مه‌سرور بارزانی مه‌له‌زانێكی سیاسی سه‌ركه‌وتوو به‌رامبه‌ر به‌ ته‌وژمی شه‌پۆلە دژەکان

Kurd24

پاراستنی بەرژەوەندی گەل و پاراستنی کەلتوور و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئاسان نییە، لەنێوەندی بەریەککەوتنی شەپۆلە سیاسییە مەزهەبی و پێکهاتەکان کە بە فشاری بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان جۆشدەدرێن، هەروەها کێشەکانی نێوان دوو حزبە کوردییە سەرەکییەکە، هاوشان لەگەڵ عێراقێکی لاواز کە بە هەموو هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت کە بۆ شەڕی ناوخۆ تاودەدرێن، سەرباری بوونی حکومەتێک کە سەرکردایەتی یەکگرتوو و کۆنتڕۆڵی نیشتمانی لەدەستداوە.

لێرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی لە 2019-2023 رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە و سەخت بووەوە، بەتایبەتی ئاڵنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە داراییەی کە هەرێمی گرتەوە، کە بە بڕینی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دۆخەکە سەختر بوو.

لەوانەیە تەحەدای لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن لایەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و بەکارهێنانی دادگەی فیدڕاڵی لە بەغدا وەک کارتێک لە دژی هەرێم و بڕینی تەواوی بودجەکەی گرنگترین دۆسییە بوو کە رووبەڕووی حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی بووەوە، بەڵام ئەو بە ژیرییە سیاسییەکەی و بەبێ ئەوەی هیچ سازشێک لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات، سیاسەتی نەوتی داڕشتەوە و سکاڵاکانی دادگەی نێودەوڵەتی تێپەڕاند، کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی چارەسەر کرد، رێژەی قەرزەکانی لە 32 ملیار دۆلارەوە بۆ 28 ملیار دۆلار کەمکردەوە و حکومەتەکەی توانی مووچەی فەرمانبەران بۆ هەموو مانگەکان خەرجبکات.

سەرەرای هەموو ئاستەنگەکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە هەموو سێکتەرەکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، جا چ لە ڕووی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی و بازرگانییەوە بێت یان بە دیجیتاڵیکردنی دامو دەزگاکانی هەرێم کە کارئاسانی بۆ کاروبارەکانی حکومەت و هاووڵاتییان دەکات، بەراستی لەوەدا سەرکەوتوو بوو.

هەروەها کابینەی نۆیەم، هەرێمی خستەسەر رێگای پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی خەڵک بۆ کارکردن و پشتبەستن بە توانا و لێهاتوویی خۆیان نەک دامەزراندن لە حکومەتدا، هەر بۆیە بە تەواوی وابەستەی نەوت نەبوو بەڵکو پشتی بەست بە فرەچەشنکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا جێبەجێکران گەیشتوونەتە 3425 پڕۆژە، بە تێچووی نزیکەی 13 ترلیۆن دیناری عێراقی، کە ئەم ژمارانە و تێچووەکەشیان لە دەرەوەی پێشبینییەکانە لەبەر رۆشنایی ئەو ئاڵنگاریی و کێشانەی کە رووبەڕووی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بوونەوە.

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، پێشکەوتن و فراوانبوونێکی دیار بەدیهات لەڕێگەی کۆنفرانس و پێشانگە و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانەوە کە لە ناوچەکەدا بەڕێوەچوون بە ئامادەبوونێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە ئاستێکی بەرز و فراواندا، کە متمانەی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگرت بۆ بەردەوامبوون لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتوورییەوە، ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ بەردەوامی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری کە لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاو و سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینیووە.

هەر بۆیە گوتم، مه‌سرور بارزانی مه‌له‌زانێكی سیاسی سه‌ركه‌وتوو به‌رامبه‌ر به‌ ته‌وژمی شه‌پۆلە دژەکان، هەرێمی خستە کەناراوی ئاسایش و سەلامەتییەوە  بەرامبەر هەموو ئاڵنگارییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سەرباری هەموو ئاڵۆزییەکانیان و ئەو ململانێیەی کە بە هەموو ئاراستەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێن.