کاتێک باسی سەرکەوتن دەکەین.. حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە نموونە

Kurd24

کێشەکانی عێراق بەشێوەی بازنەیی دووبارە دەبنەوە، چوونکە کێشەیەک کۆتایی نایەت، تا کێشەیەکی دیکە دروستدەبێت، ئەمە نەریتێکی باوە لە دوای ساڵی 2003 ەوە، بەڵام کێشە مەترسیدارەکان ئەوانەن کە دروستکراون (کێشەی بەڕێوەبردن)، ئەمەش ئەوەیە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان روویدا، بە تایبەت لە ماوەی کابینەکەی بەڕێز مەسرور بارزانیدا، کە هیچ حکومەتێک توانای بەرگەگرتنی ئەو ئاڵنگاری و کێشە کەڵەکەبووانەی نەبوو، کە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بوون، ئەو دۆخە پێویستی بە سەرکردایەتییەکی تەندروست و ئیدارەدانێکی نموونەیی کێشەکان بوو، بۆ چارەسەرکردنیان و دابینکردنی خزمەتگووزاری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی پلانێک، کە ئامانجەکان بەدیبهێنێت لە رێگەی هەوڵدانێکی کەمەوە.

ئەگەر لەبارەی کێشەکانەوە بدوێین، ئەوا زۆرینەیان کێشەکانی حکومەتەکانی پێشووی هەرێمی کوردستانن، کابینەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی کێشە کەڵەکەبووەکانی بە میرات وەرگرتووە و پێویستی بە نەخشە رێگایەک هەبووە، بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە لە ناوخۆدا بە هاوبەشی لە نێوان دامەزراوەکان و هاووڵاتیانی هەرێمەکەدا، هەروەها بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و کاریگەری بڕیارەکانی لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

بەهۆی شکستهێنانی بەڕێوەبردنی حکومەتەکانی پێشتری هەرێمەوە، کە مامەڵەیان لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکاندا بووەتە هۆی قەرزێکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان و قەبارەکەی گەیشتووەتە 32 ملیار دۆلار، ئەمەش پارەیەکی زۆرە و پێویستە لە چەند ساڵێکدا بگەڕێندرێتەوە، بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانەکان و بەڵێندەران و هاووڵاتیان، بەڵام کابینەی حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی و ئیدارەدانە بەهێزەکەی، توانی قەبارەی قەرزەکە کەمبکاتەوە بۆ 28 ملیار دۆلار، هەروەها حکومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان رێگەیەکی نا دروستی گرتبووەبەر، بۆ پاشەکەوتکردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵی یەک لەدوای یەک، ئەو پێشێلکارییەش بووەتە کێشەیەکی گەورە، بەڵام کاتێک کابینەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی هات، توانی مووچەی سەرجەم مانگەکانی ساڵ بەسەر فەرمابەراندا دابەشبکات، بەبێ هیچ لێبڕینێک، ئەوەش لە کاتێکدا بوو حکومەتی ناوەندی پشکی هەرێمی کوردستانی نەدەنارد، بەڵکو تەنها هەندێک هاوکاری کراوە کە نەیدەتوانی پێداویستی راستەقینەی هەرێم پێکبهێنێت.

حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە، بۆ نموونە قەیرانی کۆرۆنا و ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) کە وای لە بەڕێز مەسرور بارزانی کرد، لەبری یەک ئیدارە مامەڵە لەگەڵ دوو ئیدارە بکات، کە ئەوەش لێکەوتەی گەورە و مەترسیداری هەبوو، بەڵام دانایی بەڕێز مەسرور بارزانی لە نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و هەمیشە داواکردنی دیالۆگی بنیاتنەر و بەرهەمداری دوور لە ململانێ و کێشمەکێشە سیاسییەکان، وایکرد حکومەت بەشێوەیەک هەنگاوبنێت، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دامەزراوەکانی حکومەت و هاووڵاتیان هەبێت.

پێویستە ئەوەمان بیرنەچێت، کە حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، بەهۆی ئەو کێشانەی کە حکومەتەکانی پێشتر لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بۆی بەجێهێشتبوو، لە نێویاندا کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەڵام حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی توانی، لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و کردنەوەی کەناڵە جیاوازەکانەوە لەگەڵ بەغدا بگاتە چارەسەر، لە راستیشدا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی گەیشتنە چارەسەرێک بۆ هەناردەکردنی نەوت، پێش ئەوەی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی (پاریس) لەبارەی هەناردەی نەوتەوە دەربچێت.

لەبارەی کێشە هەڵواسراوەکانی شنگالەوە، حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، رۆڵێکی گەورەی هەبوو، لە بەدواداچوونی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشدا، رێککەوتنێکی هاوبەشیش لەگەڵ حکومەتەکەی بەڕێز مستەفا کازمی کرا، بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شنگال، بەڵام بەداخەوە، پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکەیانەوە، ئێستاش ئەوانەی شنگالیان کۆنترۆڵکردووە گرووپێکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە.

لە روانگەی بەدواداچوونەکانمان بۆ کاری سیاسیی لە ماوەیەکی درێژدا، دەتوانم بە راستگۆییەوە بڵێم، ئەگەر بەڕێز مەسرور بارزانی نەبوایە، هیچ کەسێکی دیکە نەیدەتوانی قەیرانە ناوخۆییەکان، سەرەڕای قەیرانی دەرەکی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر دۆسیە جیاوازەکان بەڕێوەببات، ئەوەش نیشانەی سووربوونی بەڕێز مەسرور بارزانییە، لەسەر ماف و سەروەری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا.

ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی قورتاس نیوز بڵاوکراوەتەوە  

كوردستان تحديات ونجاح - وكالة اخبار المستقبل (mustaqbl.net)