پرۆژەی هەژماری من، ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو ئابوورییەکی ژمارەیی دەبات

Kurd24

یەکێک لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت بوو، بە ئامانجی ئەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو ئابوورییەکی ژمارەیی ببات و   مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتی ژمارەیی بکات.

هاووڵاتی ژمارەیی، ئەو هاووڵاتییەیە کە دەتوانێت سەرجەم چالاکییەکانی رۆژانەی لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکەی دەستییەوە بکات، هەروەها دەتوانێت خەرجییە داراییەکانی خۆی لە رێگەی سیستمێکی زیرەکی بانکییەوە رێکبخاتەوە، هەنگاوی یەکەمیش بۆ ئەوەی بگەینە ئابووریی ژمارەیی، دامەزراندنی پرۆژەی هەژماری من بوو. بۆ ئەوەی لە گرنگی پرۆژەی هەژماری من تێبگەین، پێویستە سەرەتا لە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و بانک تێبگەین.

پەیوەندیی نێوان بانک و هاووڵاتی لە وڵاتێکی وەک تورکیا لەسەر ئاستی چینی گەنجان 1.5‌‌ هەژمارە، واتا بە تێکڕا گەنجان لە تورکیا زیاتر لە یەک هەژماری بانکییان هەیە. لە وڵاتێکی وەک ئیستۆنیا هەر هاووڵاتییەک 2 هەژماری بانکی هەیە، لە سینگاپوور هەر کەسێک 2.3 هەژماری بانکی هەیە ، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە خەڵکی لە زۆربەی وڵاتان زیاتر لە هەژمارێکی بانکییان هەیە و سەرجەم خەرجییەکانیان لە رێگەی هەژمارە بانکییەکانیانەوە دەکەن.

لە رووانگەی کۆمەڵگەی نێودەوەڵەتییەوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەی مامەڵە لە رێگەی بانکەوە ناکات و تەنها پشت بە پارەی کاش دەبەستێت، بەمشێوەیەش پارەی کاش دەتوانێت ببێتە گەورەترین بەربەست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی.

ئێمە بە پارەی کاش خۆراک، ئاو و پۆشاک دەکڕین، هەروەها بەکاش بەنزین بۆ ئوتۆمبێلەکانمان دەکڕین و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەمان لە رێگەی پارەی کاشەوە پڕدەکەینەوە، تەنانەت بە کاش پارەی کارەباش دەدەین، بەبێ کاش ناتوانین هێچ کارێک بکەین.

کێشەکەش تەنها ئەوەندە نییە، بەڵکو هەمیشە کورتهێنان هەیە لە بڕی ئەو پارە کاشەی کە لە بازاڕدا هەیە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی بەرزیی خواستە لەسەر پارەی کاش بەراورد بە کەمیی خستنەڕوو لە بازاڕدا.

لەبەرئەوەی سیستمی بانکی لە عێراقدا بەشێوەیەکی دروست کارا نییە، ناتوانین بزانین کە چەند پارەی کاش لە بازاڕدایە

لەبەرئەوەی سیستمی بانکی لە عێراقدا بەشێوەیەکی دروست کارا نییە، ناتوانین بزانین کە چەند پارەی کاش لە بازاڕدایە، بەڵام بەپێی بەشێک لە ئامارە نافەرمییەکان تەنها 25٪ دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت لە بازاڕدا و نزیکەی 75٪ لە ماڵەکاندا پاشەکەوت کراوە، هەر ئەمەشە گەشەی بازاڕی لاواز کردووە و ئەگەر چەند رۆژێک دابەشکردنی مووچە دوابکەێت، راستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ دروست دەکات و کاسبکاران دەڵێن بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بێ بازاڕییە. هەمان هاوکێشەش راستە بۆ بازاڕی خانووبەرە ، کەمبوونەوەی مامەڵەکردن بە کاش لە بازاڕدا گرفتەکە دروست دەکات، نەک دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچە.

چارەسەری ئەم کێشەیەش تەنها بە بەکارهێنانی دوو ئامراز دەبێت؛ یان کاشی زیاتر بخرێتە بازاڕ بۆ ئەوەی خێرایی سووڕانی پارەکە زیادبکات لەنێوان کڕیار و فرۆشیار / حکومەت و هاووڵاتی، یان دەبێت گۆڕانکاریی لە سیستەمی داراییدا بکرێت و رۆڵی کەرتی بانکی فراوانتر بکرێت لە مامەڵە داراییەکاندا.

بەشێوەیەکی دیکە،  کەرتی بانکی دەتوانێت یاساکانی هاوکێشەکە بگۆڕێت، بەڵام بەمەرجێک ئەگەر بەشێوەیەکی دروست پەیڕەو بکرێت.

پڕۆژەی هەژماری من، تەنها پرۆژەیەک نییە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی دارایی، بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە بانکەکان،

پڕۆژەی هەژماری من، تەنها پرۆژەیەک نییە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی دارایی، بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە بانکەکان، لەدوای ئەوەی لەماوەی 30 ساڵی رابردوو بەهۆی کەمبوونی پارەی کاش لە بانکەکاندا هاووڵاتیان کەمتر پارەیان لە بانکەکان دادەنا، بەمشێوەیەش رۆڵی بانکەکان زۆر لاوازبوو لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دارایی بە هاووڵاتیان.

پرۆژەی هەژماری من، دەتوانێت کێشەی سیولە (پارەی کاش) چارەسەر بکات و مامەڵەی دارایی هاووڵاتیان لە رێگەی بانکەکانەوە بکرێت بەبێ ئەوەی هاووڵاتیان پێویستیان بە کاش بێت.

