حکومەتەکەی مەسرور بارزانی... ئامانجەکان بە ئومێد و کۆڵنەدان بەدیهاتن

Kurd24

دەستیپیکرد و داهێنانی تێدا کرد... ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا بەدەستی هێنا.. نووسەران و میدیاکاران لە رێگەی میدیاکانەوە باسی دەستکەوتەکانی دەکەن.. لەسەر رێچکەی بنەماڵەی بارزانی رۆشت.

بێگومان حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەستکەوتی هەبوو، بەڵام لەهەمان کاتدا ئاڵنگاری گەورەی لەبەردەمدا بوو، لە 10/7/2019 دەستبەکاربوو لە 10/7/2023 ویلایەتەکەشی کۆتایی دێت، دەتوانم ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتەکەی کاک مەسرور بۆ ئەمانەی خوارەوە دابەشبکەم:

- ئاستەنگی ناوخۆیی( ناوخۆی هەرێم): بە میراتی قورسی کێشەکان دادەنرێت، لەوانە قەرزەکان کە نزیکەی 32 ملیار دۆلار و نیو بوو، کە بڕە پارەیەکی زۆر گەورەیە پەیوەستە بە قەرزەکانی ناوخۆی وەبەرهێنەران و بازرگانان و بەڵێندەران و هاووڵاتییان، جگەلەوەی حکومەتی پێشوو هەڵەیەکی کوشندە و گەورەی کرد بە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەر یەک، کە بووە هۆی بارگرانییەکی گەورە و بەرپرسیارەتی لەسەر حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، هەروەها کێشە دارایی و کارگێڕییەکان لەگەڵ کێشە تەندروستییەکان بە تایبەتی پەتای کۆرۆنا، کە بە کۆمەڵ ئاڵنگارییەکەی بەهێز و دیاربوون بۆ کاک مەسرور، کێشەکەش لێرە کۆتایی نەهات، بەڵکو فراوانتر بوو و ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی( پارتی و یەکێتی) تێکەڵبوو، کە وایکرد هەرێم بەرەو سیستەمی دوو ئیدارەیی بچێت نەک ئیدارەیەکی یەکگرتوو، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر سەقامگیری هەرێم و حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی هەبوو، هەروەها گەندەڵی لە زۆرێک لە دامودەزگاکانی حکومەتدا دەستنیشانکرا، وە بێگومان پێوستی بە هەوڵێکی زۆر و ئیدارەدانێکی حەکیمانە بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و، لابردنی بەربەستەکان و، وەستانەوە بە رووی ئاڵنگارییەکاندا.

بەڕێز مەسرور بارزانی توانی بە ئارامی، تەکتیک، شارەزایی و وردینی خۆی لە بوارەکانیی سیاسی و کارگێڕیدا قەرزەکانی هەرێم لە 32 ملیارەوە بۆ 28 ملیار دۆلار کەمبکاتەوە، ئەویش بە چارەسەرکردنی گەندەڵی و زیادکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا پشکی هەرێمی لە بودجەی فیدڕاڵی بڕی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت گرتییەبەر، مووچەی هەموو مانگەکانی فەرمانبەران دابەشکرا بەپێچەوانەی حکومەتی پێشووی هەرێم کە بۆ چەند مانگێک مووچەی فەرمانبەرانی نەدا و بەشێک لە مووچەکانیانیشی پاشەکەوت کرد، ئەوەش کێشەی گەورەی لەنێوان حکومەت و فەرمانبەران دروستکرد، سەرباری ئەوەی بەغدا بودجەی هەرێمی نەدەنارد تەنیا هەندێک هاوکاری نەبێت، حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی توانی پشتبەستن بە داهاتەکانی نەوت کەمبکاتەوە و سەرچاوەکانی داهات فرەچەشن بکات و پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت ئەویش لەڕێگەی پشتیوانیکردنی کەرتەکانی کشتووکاڵ، پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت کە بۆیەکەمجار هەرێم دوای پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆیی بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی دەرەوە کرد، حکومەتەکەی کاک مەسرور نەخشەرێگایەکی داڕشتووە بە تایبەتی بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی  لەهەمانکاتدا پشتبەستن بە توانای خۆیان نەک چاوەڕێی دامەزراندن بکەن، کە پێچەوانەی حکومەتەکانی پێشوو بوو کە وایکرد هاووڵاتی پشت بە دامەزراندن ببەستێت و  واز لە کەرتی تایبەت بهێنن، ئەمەش بارگرانی لەسەر حکومەت و کارایی دامەزراوەکانی دروستکرد.

