ریفراندۆم؛ رەتکردنەوەى کۆلۆنیالیى نێودەوڵەتى و داگیرکاریى هەرێمى

Kurd24

سەت ساڵ بەسەر بڕیارى بە فەرمى لکاندنى باشوورى کوردستان بە عێراق و شەش ساڵ بەسەر ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستانیان تێدەپەڕێ و هێشتا هەندێک خەڵک کە ڕیفراندۆم سەلماندى کەمینەیەکى کەمن، لەسەر ئاوازى خۆ تۆمەتبارکردن و ئەوى دیکە بە فریشتە زانین بەردەوامن و بەوە خۆیان و خەڵکیش لەخشتە دەبەن کە هەموو ئەوەى بەسەرمان هاتووە و دێ، لێکەوتەى ڕیفراندۆمە، لە کاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەکەى دروستە و ئەگەر کورد لەماوەى ئەو سەت ساڵەى تێپەڕیوە چەند جارێک ڕیفراندۆمى بکردبا، ئەوا بەردەوام بە ''ئەوانى دیکە'' کە داگیرکەرانى کوردستانن، دەیگوت من هەم و ئێوە هەر هەوڵێک بدەن، ناتوانن ئیرادەى ژیان و بڕیاردان لەبارەى چارەنووسى خۆمم لێوەرگرنەوە.

زۆرن ئەوانەى بە ژێردەستە و پاشکۆ و پەراوێز و خەڵکى جیهانى دووەم و سێیەم و چوارەم ناویان دێ. ئەم زۆرانە دەکرێ ئافرەت بن و بچەوسێنرێنەوە، دەکرێ بەندە بن و خاوەنەکەیان، بەهۆى هەژاری و ڕەنگى پێستیان، بووبێتە خاوەنیان و چۆنى بوێ وا مامەڵەیان لەگەڵدا بکا و دەشکرێ یاریزانێکى تۆپى پێ یان باسکە بێ و لە دونیاى پۆستمۆدێرن و پۆست- پۆستمۆدێرندا خوێنى کڕدرابێ و مامەڵەى ژێردەستەیەکى لەگەڵ بکەن، ڕەنگیشە تاکێک بێ، بەدیار شاشەى تەلەفزیۆنێک یان مۆبایلێک دانیشتبێ و کۆنترۆڵێکى لەدەست گرتبێ، یان پەنجە ببزێوێ و وردە وردە کەناڵەکانى تەلەفزیۆن یان پەڕە ئەلیکترۆنییەکان هەڵداتەوەو ئومێدى ئەوەبێ کە ئەم، ئەو ئامرازانە و لە ڕێى ئەوانیشەوە جیهانى کۆنترۆڵکردووە، بێ ئاگا لەوەى بووەتە ژێردەستەى تەکنەلۆجیا و تەکنەلۆجیا کۆنترۆڵى کردووە.

مرۆڤ بە هەموو ئەوانەى سەرەوە و بە زۆر ڕێگا و شێوازى دیکەش دەبێتە ژێردەستە و پاشکۆ و لە پەراوێزدا دەبێ، بەڵام جۆرێکى ژێردەستەیى و پاشکۆبوون و پەراوێزبوون هەیە کە لە هەموو ئەمانە سەختتر و بەرفراوانتر و درێژخایەنتر و کارەساتبارترە، ئەویش نەبوونى دەوڵەتە، چونکە کە نەتەوە دەوڵەتى نەبوو، هەموو ئەو جۆرە بەندایەتى و ژێردەستەییانە و بگرە زیاتریشى بەسەردا دەسەپێن. ئەو نەتەوانەى دەوڵەتییان هەیە، ئەگەر ژێردەستەش بن، ژێردەستەییەکەیان لە ژێردەستەیى نەتەوە بێ دەوڵەتەکان جیاوازە، ئەگەر داگیرکراویش بن، داگیرکرانەکەیان لە داگیرکرانى خاکى نەتەوەى بێ دەوڵەت ناچێ و ئەگەر تاکێکى نەتەوەى خاوەن دەوڵەت لە ئۆلۆمپیاتێک میدالیایەکى زێڕ یان زیو بباتەوە، دووبارە سەرکەوتنەکەشى لەسەرکەوتنى تاکى نەتەوەى بێ دەوڵەت ناچێ.

