هاوکاری منداڵە برسییەکانی ئەمەریکا لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکاندا

Kurd24

بەپێی ڕاپۆرتێکی پڕ زانیاریی و ژمارە و داتای (نیوز ویکی) ئەمەریکی لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤دا لە نوێترین زانیاریی لەبارەی هاوکارییەکانی ئەم هاوینە بۆ منداڵانی برسی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دابەشبوونێکی حزبی هاتۆتە ئاراوە. کۆمارییەکان بەگشتی لە ویڵایەتە جیاوازەکان خاوەنی دوو بۆچوون و هەڵوێستن، دیموکراتەکانیش بەگشتی پاڵپشتی بەرنامەیەکی ئیدارەی (جۆ بایدین) دەکەن بەریتییە لە هاوکاری هاوینەی منداڵە برسییەکانی ئەمەریکا.

ساڵی ٢٠٢٣ هەموو ویڵایەتەکانی ئەمەریکا ئازاد کران و بژاردەی ئەوەیان پێدرا،خۆیان بڕیار بدەن لەوەی ئایا دەیانەوێت بەشداری لە پرۆگرامی گواستنەوەی یارمەتی ئەلیکترۆنی (EBT)ی هاوینەدا  بۆ منداڵانی برسی بکەن، کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت، یاخود نا. بەرنامەکە  بودجەی زیاتر بە ویڵایەتە بەشداری دەدات، کە یارمەتی منداڵانی خێزانە کەم داهاتەکان، یان بێ داهاتەکان دەدات.

بەرنامەکە بریتییە لەوەی هەر منداڵێکی شایستە بەم بەرنامەیە مانگانە ٤٠ دۆلاری زیادە لە سێ مانگی هاویندا وەردەگرن، کە کۆی گشتی ١٢٠  دۆلارە بۆ هەر منداڵێک. ئەم پارەیە وەکو هاوکاری بۆ کڕینی خواردن بەکاردێت، کە قوتابخانەکان لەهاوین دادەخرێن. بەرنامەکە کۆنگرێس بە پاڵپشتی هەردوو حزب پەسەند کراوە و پێشبینی دەکرێت دوو ملیار و نیو دۆلار تێچووی حکوومەتی فیدراڵی بۆ تەرخان بکرێت.

ئاسایشی خۆراک

بەپێی ڕاپۆرت و زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکا و قسەکانی (تۆم ڤیلساک) وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەزموونی پەتای کۆرۆنا نیشانی داین کاتێک حکوومەت وەبەرهێنان لە پاڵپشتییەکی مەبەستدار بۆ خێزانەکان دەکات، دەتوانین کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست بکەین، تەنانەت لەو کاتانەی ڕووبەڕووی دۆخی سەختی ئابووریشن".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا، ٪١٢.٨  سەرجەم ماڵەکانی ئەمەریکا لەساڵی ٢٠٢٢دا ائاسایشی خۆراکیان نەبووە، کە بەگشتی دەکاتە ١٧ ملیۆن ماڵ.  چۆن پێناسەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک لەلایەن USDA کراوە: "هەر ماڵێک بەزەحمەت بتوانێت خۆراکی پێویست بۆ ئەندامەکانی خێزانەکەی بەهۆی کەمی سەرچاوەکانی ژیان دابین بکات، ئەمە بە نەبوونی ئاسایشی خۆراک وەسف دەکرێت".  ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی برسێتی و هەژاریی بە (نیوزویکی) ڕاگەیاندووە بەرنامەی  EBTی هاوینە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی هاوکاری خۆراک بۆ نزیکەی ٢٠ ملیۆن منداڵ لە مانگەکانی هاویندا.

ڤینس هۆڵ، بەرپرسی سەرەکی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدینگ ئەمریکا بە نیوزویک-ی وتووە "ئەم بەرنامە نوێیە ناتوانێت لە کاتێکی باشتردا دەستپێبکات. لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 13 ملیۆن منداڵ لە ئەمریکا- یەک لە هەر 5 منداڵ- لە ماڵێکی نائاسایشی خۆراکدا دەژیا". . ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بەڕێژەی لەسەدا ٤٤ زیادیکردووە و بەرزترین ڕێژەی نائاسایشی خۆراکی منداڵانە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە".

جیاوازیی ویڵایەتە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان

لە کۆی ئەو ٣٥ ویڵایەتەی کە بەشداریکردنیان هەڵبژاردووە، ٢٣ ویلایەتی لەلایەن حاکمەکانی دیموکراتەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ١٢ ویڵایەتیش لەلایەن حاکمەکانی کۆمارییەوە سەرۆکایەتی دەکرێن. هەموو ئەو ویلایەتانەی کە ئەو دەرفەتەیان ڕەتکردەوە، لەلایەن حاکمەکانی کۆمارییەوە سەرکردایەتی دەکرێن و هەرچەندە هێشتا دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی ویڵایەتەکانی دیکەش بڕیاری بەشداربوون، یان ڕەتکردنەوەی ئەم پڕۆگرامە بدەن. لە کردەوەشدا هەر ویڵایەتێک ئازادە لە بڕیاردان بەپێی بڕیاری کۆنگرێس.

ویڵایەتی ئەلاباما، ئەلاسکا، فلۆریدا، جۆرجیا، ئایداهۆ، ئایۆوا، لویزیانا، میسیسیپی، نەبراسکا، ئۆکلاهۆما، کارۆلینای باشوور، داکۆتای باشوور، تەکساس، ڤێرمۆنت و وایۆمینگ ڕەتیان کردۆتەوە بەشداری لەم پڕۆگرامە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٤دا بکەن.

