براوە و دۆڕاوەکانی ئەم قەیرانە نێودەوڵەتیەیی ئێستا

Kurd24

گومان لەوەدا نییە کە شەڕ و ناکۆکییەکان زیان بەو ووڵاتانە دەگەیەنن کە تێیدا بەشدارن، ئەو خراپەکارییانەی کە زۆربەی خەڵک و حکومەتەکانی جیهان هەوڵ دەدەن خۆیان لێ بەدووربگرن.

بەڵام کەسانێکیش هەن کە سوود لەوان وەردەگرن، نەک بە پلانی خۆیان، بەڵکو لەبەر ئەوەی ناکۆکییەکان و جەنگەکان، سیاسەتی ئابووری و بازرگانی دووبارە پێکدەهنەوە، سوود بە وڵاتان دەگەیەنن و زیان بە وڵاتانی دیکە دەگەیەنن.

بۆ نموونە، ژاپۆن بۆ ماوەی نزیکەی سێ دەیە یە لە قەیراندایە، دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە لەدوای ئەمەریکا، پێش ئەوەی چین وەک زەبەلاحێکی ئابووری نوێ دەرکەوێت. هەموو هەوڵەکانی حکومەتەکانی پێشوو بۆ زیندووکردنەوەی ئابووری ژاپۆن شکستیان هێنا، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بوونەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە وەبەرهێنەران لە قەیرانەکان هەڵبێن و وەبەرهێنانەکانیان لە ناوچەکانی ململانێ دوور بخەنەوە و بڕۆن بۆ وڵاتانی جێگیر، بۆیە ژاپۆن لەبەر زۆر هۆکار لە پێشەوە بوو، لەوانە سەقامگیری، توانای هەڵمژینی وەبەرهێنانی نوێ، خاوەندارێتی ژێرخانە پێشکەوتووەکان، بەردەستبوونی کادری کارگێڕی و زانستی. لە ڕاستیدا، ئابووری ژاپۆن بەهۆی ئەم ئاڕاستەی وەبەرهێنانەوە جووڵەی کرد و ڕێژەی هەڵئاوسان دەستی کرد بە بەرزبوونەوە، ئەو ئامانجەی کە بانکی ژاپۆن داینا (2٪)ی تێپەڕاند.

هەروەها ئەرمینیا بۆ ماوەی سی ساڵە بەهۆی کورتهێنانی هەژماری ئێستاوە دەناڵێنێت، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن تیمۆسی ئەش، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی دارایی بلو بی کە لەلایەن سەنتەری ئەوروپی بۆ شیکردنەوەی سیاسەت بڵاوکراوەتەوە، بەڵام داتاکانی ساڵی 2022 نیشانیان داوە کە زیادەی هەیە لە هەژمارەکەی ئێستایدا. شتێکی سەیروسەمەرە ئەوەیە کە گەشەی ئابووری بە ڕێژەی زیاتر لە ۱۲٪ بەخۆیەوە دەبینێت، گەشەی بەرز بە شێوەیەکی گشتی هاندەری خەرجکردنە لەسەر هاوردەکردن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوردەکان کورتهێنانێک دروست دەکات لە هاوسەنگی پارەدانەکاندا، کە لەلایەن هەژماری سەرمایەوە تۆمارکراوە، نەک زیادە لە حسابی ئێستادا!

سزاکانی ڕۆژئاوا بەسەر ڕوسیادا ناچاریان کردووە بەرهەمەکانی بە نرخێکی کەمتر بفرۆشێت و زۆرێک لە وڵاتان سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن بەتایبەتی دراوسێکانی ڕوسیا کە چاودێریکردنی جوڵە بازرگانییەکانیان لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە قورسە کە سزاکانیان سەپاندووە. ئەو نرخەی کە لەلایەن کۆمەڵەی حەوتەوە سەپێنرا لەسەر نەوتی ڕوسیا کە 60 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، وای لە زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەتی هیندستان و چین کرد کە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و نەوتی ڕوسیا بە نرخێکی هەرزان بکڕن.

هاوردەکردنی هیندستان لە ڕوسیاوە پێنج هێندە زیادی کردووە لە مانگی ئێپریل  تا دیسێمبەری 2022، بەپێی ڕۆژنامەی تایمز! پێشبینی دەکرێت ئابووری هیندستان لە ساڵی 2023-2024دا بە ڕێژەی 6.3٪ گەشە بکات و بێگومان هیندستان سوودمەند بووە لەو دەرفەتانەی بەهۆی قەیرانی نێودەوڵەتییەوە دابینکراون. چین لە سەرەتادا سوودمەند بوو لە قەیرانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەڵام بەهۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و هەروەها بەهۆی زیادبوونی دەستێوەردانی حکومەت لە ئابوورییەوە زیانی زیاتری بەرکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئابووری چین لەمساڵدا بە ڕێژەی 5٪ گەشەی كردووە، بەڵام بەپێ یپێشبینیەكان لە ساڵی 2024 دا بۆ 4.3٪ دادەبەزێت.

