخ و هەلوومەرجانەی پەیوەستبوون بە پێدانی بەشە بووجەکانەوە.

بەڵام دۆسییە پەیوەندیدارەکان، کە کاریگەری زۆر و قووڵیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی هەرێم هەیە، دیارترینیان بریتییە لە دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان، دۆسیەی نەوت و غاز، دۆسیەی راپرسی، دۆسیەی پێشمەرگە و دۆسیەی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەم دۆسیەیانە ئاستەنگ بوون لە بەردەم حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستاندا، لەکاتێکدا حکومەتی ناوەندی پابەند و بەپەرۆش نەبووە بۆ چارەسەرکردنیان.

بەڵام حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، کە رۆژی 10/7/2019 پێکهێندراوە و لە 10/7/2023 ماوەکەی کۆتایی دێت، رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەوە بووەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، کە ئاڵنگاری لەو شێوەیە، بەرۆکی هیچ حکومەتێکی پێشتری هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە.

ئەم حکومەتە رووبەڕووی دۆسیەیەکی ئاڵۆز بووەوە، کە کاریگەری هەبوو لەسەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی، ئەوەش دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و بەردەوامبوونی ئێرانە لە بۆردوومانکردنی ناوچەکە بەهۆی بوونیان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستاندا، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین دۆسییەکان، بەڵام بەو سیاسەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کرد، توانی بە زیرەکییەکی جیاواز دۆخەکە تێپەڕێنێت و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە لە داگیرکاری.

ئەو میکانیزمەی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێکرد لەگەڵ ناوەند، کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەسەر دۆخی سیاسیی ناوخۆیی، لە رێگەی بڕیاردان لەسەر یاسای نەوت و ئەو رێککەوتنە نەوتییەی لە نێوان هەولێر و بەغدا واژووکرا، بۆ کۆتاییهێنا بەو دۆسیەی ساڵانێکی زۆر جێگەی ناکۆکی بوو، ئەمەش سەرەڕای هەوڵە سیاسییەکان لە بەغدا، بۆ هاندانی یەکێتی و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشاری ناوخۆیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخ و هەلومەرجە سەختانە، توانی دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت، کە دۆخی ئابووری و گوزەرانی باشترکرد، بە تایبەت لە رێگەی کەمکردنەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچەی تەواوی ساڵەکەوە.

ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن، کە حکومەت جێبەجێی کردوون، بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کورد.

لەکۆتاییدا هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و تێدەکۆشێت لەپێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی ئابووریدا، لە رێگەی بوونی سەرکردەیەکەوە کە توانای سەرکردایەتیکردن و بەڕیوەبردنی هەیە.

ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی قورتاس نیوز بڵاوکراوەتەوە https://www.elqurtasnews.com/news/128475