زۆنی سەوز؛ 32ـەمین ئوستانی ئێران!

Kurd24

هەولێر لەلایەن ئێرانەوە مووشەکباران کرا و هەموو قوربانییەکان خەڵکی سیڤیل بوون. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرە بی سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد. دژی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ئێران لە هەولێر، سۆران و دهۆک خۆپیشاندان سازکرا، بەڵام سلێمانی بێدەنگە.

کوردستان ساحێبی جیۆپۆلیتیکی زۆر ئاڵۆزە. بەجۆرێک کە هەموو دونیا ساحێبی نیشتمانەکەمانە، جگە لە خۆمان. هەموو دونیا بۆ خەڵکی غەززە ئەگری و تەعزێبارن و، داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەی جوولەکە و فەڵەستین ئەکەن. هەموو ڕای گشتی جیهانی و مەعریفەی سیاسی و ئینسان دۆستی لە مەسەلەی کورد دا کەڕ و کوێرن. وەک ئەوەی ڕەنگی خوێنی لەشی ژن و منداڵی غەززە سوور بێت و، خوێنی ژن و منداڵی کورد ڕەش بێت.

ئێران بە ڕۆژی ڕووناک هێرشی کردە سەر نیشتمانمان و، زۆریش بە عەنتەری پێی گووتین: من ئەو هێرشەم کردووە. ئێمە نازانین بە چ زمانێک بە کۆماری ئیسلامی ئێران بڵێین کە ئێمەی کورد مەترسی نین بۆسەر ئەمنیەت و ئاسایشی ئێران. خۆ ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازە ئێمەش وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس، حووسیەکانی یەمەن یان حەشدی شەعبی بکاتە جاش و نۆکەری خۆی…. ئەوە موستەحیلە (ئەم قسەیە بۆ تورکیا و هەر هەمو دوژمنانی کورد ڕاستە). مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان  لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگیراوە، بەڵام خەڵکی کوردستان بەشەق ناکرێن بە شیعە و ئافرەتانی کوردستان بەشەق لەچک نایەن بەسەریانا و بە ئێرانی کردنی میللەتی کورد خەونێکی بزڕکاوە و بە هەمو شانشینانەکانی ئێران نەکرا، بۆیە بە کۆماری (ئیسلام-ناسیۆنالیستی فارسی-ئازەری)ش ناکرێت.

ڕاستە ئێمە میللەتێکی خۆخۆر و ڕاڕاین، بەڵام ئەگەر تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات و بیڕژێنێت بەسەرمانا، ئێمە کوردین… ناتوێینەوە و ناتوێینەوە و ناتوێینەوە. ئێمەش میللەتێکین و، هەر وەک فارس، ئازەری، عەرەب، تورک، ئینگلیز، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ژاپۆنی و …. هەتا دێت، خوا دروستی کردووین. ئەمە چ لاسارییەکە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خواست و کار و کرداری خوا ئەوەستێتەوە؟… عەجەبا حکومەتێکی کۆماری ئیسلامی (ئینسانی) ئەتوانێت جێگای فرمان و قودرەتی خوا بگرێتەوە؟

لە حاڵەتی کوردستانا، کێشەکە بەس داگیرکەران  نین. موشکیلەکە لەناو خۆماندایە. لە دژی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ئێران لە هەولێر، سۆران و دهۆک خۆپیشاندان کرا. کەچی مەنتیقەی زۆنی سەوز بێ دەنگە…! بۆ چی؟

ئینسان ئەتوانێت زۆر وەڵامی بۆ ئەو پرسیارە هەبێت. وەک ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێم وایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆنی سەوز بە ئوستانی (32)ـهەمینی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەزانێت و، ئیتر سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کارمەندێکی (بەسیت)ن لای ئێران. 

ئینسان کە بە جل و بەرگی عەسکەرییەوە هەڵسوکەوتی کرد و چەکی لەپێناو سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستانا هەڵگرت نابێت لە مردن بترسێت، چونکە بەرژەوەندی خەڵک و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان زۆر لە ژیان خۆشترە و، زۆریش شیرینترە… خۆزگەم بەو مردنە.

* ئەم وتارە گوزارشت له‌ بۆچوونی نووسه‌ر ده‌كات مه‌رج نییه سیاسه‌تی كوردستان24 بێت.