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی دەرەوە(دەرەوەی هەرێم): کە خۆی دەبینییەوە لە کێشەی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا، بەجۆرێک حکومەتی پێشوو دەستپێشخەری نەکرد و بە چارەسەرنەکراوی بەجێیهێشت تا ئاڵۆزتر و خراپتر بوو، تا ئەوکاتەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی هات و کەناڵەکانی گفتووگۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کردەوە و یاسای نەوت و غازیش لە چوارچێوەی کارتی رێککەوتنی سیاسیدا بوو کە بەشێک بوو لە کارنامەی حکومەتەکەی سوودانی کە پەرلەمان پەسەندیکرد بەڵام یاساکە تا ئێستا دەرنەچووە، لە بەدەرچوونی کێشەی نەوتی هەرێم کۆتایی دێت، هەروەها کاک مەسرور توانی بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کێشەی هەناردەکردنی نەوت چارەسەر بکات، پێش ئەوەی دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاربدات بە نایاسایی بوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئەگەر سەرکردایەتی ژیرانە و حەکیمانەی کاک مەسرور نەبووایە ئەوا هەرێم لەبەردەم ئەو کێشە کەڵەکەبووانەدا دەڕووخا.

لە رێگەی چاودێریکردنمان بۆ کار و چالاکییەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە 218 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەنجامداوە کە زیاترە لە کۆی کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو، هەروەها بڕیاری گرنگ و ستراتیژی لەو کۆبوونەوانەدا دراون، سەرباری ئەنجامدانی پڕۆژەکان کە لەماوەی چوار ساڵدا ئەنجامی داون و تا ئێستا گەیشتوونەتە زیاتر لە 3425 پڕۆژە بە تێچووی نزیکەی 13 ترلیۆن دۆلار، ئەو ژمارەیە و پڕۆژانەش ئاستی چاوەڕوانییان تێپەڕاندووە، لەبەرئەوەی سەرکەوتن بە سادەیی لە خۆڕاگرییەکانەوە بەدیهاتووە نەک تەنیا بە خۆزگەکان، کە کاک مەسرور لەماوەی ئەو چوار ساڵە و ئێستاش بە خۆڕاگرییەوە بەردەوامە.

ئیبن خەلدوون، لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت ڕاستی زمانی ژمارەکانە، لەم نووسینەدا بە زمانی ژمارە قسەمان لەسەر دەستکەوتەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی کرد لە ماوەی چوار ساڵدا کە بینەری تەحەددا و کێشە و ئاستەنگەکان بووین کە کەس نەیتوانی بەرگەیان بگرێت مەگەر لێهاتوویی و زیرەکی کاک مەسرور بارزانی نەبێت، کە تا ئێستاش پابەندە بە بەرگریکردن لە دۆز و مافەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ناتوانین چاوپۆشی لە بەشداری کاک مەسرور بکەین بۆ ڕزگارکردنی شنگال لە چنگی تیرۆرستانی داعش، هەروەها لە سەردەمی حکومەتەکەی بەڕێز کازمیدا ڕێککەوتنێک هەبوو بۆ گەڕانەوەی خەڵک لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بەڵام بەداخەوە پابەندی رێککەوتنەکە نەبوون، بەهۆی بوونی لایەنەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

کاک مەسرور سیاسەتی ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەلامەتی بۆ راکێشانی وەبەرهێنان پەیڕەوکرد، چونکە بنەمای ئابووری ئاماژە بەوە دەکات (سەرمایە ترسنۆکە) و پێویستی بە سەقامگیری هەیە، سەرباری  ڕەخساندنی دەرفەتی زۆر کە خزمەتی هاوڵاتییانی هەرێم دەکات، هەروەها ڕێگای دیپلۆماسی بەرهەمداری بەرامبەر حکومەتی ناوەندی گرتەبەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ئەمەش لە سایەی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی کاک مەسرورەوە بوو.

ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی 1Newsبڵاوکراوەتەوە https://1news-iq.com/%d8%ad%d9%83%d9%88%d9%85%d8%a9-%d9%85%d8%b3%d8%b1%d9%88%d8%b1-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%d8%b2%d8%a7%d9%86%d9%8a-%d8%a7%d9%87%d8%af%d8%a7%d9%81-%d8%aa%d8%ad%d9%82%d9%82%d8%aa-%d8%a8%d8%b7%d9%85%d9%88/