ریفراندۆمی گەلی کورد هەنگاوێکی شەرعی و دەسکەوتێکی کەم وێنە

Kurd24

ریفراندۆمی گەلی کورد یەکێکە لەو دەسکەوتە گرنگانەی تا ئێستاش هەموومان شانازی پێوە دەکەین، چونکە لە 25ی ئەیلوولی2017 و لە پرۆسەیەكی دیموكراسییانەو لەچوارچێوەی یاساو مافی نەتەوەیی، بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیامێكی مەدەنی و راشكاوانەی ئاراستەی سەرتاسەری جیهان كرد، كە بریتی بوو لە ویستی سەربەخۆیی، ئەمەش زادەی بەرهەمداركردنی خەبات و قوربانیدان و كۆششی سەدان ساڵەی رەنجی ئەم میللەتەیە بوو، وەك یەكێ لە دیارترین و مەزڵوومترین نەتەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەكە، كە هەمیشە حەزی لە ئاشتی بووە و ئاواتی لەمێژینەشی گەیشتن بووە بە مافی چارەی خۆنووسین، بوونی ئەو ویست و هەنگاوە بەڵگەنامەیەكی یاسایی و داخوازیەكی هەمیشەیی و شەرعییانەی گەلی كوردستان بوو، ئیدی ئومێدی گەل وایە هەرچیەك ببێ و رۆژگار بەهەر تەرزێ بڕوات و باجەكەی چەندە گەورەش بێت، رۆژێك لە رۆژان ئەم دەنگانە بەرهەمیان دەبێت.
لە روانگەی شەرعەوە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانەو پەروەردگار ئەم مافەی پێبەخشیوە، لەناو ئەم دەوڵەتەشدا مافی خۆیەتی حكومەتی هەبێت، ئیسلام مافی گەلانی رەچاو كردووەو هیچ گەل و وڵاتێكیش بۆی نییە ئەو مافە لە گەلێكی تر زەوت بكات، چونكە خوای گەورە هەر گەل و نەتەوەیەكی بە تایبەتمەندی و لە چوارچیوەیەكی تایبەت خوڵقاندووە، كە سەرەنجام میتۆدی هاوكاری و پاڵپشتی و تەعاروف، دەبێتە سەنگی مەحەك لە ئەدای هەر كارو هەنگاوێكی پەیوەست بە خاڵی هاوبەشی نەتەوەو وڵاتانەوە.
پاڵپشت بەم تێڕوانینە زانایانی ئایینی لە کوردستان لە روانگەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و تێگەیشتنی دروستیان لە دەقەکانی ئیسلام؛ تەواو پاڵپشتی ئەم هەنگاوە مەزنە بوون، لەبەر گرنگی و پێگەی هەستیاری مامۆستایانی ئایینی وەرگرتنی هەڵوێستیان بوو، یەکەمین دانیشتن و کۆبوونەوەی بەرێز سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پرسی ریفراندۆم لەگەڵ زانایانی ئایینی لە کوردستان لەبەرواری 9ی8ی2017 ئەنجام داو بۆچوونی ئەوانی سەبارەت بەم پرسە گرنگە وەرگرت، کە بەلای ئەوانەوە ریفراندۆم تەواو مافێکی شەرعیەو هیچ ئیشکالیەتێک لە ئەنجامدانی نیە، ئەم تێگەیشتنە زادەی ئەو راستیەیە کە هیچ ئایینێك هێندەی ئیسلام جەخت لەسەر سەربەخۆیی ناکاتەوە، هەر بۆ نموونە خودا لە قورئاندا دەفەرموویت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ) الحجرات:13، ئەمەش واتە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێ دروستكردووە و كردوومانن بە گەل و هۆز بۆ ئەوەی یەكتری بناسن، بە واتای ئەوەیە كاتێك من یەكتری ناسین لەگەڵ گەلێكی دیكە دەكەم، ئەو سەروەریی خۆی هەیە و دەبێت گەلی منیش سەروەری خۆی هەبێت، پاشان لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا جۆرێك لە فیدڕاڵی هەیە، هەر هەرێمێك داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی بۆ خۆیەتی و بۆ ئەوەیە گەلەكەی خۆشگوزەران بكات، بۆیە دەكرێت لەم لایەنەوە بڵێین ئیسلام نەک رێگر نەبووە بگرە پشتیوانی مافی رەوای گەلەکەشمان دەکات بۆ موماسەکردنی ئەو مافەی بۆ مرۆڤ و گەل و نەتەوەکانی دیاری کردووە، لەلایەکی تریشەوە هەەرچی فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر بێت)، هەمووی لایەنگیریی كورد وەك گەلێكی موسڵمان دەكات كە بەرگریكارە لە خاك و گەل و نامووسی خۆی؛ بە درێژایی مێژوو لە سەر خاكی خۆی ستەمی زۆری دەرهەق كراوەو نەگەیشتووە بە مافی چارەنووس!
