دیدگای دەمارگیری و برسیكردنی كورد لەگەڵ فەتوای حەرامكردنی شەڕی پێشمەرگە و كورد یەكناگرێتەوە

Kurd24

تایبەت بۆ كوردستان 24 نووسیوێتی

لە جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتی لەناو مەزهەبی شیعەدا هاوپەیمانیەكی باش لەگەڵ كورد هەبووە ، ئیمام سەید موحسین حەكیم لەساڵی 1965 فەتوای دەركردوو شەڕی پێشمەرگە و كوردی لەشۆڕشی ئەیلوول حەرام كرد ،  بەمەش پەیوەندی ئالحەكیم و مەلا مستەفا بارزانی و كورد بەهێز بوو،  تائێستاشی لەگەڵدا بێت گەورەكانی ئەو بنەماڵەیەی ئال حەكیم هەوڵیانداوە پەیوەندی نێوان هەموو مەزهەبەكان لەیەك نزیك بكەنەوە ،   ئەم هەڵوێستەی مەرجەعی شیعەكان پێچەوانەی هەڵوێستی هەندێك لە گروپە چەكدارەكانی ناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، كە بە پێچەوانەی مەرجەع و بیروباوەڕ و مەزهەبەكەیانەوە راوەستاونەتەوەو بەدیدگای توندوتیژی و دەمارگیری مامەڵە لەگەڵ گەلی  كورد  دەكەن و خەڵكی كوردستان برسی دەكەن، ئەمەش  رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و هێرشكردنی هەندێك لەو گروپانە بۆ  سەر خاكی پیرۆزی كوردستان لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەبیرمان دەهێنێتەوە كە لە دووز خوێنی گەنجی كوردیان رژاندوو خێزانە كوردەكانیان ئاوارە كردوو ماڵ و حاڵیانیان سووتاند.. مامەڵەكردنی نادادپەروەرانە و جێبەجێنەكردنی رێكەوتنەكان تەنیا زیان بەلەدەستدانی متمانەی بارزانی و كورد  بۆ حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی ناگەیەنێت بەڵكو زیان بە پاڵپشتی و پشتگیری نێودەوڵەتی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ حكومەتی ئێستای سوودانی دەگەیەنێت ، ئەو گروپە توندڕەوانەش ئەوەیان لەبیر كردووە كەوا گەلی كورد گەلێكی موسڵمانە و لە مێژووی كۆن و نوێی هاوچەرخدا رۆڵێكی گەورەیان لەخزمەتكردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەبووەو هەڵگری كلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیین و بەدرێژایی مێژوو پەیوەندییەكی رەسەنیان لەگەڵ بەیتی شیعی هەبووە.

خۆ ئەگەر لاپەرەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە بەتایبەتی لەسەردەمی یەزیدی كوڕی معاویە كە شەڕ لەگەڵ ئیمامی حوسێن نەوەی پێغەمبەر (د.خ) لەدەڤەری كەربەلا دروست بوو، معاوییە سوپایەكی گەورە بەرامبەر هێزێكی كەمی 72 كەسی ئیمام حوسێن دروست كردوو، هێرشیان كردە سەر ئەو گروپە بچووكەی ئیمام حوسێن كە ئافرەت و منداڵ و پیاوی بەتەمەنیان لەگەڵدا بوو،  تەنانەت گەمارۆی ئاوو خواردنیان لەسەر دروست كردن و برسیان كردن ،  ئەمەش تەنیا لەپێناو شكاندنی ئیرادەو شكۆی هێزەكەی ئیمام حوسێن بوو، ئەوەی روویدا نەك هەر نەبووە هۆی تێكشاندنی ئیرادە و خۆڕاگری شیعەكان،  بگرە ئیرادە و هەڵوێستیان  بەهێزتر بوو شیعەكانیشی لەمەزهەبەكەیان دوور نەخستەوە . سوود وەرگرتن لە بەندو عیبرەتەكانی مێژوو بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، بەوەی كورد چیتر جینۆساید نەكرێت و هەمووان بەتایبەتی هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق كورد و شیعە و سوننە بەشەراكەت و هاوبەشی و پێكەوەیی عێراق بەڕێوەببەن و ماف و شایستە داراییەكانی كورد بپارێزرێت،    هێرش كردنە سەر رەمز و سەركردە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیش هێرشكردنە سەر رەوایەتی مافەكانی گەلی كوردە كە لەناو دەستووری هەمیشەیی  جێگیركراوە، بەپێچەوانەوە سەپاندنی سزای بەناو یاسایی و دوور لەهەموو پرەنسیبەكانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی زیان بەهەمووان دەگەیەنێت  . ئومێد زۆرە هەروەكو چۆن لەناو گەلی كورد  كەسایەتی كاریزماو سیمبولی نەتەوەیی بارزانی بوونی هەیە  بەهەمان شێوە لەناو مەرجەع و بنەماڵە ناسراوەكانی شیعەش كەسانی میانڕەوو بەتوانا بوونیان هەیە بەوەی  رێگا بەو گروپانە نەدەن لەژێر گوشاری  ئەجیندەو ویستی دەرەكی و دژی ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كورد بووەستنەوە.

كورد گەلێكی خۆراگرە و لەمێژوودا سەلماندوویانە میللەتێكی رەسەن و زیندوون و مل بۆ كەس ناچەمێنن و خاوەنی كاریزماو سیمبولێكی نەتەوەیی سەرۆك بارزانین، كە هەرگیز بۆ بڕیارە نادادپەروەر و سیاسییەكانی دادگای بەناو فیدراڵی ملكەچ ناكەن .  برسیكردن و گەمارۆو كوشتن هەرگیز خودای گەورەو میهرەبان و پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ مەزهەب و ئەهلی سوننە و مەرجەعی شیعەكانیش یەكناگرنەوە ، ئەمە زیانگەیاندنە بەمێژووی پێكەوەژیانی كورد لەگەڵ شیعە و سوننەدا و  دووبارە كردنەوەی هەڵەكانی مێژووە هەر لە ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی گوندو زیندانیكردنی كوردەكان  و تەعریبەوە تاوەكو زەوتكردنی ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كورد و گەمارۆو برسیكردنی ئەم نەتەوە مەزڵومە.