هەرچەندە ڕوسیاش سوودمەند بوو لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لە ساڵی 2022 دا، بەڵام یەدەگی دراوی بیانی ڕوسیا بە ڕێژەی نزیکەی 50 ملیار دۆلار کەمیکردووە، لە کاتێکدا ڕوسیا نزیکەی 100 ملیار دۆلاری بەهۆی جەنگ و سزاکان و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە داهاتوو بەجێهێشتووە، بەپێی خەمڵاندنەکانی ناوەندی ئەوروپا بۆ شیکردنەوەی سیاسەت.

دەکرێت بوترێت کە ئەڵمانیا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە، جگە لە دوو وڵاتی شەڕکەر، بەڵام بەهێزی ئابووری ئەڵمانیا و هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ یەکتر و بارودۆخی کەشوهەوای گونجاو لە ساڵی 2022 وای کردووە قەیرانەکە بە کەمترین زیان تێپەڕێنێت. هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا تووشی هەڵئاوسانێکی بەرز بوون، بەتایبەتی ئەوانەی کە پشتیان بە هاوردەکردنی ڕوسیا دەبەست و ناچاربوون بایکۆتیان بکەن.

هەناردەکارانی نەوت و گاز هەموویان سوودمەند بوون لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووە هۆی ڕزگارکردنی ئابووری عێراق، بۆ نموونە، کە پشت بە نەوت دەبەستێت بە ڕێژەی نزیکەی ۹۰٪ لە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی و تاکە سەرچاوەیە کە بە (عملةصعبة) دێت و تۆڕەکانی گەندەڵی ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، هەروەها داهاتی باج و گومرگ و کرێکان، هەرچەندە سوود لە پارەی نەوت وەردەگرن بە سەپاندنی ڕێژەی سەدی بەهای گرێبەستە حکومییەکان، جگە لە قاچاخچێتی یان پێدانی گرێبەست، وە ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت ، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی کارەساتێکی ئابووری دەبێتەوە کە هەڕەشە لە بوونی دەکات وەک دەوڵەتێک.

هەروەها هەندێک وڵات هەن کە لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییەوە سوودمەند دەبن لەم قەیرانەی ئێستا، جگە لەو سوودانەی کە لە ئێستادا بۆیان بەدەست دەهێنرێت، لەوانە کازاخستان و ئازەربایجان کە یەدەگی گازی گەورەیان هەیە، هەروەها نیشانەی گەڕانێکی ئەوروپی هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی وزەی ڕوسیا. بە واتایەکی دیکە، ڕوسیا بۆ ماوەیەکی درێژ هاوبەشی بازرگانی ئەوروپا و ئەمریکا نابێت، بە دڵنیاییەوە لەژێر ڕژێمی ئێستادا، وە پێشبینی دەکرێت ڕوسیا چەند زیانی بەرکەوتبێت بەهۆی سەرکێشییەکەی لە ئۆکرانیا! وڵاتانی بەرهەمهێنەری گازی عەرەبی وەک جەزائیر دەتوانن سوودێکی گەورە لەم قەیرانە وەربگرن ئەگەر وەبەرهێنانێکی باش بکەن.

سوودی هەناردەکردنی گازی شل بۆ ئەوروپا بە نرخێکی بەرز ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، هەروەها پەراوێزخستنی ڕوسیا و چین کە پێشبڕکێ دەکەن بۆ هەژموونی جیهانی. هەروەها وڵاتانی هەناردەکاری چەک سوودیان لە ڕەوشی ئەوروپا و جیهان وەرگرتووە بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی چەک و هیچ گومانێک نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێشەوەی هەناردەکردنی چەکی پێشکەوتوودایە جگە لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا کە پیشەسازی چەک فراوان دەکەن بۆ ئەوەی جێگەی ڕوسیا بگرێتەوە وەک دووەم هەناردەکاری چەک لە جیهاندا دوای ئەمەریکا. ڕوسیا، کە پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە شەڕی ئۆکرانیا ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، ئێستا بەهۆی نەبوونی چەکەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەستی کرد بە هاوردەکردنی چەک لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە وەک کۆریای باکوور و ئێران!

بۆیە ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییەی کە بۆ ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە بریتییە لە دووبارە پێکھێنانەوەی سیاسەتی جیهانی و ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی و هەروەها هەرەمی گرنگی ستراتیژی وڵاتانی جیهان. ئەو وڵاتانەی کە دامەزراوەی بەهێزیان هەیە و حکومەتی نیشتمانی دڵسۆزیان هەیە و لەلایەن شارەزایانی سیاسەت و ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەو دەرفەتانە بەکاردەهێنن کە لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەستن بۆ بەهێزکردنی ئابووری و پێگە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکانیان. ئەو وڵاتانەی کە نیگەرانن لە ناکۆکی ناوخۆیی و ڕکابەری و نەزانینی گفتوگۆی دیماگۆجی لەلایەن گەلەکانیانەوە، زیاتر و زیاتر لاواز دەبن و بە تێپەڕبوونی کات دەبنە بارگرانی لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.