سیستمی سانت لیگۆ لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

Kurd24

سانت لیگۆ شێوازێکی هەژمارکردنی بیرکارییە کە بەکاردێت بۆ دابەشکردنی دەنگی دەنگدەران لەو وڵاتانەی کە بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی کاردەکەن، کە پەیوەستە بە دابەشکردنی دەنگی لیست و کانیدیدەکان، بنەمای سەرەکیی داهێنانی سیستمی سانت لیگۆ لە خزمەتی پارتە بچووکەکاندایە، شێوازی بە دەستهێنانی کورسی لە سیستمی سانت لیگۆدا بریتییە لەوەی هەر لایەنێکی بەشدار لە هەڵبژاردن، ئەو دەنگەی هێناوییەتی دابەش دەکرێت بەسەر رێژەیەکدا بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان.

بەگوێرەی ئەم سیستمە، ژمارەی دەنگی لایەنەکان لە بنەڕەتدا دابەشدەکرێت بەسەر رێژەی (1.4)، دواتر بەسەر کۆلکە هاوبەشەکاندا کە بریتین لە ژمارە تاکەکان، وەک (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13) بەڵام لە یاسای ‌هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراقدا، رێژەکە بەرزکراوەتەوە بۆ (1.7)، بەرزکردنەوەی رێژەی دابەشکارییەکە، چانسی هێزە بچووکەکانی بۆ بەدەستهێنانی کورسی زۆر لاواز کردووە، لەبەرئەوەی لە دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر ئەو رێژەیەدا، هێزە بچووکەکان دەنگەکانیان بە تەواوی کەم دەبێتەوە و تەنیا دەنگی هێزە گەورەکان بەشی کورسی دەکات.

بۆ نموونە ئەگەر كورسییەكی ئەنجوومەنی پارێزگا 10 هەزار دەنگی پێویست بێت و حزبێكیش 10 هەزار دەنگی هێنابێت نابێت بە خاوەن كورسی لەبەرئەوەی دەنگەكەی دابەشی (1.7) دەكرێت، كە نزیكەی شەش هەزار دەنگ دەمێنێتەوە، لە دابەشكارییەكانی دواتردا، ئەگەر دەنگی لایەنە گەورەكان زۆرنەبوون ئەوا كورسییەك دەبات، بەڵام ئەگەر دەنگی لایەنەكانی تر لە دابەشكارییەكاندا زیاتر بوو لەو شەش هەزار دەنگەی كە حزبە بچووكەكە بۆی ماوەتەوە، ئەوا نابێت بە خاوەن كورسی.

سیستمی سانت لیگۆ بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەندرێ سانت لیگۆی زانای بیرکاری فەرەنسی لە ساڵی 1912 ئەم هاوکێشە بیرکارییە داهێنراوە، ئەم شێوازە لە ساڵی 1951 لە نەرویج و سوید بەکارهێنرا، لە ئێستادا لە نیوزلەندا، نەرویج، سوید، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەکاردەهێندرێت، هەروەها پەیڕەوکردنی لە عێراق بۆ یەکەمین جار دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2014، دوابەدوای ئەوە گۆڕانکارییەی بەسەر یاسای هەڵبژاردن هات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە هۆکاری خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ئۆکتۆبەری 2019 کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، کە تێیدا چەندەها کەس کوژران و برینداربوون، مەرجەکانی ئەو خۆپیشاندانە بریتیبوون لە: 1- دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق 2- گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن 3- گۆڕینی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان. سەرئەنجام داواکارییەکانی خۆپیشاندەران گەیەندرایە جێ گرینگترینان یاسای نوێ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 2021، کە تێیدا گۆڕانکاری بەدیکرا.

بەڵام لە 27ـی ئاداری 2023 لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدرا  لەسەر هەموارکردنی سێیەمی یاسای هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان، پەسەندکردنی رێژەی هەڵبژاردن 1.7 بە سیستمی سانت لیگۆ، سەرئەنجام گەڕانەوە بۆ ئەو یاسایە پێکدەهێنێت کە پێش خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 کاری پێدەکرا، ئەمەش توڕەیی لایەنە سەربەخۆ و بچووکەکانی وروژاند کە بە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی پارتە گەورەکانە.