دوا ڕستە لە کۆپلەى سەرەوە وەردەگرم و لەگەڵ ڕوانینێکى ''هیگڵ'' لێکیان دەدەم کە دەڵێ ''ئەو نەتەوەیەى دەوڵەتى نەبێ، دەکەوێتە دەرەوەى مێژوو''. کوردێک (عێراقى، سوورى، ئێرانى، تورکیایى) میدالیاییەکى زێڕى لە ئۆلۆمپیاتێک وەدەستهێناوە، ئەگەر کورد بێ و ڕەگەزنامەى عێراقیى هەبێ، ئەوا بە فەرمى و لەسەر ئاستى دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتنەکە بۆ عێراق تۆمار دەکرێ و ناوى کورد لە هیچ کوێ ناییێ، ئەوەى تۆمار دەکرێ مێژووە و کوردیش لە مێژوو، چونکە دەوڵەتى نییە، بەدەرکراوە، کەواتە ئێمە لەدەرەوەى مێژووین. ئەمە نموونەیەکى سادەیە، بەڵام دەکرێ لەسەر هەرچى ڕووداو و دیاردە هەیە کە پەیوەندیى بە نەتەوەى بێ دەوڵەتەوە هەیە، تاقیبکرێتەوە و لەسەر هەموویان ڕاست دەردەچێ.

ڕزگاربوون لە پەراوێزبوون و ژێردەستەیى تەنیا کاتێک ڕوودەدا کە نەتەوە بوو بە خاوەنى دەوڵەتى خۆى، چونکە ''دەوڵەت قۆناغێکى ڕاگوزەر نییە لە ژیانى مرۆڤدا و تێیبپەڕێنێ، بەڵکو ئامانجى کۆتاییە''، ئەمەش قسەى ''هیگڵ''ە و واتاکەى ئەمەیە، مرۆڤ کە بوو بە خاوەنى دەوڵەت، ئیدى دەبێ بە خاوەنى زۆر شت و زۆر شتیش چاوەڕێیەتى تا ببێ بە خاوەنى، چونکە بوون بە خاوەنى دەوڵەت، واتا کۆتایى مێژوو، واتا ئیدى لە پشت ئەم خاڵەوە خاڵێکى دیکە نییە، تا تێیپەڕێنێ، بۆیە هەموو ئەوەى ڕوودەدا لە چوارچێوەى بازنەى دەوڵەتدا دەبێ و لەوێ بڕیارى لێدەدرێ. هەر ئەو دەڵێ ''مەبەستى مێژوو دەوڵەتە و مەبەستى دەوڵەت ئازادییە و ئازادیش بەبێ دەوڵەت نییە''، ئەمەش وەڵامێکە بۆ ئەوانەى لە کاتى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان، لێرەولەوێ پاساوى ئەوەیان دەهێنایەوە کە ئازادى نییە، بۆیە دەنگ بە ''بەڵێ'' نادەن. ئەوەى ئازادیی دەوێ، دەبێ یەکەمجار دەوڵەتى هەبێ، هەر ئازادییەک لە بێ دەوڵەتیدا، ئازادییەکى لەخشتەبەرە و لە وەهمێک زیاتر نییە و خۆ خەڵەتاندنە.

کورد نەتەوەیەکى ژێردەستە و پاشکۆ و پەراوێزخراوە، ئێمە ژێردەستەین و هێشتا ئازاد نین و ئازادیش نابین، تا دەوڵەتمان نەبێ و بە تەواویش نابینە بەشێکى کاریگەر یان لایەنى کەم زیندووى ئەم جیهانە، چونکە ئەو جیهانەى لە سەدەى بیستەمدا داڕێژراوەتەوە، ئێمەى تێدا پەراوێزخراوین. بۆ ئەمە با لە ناوى بەرفراوانترین دامەزراوەى سەر ئەم گۆزەویە ڕابمێنین کە ''نەتەوە یەکگرتووەکان''ە، ئەگەر تێبینى بکەین دەبینین هەردوو زاراوەى ''نەتەوە'' و ''دەوڵەت'' وەک هاوواتاى یەکتر بەکارهاتوون، ئەمە دانپێدانانێکە کە ئەوەى دەوڵەتى نییە، نەتەوەش نییە، ئەمەش دووبارە سەلمێنەرى ئەوەیە، ئەوەى دەوڵەتى نەبێ، لەدەرەوەى چاکى و خراپى ئەم جیهانەیە. ڕیفراندۆم بۆ ئەوەبوو ئێمەش ببین بە بەشێک لەو چاکى و خراپیانە و بڕیارمان هەبێ، نەک هەمیشە بڕیارمان لەسەر یان لەبارەوە بدرێ.

