ئێران و زوڵم

Kurd24

شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەرەتاوە بۆ ھەموو ناوچەکە ئومێد بەخش بوو، بەداخەوە دواتر جگە لەوەی بۆتە مایەی تێکدانی باری ئابووری و سەقامگیری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران، ئێستا بۆتە مایەی بشێوی و نائارمی تەواوی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە، لەھەر وڵاتێک گروپێکی لەسەرووی وڵاتەکە داناوە، کە خاوەن بڕیارن و ھیچ بەھایەک بۆسەروەری وڵاتانی ناوچەکە نەماوە
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی جورئەت ناکات لەئێرانەوە یەک سارۆخی بالستی ئاراستەی ئیسرائیل بکات، لەجەرگەی پایتەختەکەیان دەیان کەسایەتی باڵا کوژراوە، نەک ناتوانن تۆڵەی بکەنەوە بەڵکو نازانن چۆنیش کوژراون
ھۆکاری پاشکەوتن و دواکەوتن و شەرو کێشەی ئەم ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی ئێران لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکە

کوردستان وەک مێژووی ھاوبەشی جیرانەتی، ھەردەم بەچاوی ڕێزەوە تەماشای گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە، بەڵام وەھمێکیان بۆخۆیان دروستکردووە کە دەشزانن ڕاستی نیە.

ھەموو خەڵک دەزانێت شەھید (پێشڕەو دزەیی) بەلای سیاسەتدا نەدەچوو، بەخوا شەرمەزارییە دەزگای ھەواڵگری ئێوە ئەمە نەزانێت؟ ئەگەر ئازایەتیان لەوەدابێت بەژمارەیەک سارۆخی بالستی لەماڵێکی کوردی ھەولێر بدەن، بەخوا ئەمە نیشانەی کۆتایی زوڵمی ئێوەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران دەیتوانی ئەو دەرفەتە گەورەیەی لەناوچەکە بۆی دروست بووە بەجۆرێکی تر بیقۆزنەوەو ببێتە فاکتەری ئارامی و دیموکراسی پێشکەوتن لەناوچەکەدا
لەکۆتایدا کوردستان سەردەکەوێت و ئاسۆو ئایندەمان گەش و رووناکە .