ئالنگارییەكان و رێگرییەكانی بەردەم خزمەت و كەمكردنەوەی رۆتین لەكابینەی نۆیەمی حكومەت دا

Kurd24

ئاڵنگارییەكان و رێگرییەكانی بەردەم هەنگاوەكانی خزمەتكردنی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی رۆتین و راستكردنەوەی هەڵەكانی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی، هەر لەدەستپێكی خوێندنەوەی هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركەوت، ئەم رێگرییانەش  مەترسییەكانی كەمتر نەبوو لە كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و وشكەساڵی و داڕمانی ئەو سەردەمەی بەهای نەوت، لەمپەڕ و ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازیی و گۆڕانكارییەكان و راگرتنی گەندەڵی لەلایەن تاق و گروپ و كەسانی شەعبەوییەوە دەستی پێكرد، بەهاندانی گەندەڵكاران و ئەوانەی مەترسی لێدانی بەرژەوەندییەكانیان هەبوو، ئەم دژایەتی و رێگرییانە مەبەست لێی رێگری بوو لە راگرتنی گەندەڵی و باشكردنی خزمەت و كەمكردنەوەی رۆتین، ئەوان دژی هزرو فەلسەفەی خزمەتكردنی هاوڵاتیان بوون، كە لە عەقیدەی بارزان و هزری رێبازی مەلا مستەفا بارزانی هەڵقوڵابوو، هەروەكو سەركردەی مێژووی و سیمبولی كوردایەتی مەلا مستەفا بارزانی جەختی لەسەر دەكردەوە كە ( شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت). بۆیە ترس و دڵەراوكێیەكی گەورە لەلایەن ئەو تاقم و گروپانەوە دروست بوو لەبەردەم چاكسازیی و هەنگاوەكانی رێگری لەبەردەم گەندەڵی، لەهەمووشی مەترسیدارتر رێگری بوو لەبەردەم گەیاندنی خزمەتگوزاریی و پرۆژەو كارەكانی حكومەت بۆ زۆنی پارێزگای سلێمانی.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردانەكانیدا بۆ وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت بەردەوام جەختی لەسەر خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی رۆتین و خێرا مامەڵەكردنی هاوڵاتیان بۆ سەرانسەری پارێزگاو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكردەوە، بەڕێزیان زۆر گرنگی بە دیجتاڵكردنی حكومەت و بەئەلەكترۆنیكردنی پۆست و كاروبارەكان و مامەڵەكانی هاوڵاتیان دەدات، ئەمەش هەمووی لەپێناو باشكردنی خزمەت و كەمكردنەوەی رۆتیندا بوو.  

وێڕای ئالنگارییەكان و رێگرییەكان؛ زۆرجاریش فریودان و بەلارێدابردنی راستییەكان؛ بەوەی كێ هۆكاری سەرەكی گرفت و قەیرانەكانن؟ دواجار هەر سەرۆك وەزیران و تیمە وەزارییەكەی و فەرمانبەرو مامۆستایان و جەماوەری كوردستان بوو  پێكەوە خەمخۆری چارەسەری كێشەو گرفتەكان بوون،  بەڕێز سەرۆكی حكومەت و كەسە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەكان لە رۆژە سەختەكاندا لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتن و  كاریان بۆ چاككردنەوەو چارەسەركردنی كێشەكان كرد ، لێرەو لەوێ تا ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ رێگرتن لەئاوێتەبوونی نێوان حوكمڕانی باش و خزمەتكردنی خەڵكی دا، بەڵام خۆشبەختانە میللەتی كورد لەناو رۆژهەڵاتێكی ناوێنی گرگرتوودا فریادڕەسی حكومەتەكەیانن و پاراستنی ئەزموون و قەوارەكەیان لەپێشەوەی خواست و ویستەكانیان دادەنێن ، ئەوان خوازیاری ئارامی و سەقامگیری و باشكردنی خزمەتگوزارییەكانن ، لەهەموو دنیاشدا كەموكوڕی و گرفت و كێشە هەر بوونی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە حكومەت بەكردەوە خەمخۆری خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكانیان بێت ، لێرەدا من بەبەڵگەوە تیشك دەخەمە سەر كەمكردنەوەی رۆتین و باشكردنی بەڕێوەچوونی مامەڵەكانی هاوڵاتیان لە تەنیا یەكێك لەوەزارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە ئەویش  وەزارەتی كارەبایە ، رەنگە لێرەدا ئەو پرسیارە دروست بێت كە خەڵكی دواجار كارەبایان دەوێت ! ئەمەش مافێكی سروشتی و ئاسایی هاوڵاتیانە بەڵام خۆ ئەگەر قەیرانی دارایی نەبووایە ئەوا بەتەئكید هەوڵ و ماندووبوونی كرێكارانی كارەبا و ئەنجامدانی سەدان پرۆژە و چاكسازیی نەبووایە ئەوا لەم  قەیرانەدا بارودۆخە زۆر خراپ دەبوو ، بەهەر حاڵ بوارەكانی كەمكردنەوەی رۆتین و زاڵبوون بەسەر ئالنگارییەكاندا لەتەنیا یەك وەزارەتدا باس دەكەم ، كە لەرووی ئیدارە و بەڕێوەبەردنەوە كۆمەڵێك چاكسازیی و گۆڕانكاریی گەورە ئەنجام دراوە:

·هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەتی كارەبا.

·جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی پێش هەموو  وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم.

·كەمكردنەوەی خەرجییەكان .

·كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا لە ئیدارە سەربەخۆكانی ( راپەرین , سۆران . زاخۆ) بۆ باشتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان.

·دانانی سیستەمی ئەلكترۆنی لەنێوان وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا، بەمەش نووسراوەكان خێرا رایكران و خەرجییەكان كەم كرانەوە.

·دانانی سیستەمی پسولەی ئەلیكترۆنی كە لەم نزیكانە كارا دەكرێتەوەو، هاوبەشانی كارەبا دەتوانن بڕی كارەبای بەكارهاتوو كرێی كارەباكەیان راستەوخۆ لەناو مۆبایل و كۆمپیوتەرەكەیانەوە بزانن.

·دانانی پۆرتاڵی خزمەت و سكاڵای ئەلەكترۆنی كە هاوڵاتیان دەتوانن ئاگاداری خزمەتگوزاری بن و سكاڵای خۆیان بكەن .

·دەركردنی دەیان رێنمایی كە لەوەقائعی كوردستان بڵاوكراوەتەوەو هەر هەمووی بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاریی كەرتی كارەبا بووە.

·بەدیجتاڵكردنی نووسراوەكانی وەزارەتی كارەبا لەنێوان دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، بەمەش هاوڵاتیان بەكاتێكی كەم و خەرجییەكی زۆر كەم و خێرا لە ناوچە دوورەكانەوە بەیەك رۆژ مامەڵەكەیان بەئەلكترۆنی دێتە وەزارەت و رەزامەندی و واژووی لەسەر دەكرێت و دەنێردرێتەوە.

ئەم هەوڵانەی وەزارەی كارەبا هەنگاوەكانی بەدیجیتاڵكردنی حكومەتی ئەلەكترۆنی و كەمكردنەوەی رۆتین و پێشكەوتنی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی یە، كە من پێم وایە لەرێگەی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری و كەسانی پسپۆرو شارەزا لەناو وەزارەت بووە وەرچەرخان لەبەڕێوەبردنی حوكمڕانییەكی باش و شەفاف بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و باشكردنی خزمەت.

بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی كارەبا