"درۆن و درۆ"

Kurd24

هێرشی مووشەکی و درۆنی سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێندە بێ پاساو و نابەجێیە، هیچ ناوەندێکی سیاسیی، ئایینی و ئیداری ئامادە نییە تۆزقاڵێکیش خەوپەرچێنی بکات و هۆکارو هەنجەتێکی بۆ بدۆزێتەوە، تا بکەرانی بڕێک لەو مەوقیفەی تێیکەوتوون رزگاریان ببێت. من ناڵێم ئەمە یەکەمجارە کۆماری ئیسلامی ئێران شتی وابکات، بەڵام جیاوازی ئەم جارەیان ئەوەیە، کە تەوقیتی پەلاماردانەکە هەڵەیە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر هێڵن بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و دەست و پێوەندەکانیان لە عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن و کۆی ناوچەکە، بۆیە کاردانەوەکانیشی زۆر گەورتر و بەرفراوانتربوون، ئەمەش بەسوود بۆ کوردستان شکایەوە.

ئەگەرچی هەر لە یەکەم ساتەوە، وەک هەمووجارێک ئێران کۆمەڵێک قسەی ناڕاست و درۆی هەڵبەستراوی دروستکرد و وتی بنکەی دەزگای(مۆساد)ی کردوەتە ئامانج، وەلێ هەرزوو ئەمجارەش پەردە لەسەر درۆکانیان هەڵدرایەوە و بۆ جیهان ئاشکرابوو، کە ئێران راستی نەکرد و هاووڵاتیی سڤیل و منداڵ و ژن و خەڵکی بێتاوانی کردە قوربانی و ئەویش وەک جەلاد جارێکی دیکە خۆی نیشاندایەوە.

ئەو هێرشە درۆنە بەردەوامانەی دەکرێتە سەر هەولێر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئیشی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی و هێزە بەوەکالەتەکانێتی، کە لە دروستبوونی ئەم رژێمەوە تا ئێستا پیادەی دەکات و هەر شوێنێک ئەو دەسەڵاتی بەهێزبوو تێیدا جگە لە کاولکاریی و ماڵوێرانی هیچی دیکە بۆ گەلەکەی بەدینایەت، باشترین بەڵگەش دۆخی ئێستای دەوڵەتەکانی (عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن)ـە، کە دوای ئەو هەموو ساڵە وڵاتانێکی وێران و گەلانی برسی و کۆمەڵگەی توندوتیژو دواکەوتوون، هەڵخەڵەتێنراوی بیری مەزهەبیی و سینەزەنی و بەخۆداکێشان و خوێن و شین و فیغانی بێ بنەمان.

ئێستا ئیتر دیمەنەکە روونە، نە ئێران و نە هێزە بەوەکالەتەکانی دەست لە درۆن و درۆ هەڵناگرن و بەم هەنگاوانەش دەیانەوێت هەرێمی کوردستان ببەنە ناو جەنگێکەوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە دۆزی رەوای گەلی ئێمەوە نییە و لەو بەینەشدا جگە لە زەرەر و زیان و بەسوتماک بوون هیچی دیکەی بۆ ئێمە تێدانە، بەڵام بێشک سەرکرایەتی سیاسیی کوردستان زۆر لەوە بە ئاگاترە بکەوێتە ناو ئەو بێنەوبەردەیەی زلهێزان و بەرژەوەندیخوازان و راستە رێگەی کوردایەتی و قەزیەی راستەقینەی ئێمە هەروەک خۆیەتی .

رەنگە سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی ئەو کاردانەوە کوردستانی، عێراقی، هەرێمی، ناوچەیی و جیهانییە نەبووبن وایان زانیبێ ئەمەشیان وەک هەمووجارێکی دیکە بۆ دەچێتە سەر و کەس پاڵپشتی لە کوردستان ناکات، بەڵام پشتیگیرییە عێراقی، هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانی نیشانی هەموواندایەوە و  پشتگیرییە هەمە چەشنەکان بە ئێران و هێزە بریکارەکانی لە عێراق و ناوچەکەش وت، "ئێوە تیکەی هەولێرتان پێ قوت نادرێت".