ئێمەى کورد گەورەترین نەتەوەین کە زۆرترین کارەساتمان بەدەست کۆلۆنیالیزم و ئیستیعمار چەشتووە و زۆرترین باجیشمان داوە و دەیدەین، چونکە کۆلۆنیالى نێودەوڵەتین و داگیرکراوى هەرێمین، بۆیە دەبێ بەشێکى کار و بیرکردنەوەمان بۆ قۆناغى پاش-ئیمپریالیزم تەرخان بکەین. ڕیفڕاندۆم ڕەتکردنەوەى پلانى سەت ساڵەى ئیستیعمار و ئەو ڕۆژهەڵاتەبوو کە ڕۆژئاوایى ویستوویانە و دەیانەوێ. ئێمە(زۆرینەمان) لەوێدا گوتمان ''بەڵێ''، بەڵێیەک کە ڕێک تامى ''نا''کەى کامۆى دەدا لە کتێبى ''یاخى''. کامۆ پێیوایە مرۆڤ کاتێک ئازاد دەبێ کە فێربێ بڵێ ''نا''، ئێمەش لە ڕیفراندۆمدا ئەوەمان گوت و لە ساتێکى مێژووییدا گوتمان ئێمە هەین و چەند ڕۆژێکیش بە ڕێگاوە بووین، تا بچینە ناو مێژوو و چیدیکە لە دەرەوەى مێژوو نەمێنینەوە و بۆمان هەبێ قسەبکەین، بەڵام نەیانهێشت..

بەشێک لە سیاسیى و ڕۆشنبیرانى کورد لە سەروبەندى ڕیفراندۆمدا ڕۆڵیان زۆر نەرێنى بوو و تاکە شتى سەرزاریان ئەوەبوو کە ڕیفراندۆم نەکرێ، بەبێ ئەوەى هیچ پرۆژەیەکى دیکەیان هەبێ لە بەرانبەر نەکردنى ڕیفراندۆمدا. سپیڤاک کە فەیلەسوفێکى هیندییە بەمشێوەیە لەبارەى ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانە دەنووسێ: ''لە باشترین حاڵەتدا، هەواڵهێنى ناوخۆیین، ئەوەمان بۆ دەگوازنەوە کە ڕۆشنبیرانى جیهانى یەکەم، ئەوانەى بایەخ بە ''دەنگى ئەوى دیکە'' دەدەن، دەیڵێن.'' ئەو باسى دەستەبژێر و ڕۆشنبیرانى هیند دەکا، بەڵام بەشێک لە ڕۆشنبیرانى کورد ئەمەش ناکەن و ئەوەى دەیڵێن دووبارە دەبێتەوە پەراوێز بۆ ئەوەى لە ڕۆژئاواوە گوتراوە، چونکە ڕێک چى گوتراوە نایگوازنەوە، بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان دەستکارى دەکەن، یان لەگەڵ گوراحی سیاسی و ڕۆشنبیری خۆیان دەیگونجێنن و لەگەڵ ویستى داگیرکەرە هەرێمییەکان موتربەى دەکەن، ئینجا دەیگوازنەوە. هەروەها سپیڤاک کارى قووڵتر بۆ ڕۆشنبیران دیاردەکا و پێیوایە کارى ئەوان ئەوەیە ''پێویستە ڕۆشنبیران هەوڵبدەن گوتارى کۆمەڵگاکانى دیکە بدۆزنەوە و بناسن.''، ئەم دۆزینەوەیە دەبێ بۆ خزمەتى وڵاتى خۆیان بێ، نەک ببنە گێڕەرەوەى ئەوانى دیکە و لە پەراوێزى ڕۆشنبیرانى جیهانى یەکەم و دووەمدا خۆیان مەڵاس بدەن و خۆیان لە ئاوازێک بخوێنن و نەتەوەکەشیان لە ئاوازێکى دیکەدا. سپیڤاک ئاوازى نەتەوە و جەماوەرى پێ دروستترە لە ئاوازى ڕۆشنبیر و ئەمە دەڵێ:  ((جەماوەر بە ڕوونى دەزانێ چى دەوێ))، ئێمە جارێکى دیکە بەرەوڕووى ''بابەتى لەخشتەنەبران''- دەبینەوە، جەماوەر زۆر باشتر لە (ڕۆشنبیران) لە بابەتەکە تێدەگەن و ئەمەش بە ڕوونى دەڵێن))، مەبەستى سپیڤاک لێرەدا ئەمەیە کە جەماوەر باشتر دەزانن کۆمەڵگا لە چ کاتێک پێویستیى بە چ جۆرە دەسەڵات و نەریت و کەلتور..هتد هەیە و لەو ڕووەوە ئەوان لە ڕۆشنبیران حاڵیترن.

ئەمەى سەرەوە پێمان دەڵێ زیاتر لە سەتا نەوەت و دووى خەڵکى کوردستان لە ڕۆژى ڕیفراندۆمدا بەوپەڕى هۆشیارى و ئاگاییەوە گوتیان سەربەخۆییمان دەوێ و نەچوونە ژێر بارى بیرکردنەوەى ئەو سیاسى و ڕۆشنبیرانەى خۆیان لە جیهانى چوارەم دەژیێن و بیرکردنەوە ستۆکەکانى جیهانى سێمان بۆ دەگوازنەوە.

هەروەها خەڵکى هۆشیارى کوردستان کە دەڕوانێتە کار و کردارەکانى دوایین حکومەتى عێراق، دەزانێ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم چەند زەروور بوو و چەند پێویستە هەمیشە ئامادە بین بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى دیکە.