کاتێک هاووڵاتیان بتوانن لە رێگەی هەژمارە بانکییەکەیانەوە لە مارکێتەکان، چێشتخانەکان، بەنزینخانەکان، پارەی ئاو و کارەبا و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەیان بدەن، هیچ پێویستییەکیان بەکاش نابێت.

بەمشێوەیەش پارە کاشەکە لە بانکەکاندا دەمێنێتەوە و کاشی بانکەکان زیاددەکات، لە کۆتایی هاوکێشەکەدا لەلایەک حکومەت دەتوانێت مووچە لەکاتی خۆیدا بدات و لەلایەکی دیکە سێکتەرێکی بەهێزی بانکی دروست دەبێت، هەروەها هاووڵاتیانیش دەتوانن سەرجەم خەرجییەکانیان لەکاتی خۆیدا بکەن.

پرۆژەی هەژماری من تەنها سوودی بۆ مووچەخۆران نییە، بەڵکو کەرتی تایبەتیش دەتوانێت سوودێکی زۆری لێ وەربگرێت

پرۆژەی هەژماری من تەنها سوودی بۆ مووچەخۆران نییە، بەڵکو کەرتی تایبەتیش دەتوانێت سوودێکی زۆری لێ وەربگرێت، کاتێک دووکاندارێک هەژمارێکی بانکی دەبێت و بتوانێت لە رێگەی هەژمارەکەیەوە پارە وەربگرێت و بیدات بەبێ ئەوەی پێویستی بەکاش بێت، دەتوانێت سنووری بازاڕەکەی لە شارێکی دیاریکراوەوە فراوانتر  بکات و کاڵاکەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا بفرۆشێت، تەنانەت دەتوانێت کاڵاکەی هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش بکات، ئەگەر کڕیاری لە دەرەوەی عێراق هەبێت و پارەکەی بچێتە سەر هەژمارە بانکییەکەی.

پرۆژەی هەژماری من دەرفەتێکە، کە دەتوانێت گەشە بە ئابووری بدات و ئابووری لە قۆناغێکەوە بباتە قۆناغێکی دیکە.

ئەوەی کە زۆر گرنگە نابێت حکومەت، مووچەخۆران ئازادبکات لە کاشکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان و دەبێت سنوورێکی دیاریکراو هەبێت بۆ کاشکردنەوە لە ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم). بۆ نموونە مانگانە رێژەیەکی سەدی دەستنیشانبکرێت بۆ کاشکردنەوەی پارە لە هەژمارەکان، چونکە ئەگەر هاووڵاتیان سەرجەم پارەکانیان کردەوە بە کاش، ئەوە دەگەڕێینەوە ئەو بازنەیەی کە مامەڵە بە کاش دەکەین و هیچ بەشێکی قەیرانەکە چارەسەر نابێت.

کاتێک هاووڵاتی هەژماری بانکی دەبێت و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی بتوانێت پارە بدات، پێویستی بە پارەی کاش نابێت، هەموو ئەو شوێنانەی کە مامەڵە بەکاش دەکەن کاتێک دەبینن ئەگەر سیستمی داراییان نەگۆڕن بە سیستمێک کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی پارە وەربگرن، ئەوا بازاڕیان لاواز دەبێت، بۆیە ناچار دەبن بەبێ ئەوەی حکومەت گوشاریان لەسەر دروست بکات، راستەوخۆ سیستمی مامەڵەیان بگۆڕن بۆ ئەلیکترۆنی و لە رێگەی بانکەکانەوە مامەڵە بکەن .

کاتێک هاووڵاتی پارە پاشەکەوتکراوەکانی دەخاتە نێو هەژمارە بانکییەکەیەوە ، جگە لەوەی پارێزگاریی لێدەکات لە سووتان و لە دڕاندن و لە دزین، لەهەمانکاتدا گەشت بکات بۆ هەر وڵاتێک دەتوانێت بەبێ ئەوەی کاش لەگەڵ خۆیدا ببات، هەمان هەژماری بانکی بەکاربهێنێت بۆ گەشتەکەی.

بانکەکان دەبێت تەکنەلۆژیای دارایی پێشکەوتوو بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین و پێشکەوتووترین خزمەتگوزاریی دارایی بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن.

هەژماری من، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە کە گۆڕانکاریی لە ژێرخانی سیستمی دارایی هەرێمی کوردستان دەکات

هەژماری من، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە کە گۆڕانکاریی لە ژێرخانی سیستمی دارایی هەرێمی کوردستان دەکات، سەرخستنی پرۆژەکە تەنها بە حکومەت ناکرێت، بەڵکو بە وەڵامدانەوەی خەڵکی بۆ بەکارهێنانی سیستمەکە دەبێت. کاتێک هاووڵاتیان مامەڵە داراییەکانیان لە رێگەی بانکەکانەوە دەکەن و پێدان و وەرگرتنی شایستە داراییەکانی حکومەت لە رێگەی سیستمەکەوە دەبێت، ئەوا پرۆژەکە سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکات.

یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە شوباتی 2023 بوو، کە لە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە هەولێر بوو، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا 841 فەرمانبەر بەشێوەی دیجیتاڵی و لەکاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن مووچەکانیان وەردەگرن، بەمشێوەیەش قۆناغی یەکەمی سەرکەوتنی پرۆژەکە راگەیێنرا.

لە ئەیلوولی 2023 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیمەکەی خۆی راسپارد بۆ ئەوەی لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵ سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەت (کەرتی گشتی) سوودمەندبن لە پرۆژەکە.بەمشێوەیەش بە کەمتر لە 45 رۆژ ، 65 هەزار فەرمانبەر هەژماری تایبەتیان بۆ کرایەوە، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە پلانەکە زۆر خێراتر لە وادەی دیاریکراو کۆتایی دێت.