یاسا نوێیەکە پشتی بە شێوازی سانت لیگۆ بەستووە بۆ دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر لیستەکان و ئەمەش بە واتای داخستنی بەو شێوازەی هەیە، کۆسپ لە بەردەم سەرهەڵدانی پارتە تازەپێگەیشتووەکان و هاتنە پێشوەی کەسایەتییە سەربەخۆکان دروستدەکات، یاساکە هەر پارێزگایەک دەکاتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، واتە 18 بازنە بۆ هەر پارێزگایەک بەبێ پارێزگای هەڵەبجە، بەمەش ئەو 83 بازنەیەی پێشووتر هەڵدەوەشێتەوە، ئەم سیستمی هەڵبژاردنە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی دەسەڵاتی هەمان ئەو پارت و هێزانەی کە ماوەیەکی زۆرە زاڵن بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا. سیستمی سانت لیگۆی پەیڕەوکراو لە عێراقدا، بۆ دابەشکردنی رێژەی پشکی کورسییەکان بەسەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا دادپەروەرانە نییە، هەروەها نادادپەروەرییە بەرامبەر بە پێکهاتەی کوردی فەیلی و پێکهاتەی کوردی شەبەک، بەتایبەتی ئامادەبوونیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی خۆیاندا پێویستییە کە ئەو ئەنجوومەنانە زیاتر پەیوەندییان بە کارە خزمەتگوزارییەکانەوە هەیە.

کاتێک پەرلەمانی عێراق پەسەندی یاساکەی کرد، لە 12 ماددەی یاسایی پێکهاتووە، کە تایبەتە بە دابەشکردنی کورسییەکان و شێوازی حیسابکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردن، کە تێیدا هاتووە:

یەکەم: دەنگە ڕەواکان بۆ هەر لیستێک دابەش دەکرێت بەسەر ژمارە زنجیرەییەکان (1.7، 3، 5، 7، 9، 11، 13) و ژمارەی کورسییەکانی ناوچەی هەڵبژاردن. پاشان گەڕانێک دەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارە لە ئەنجامی دابەشکردنەکانەوە کورسییە ماوەکان، بە لایەنی زۆرترین دەنگی ماوە بدرێت، و دۆخەکە دووبارە دەبێتەوە تا هەموو کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکە تەواو دەبن.

دووەم: کورسییەکان بەسەر کاندیدەکانی لیستدا دابەش دەکرێن، و ریزبەندی کاندیدەکانیش لە لیستەکان بەپێی ژمارەی دەنگەکانیان رێکدەخرێتەوە، و براوەی یەکەم ئەوەیە کە زۆرترین دەنگی بەدەست دەهێنێت، بە مەرجێک دوای هەر سێ براوەیەک ژنێک هەبێت، بەبێ گوێدانە براوەی رەگەزی نێر.

لەم شێوازی دابەشکردنی دەنگ و کورس لەسەر بنەمای سیستمی سانت لیگۆ، ژمارەی ریزبەندی کاندیدەکان لە لیستەکانیان لەکاتی هەڵبژاردن تەنیا وەک ناسینەوە و زانین دەهێڵێتەوە و نابێتە یارمەتیدەر بۆ دەرچوون وەک ئەوەی لە لیستی داخراودا هەیە، بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی رابردووش بینیومانە کە ژمارە یەکی لیستەکان یان ئەو کاندیدانەی ژمارەکانی سەرەتای لیستەکانیان هەبوو، بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست نەبوونە خاوەنی کورسی.

هەروەها بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی کورسی کۆتای ئافرەتانیش، دوای ئەوە سەرجەم کورسییەکان بەگوێرەی دەنگی لیست و کاندیدەکان لەسەر بنەمای سیستمی سانت لیگۆ دابەشکرا، ئەوکات بەبێ گوێدانە دەنگی بەدەستهاتووی کاندیدە پیاوەکانی لیستەکە، لەدوای هەر سێ کاندیدی پیاو دەبێت ئافرەتێک هەبێت، ئەگەر رێژەکەش لە لیستەکانی سەرەتادا تەواونەبوو بۆ کۆتای ئافرەتان، ئەوا لە لیستە بچووکەکانی خوارەوەی ریزبەندی دەستپێدەکات بۆ دیاریکردنی کورسی کۆتای ئافرەتان.