بەداخەوە بارودۆخ و هەلومەرجی نێودەوڵەتی بە بیانووی جۆراو جۆر رێگر بووە لەوەی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، مافی دامەزرانی دەوڵەت بۆ كورد وەك هەر گەلێكی دیكەی ئەم زەمینە مافێكی زۆر ئاسایی خۆیەتی كە بڕیاری لە سەر بدات، هەروەها هیچ ئایەتێكی قورئانیش نییە كە فەرزی كرد بێت ئیللا كورد هەر دەبێت لەگەڵ عەرەب بژی، لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەك بە شێوەیەك بیردەكاتەوە و هەر یەكەشیان هیواو ئامانجی خۆی هەیە، لەمەش زیاتر ئەگەر سەیری روانگەی ئاساییشی ئەم جیهانەوە بكەین و مەبەست پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئەم سەرزەمینە بێت، ئەوا ئاشتی و ئاسایش پێویستی بەوە هەیە كە گەلێك خاوەنی قەوارەیەكی سیاسیی خۆی بێت و خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەیە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش رێز لەیەكتری بگرن، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر سەیری مێژوو بكەین، دەبینین لەو كاتەوە بەزۆر كورد بەو دەوڵەتانەوە لكێنراوە، هەمیشە ئاژاوەو ناسەقامگیری بەردەوام بووە، سەرەنجامیش ژینۆساید و ئەنفال و زەبرو زەنگ و ئاوارەیی و دەربەدەری و نەهامەتی و كارەسات خوڵقاندووە، رەنگە پێچەوانە نەبێت کە بڵێم لە 10 ساڵی رابردوو کاتێ میللەتەکەمان رووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش بووییەوەو قوربانی زۆریشی داو بەڵام دواجار نەیهێشت کوردستان بکەوێتە دەست هەژموون و دەستی رەش و توندڕەویی ئەم گروپە، یەکێ لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش لەناوچەکە بۆ دوورخستنەوەی میللەتی کورد بوو لەم ماف و داوا رەوایەی سەربەخۆیی، بەڵام دواجار میللەتی کورد پرۆسەکەی وەک گەورەترین درفەتی مێژوویی وەرگرت و لە سەدا نۆهەدو سێی گەل بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.
بەداخەوە مامەڵەی بەشێکی ولاتی دەوروبەرو جیهان لەسیاسەتکردن بەرامبەر کورد لەجێی خۆی نیەو زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامیش کە باش دەزانن ئەم مافە خوا بە هەموو گەل و نەتەوەیەکی داوە، بێ دەنگیان هەڵبژاردووەو وەک بڵێی کۆدەنگیەکی ناراستەوخۆ سەبارەت بە نەگەیشتنی کورد بە مافەکانی لە ئارا دایە، بۆیە ناكرێت ئەم فەرهەنگەی بەرەوا نەبینینی مافی کورد بەردەوام بێت، كوردیش وەک باقی گەلان مافی شەرعی خۆیەتی خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت.
لەم پێناوە ئەركە سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان بە هەموو توانایەكانیانەوە دەنگ هەڵبڕن بۆ پاراستنی یەكڕێزی و برایەتی و پێكەوەژیان و وەلاوەنانی دووبەرەكی و ململانێی حزبی و ئایدیۆلۆژی وێرانكارانە، چونكە خاڵی بەهێزی دەرچوون لەم تەنگژەو رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرو پێشهاتەكان و وەستان لەسەنگەری بەرگری كوردستان و گەیشتن بە مافی چارەنووس، بەوە دەبێ پێكهاتەو لایەنە سیاسییەكان بە هەر نرخ و باجێك بێت، یەكڕیزی خۆیان و یەكهەڵوێستی نیشتمانی بپارێزن.
بە کورتی ریفراندۆم وەک گەورەترین دەسکەوتی نەتەوەیی بۆتە ئیرادەی بەرهەمهاتووی میللەتێک؛ هیچ کەس و لایەنێك ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەموو میللەتی کورد بە جیاوازی ئایدیاو ئینتیماوە بە ئیرادەی خۆیان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە (بەڵێ) دەنگیان داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەم ریفراندۆمە بۆتە دیكۆمێنتێكی گەورەی مێژوویی و بۆتە بەشێك لە مێژووی گەلی كوردستان كە لە ریفراندۆمێكی ئازادانەدا دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە، بەڵام بە شێوازی عەسكەرتاری و پیلانی دەوڵەتانی ناوچەكە رێگەیان نەدا ئەم خەونەی كورد بێتە دی.
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.