ویڵایەتەکان منداڵەکانیان برسی دەکەن

بەپێی زانیارییە برواپێکراوەکان نەبوونی ئاسایشی خۆراک لەنێو ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە، ڕێژەکەی لە زیادبوون دایە.  ئەو خێزانانەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراک لەئەمەریکا دەناڵێنن، بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانیUSDA  دەرکەوتووە، ئەو خێزانانە ٣.٣ ملیۆن منداڵیان هەیە، کە ژمارەکەش بە بەراورد بە پار یەک ملیۆن زیادیکردووە.  بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)  (ڤیلساک) دەڵێت: "ئەوە جێگەی داخە ، هیچ هۆکارێکی سیاسی لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ئەم بەرنامەیە جێبەجێ نەکرێت. بەڵێ ئەمە جێگەی داخە، پێموایە  و ڕەنگە حاکمەکانی ویڵایەتەکان کاتیان نەبووبێت، یان هەوڵیان نەدابێت بۆ ئەوەی باش لەو بەرنامەیە بگەن، تاکو بزانن ئەم بەرنامەیە چییە و چی نییە".

زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکا بە پشت بەستن بە داتای ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ساڵی ٢٠٢٢  پتر لە ١٣  ملیۆن منداڵ لەنێو ئەمەریکا، کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی ١/٥ منداڵانی هەر خێزانێک تووشی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوون.  ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە پار ٪٤٤ زیادی کردووە.

بۆچی هەندێک لە ویڵایەتەکان وازیان هێناوە؟

ئەو ویڵایەتانەی وازیان لەم بەرنامەیە هێناوە، چەندین هۆکارێکی جیاوازیان بۆ ڕەتکردنەوەی بەرنامەی هاوکاری خۆراک خستووەتەڕوو. لەوانە هەندێک هۆکارەکە بۆ زیادبوونی تێچووی دارایی و کارگێڕییەوە دەگێڕنەوە. لە گاڤێکدا حکوومەتی فیدراڵی تەواوی تێچووی یارمەتییەکان و نیوەی تێچووی کارگێڕییەکەش دەدات. هەندێک لەحاکم و سەرکردەکانی ویڵایەتەکانی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە چی دیکە ئارەزوو ناکەن لەسەر بەرنامەی هاوکاری سەردمەی کۆرۆنا بەردوام بن. هەندێکیش نایشارنەوە و  ڕایانگەیاندووە، کە باوەڕیان بە حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی بەرنامەکە نییە. بۆ نموونە وێڵایەتی(کارۆلینای باشوور) کە یەکێکە ەلو ١٥ ویڵایەتی ئەم بەرنامەیان ڕوتکردۆتەوە بەشانازیی و پێداگرییەوە بەرنامەکەی حکوومەتی فیدرالی ڕەت دەکاتەوە. (ویڵایەتی ئایۆوا و نەبراسکا)ش بەرنامەی تایبەی خۆیان بۆ هاوکاریی منداڵی خێزانە کەم دەرامەتەکانیان هەیە. لەکاتێکدا شارەزایانی سیاسی ئەمە دەبەستنەوە بە ناکۆکی و ململانێی سیاسی نێوان هەردوو حزبەکە.

ئەم ناکۆکیی و هەڵوێستە لە هەندێکی بواری دیکەشدا بەزەقی دیارە، پسپۆرانی ئەم بوارە ڕای دەگەیەنن ئەگەر (ئیدارەی بایدن و کۆنگرێس) دەیانەوێت پابەندبوونێکی ڕاستەقینە لەپێناو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی خێزانەکان نیشان بدەن، ئەوە پێویستە وەبەرهێنان لە بەرنامە پێشووتری سەربارەت بەژێرخانی ویڵایەتەکان بکەن و نەرمیمان بەرانبەر بنوێنن، تاکو خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی ویڵایەتەکەیان بگونجێنین.

کێشەکە سیاسییە

لەو زانیاریانەی لە راپۆتەکەی (نیوز ویک) لە ١٠ شوباتی ٢٠٢٤دا بڵاوکراونەتەوە (جیم پیلن) حاکمی کۆمارییەکانی (ویڵایەتی نەبراسکا) بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ باسی نەیارانی سیاسی پارتەکەی بکات، ڕوانگەیەکی نەریتی پارتی کۆمارییەکانی نیشان داوە، کە نابێت خۆشگوزەرانی ببێتە بەردی بناغەی داهات بۆ خێزانەکان. (پیلن) لە مانگی ڕابردوودا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "نەبراسکا پابەندە بە یارمەتیدانی منداڵان و ئەو خێزانانەی پێویستیان بە هاوکاری خۆراکە، بەرنامەکانمان زیاتر لەسەر دابینکردنی خواردنە". بە واتایەکی دیکە ئەوان لەگەڵ بەرنامەی درێژخایەنی (ولفەر/ هاوکاری بەردەوامی خێزانە کەم داهاتەکان) نین. ئەمە ڕوانگەی سروشتی و لەمێژینەی کۆمارییەکان.

(نەبراسکا) هەر لەئێستاڕا بەرنامەی تایبەتی خۆی بۆ یارمەتی خۆراک هەیە، لەوانەدا پراگرامیان بۆ ئافرەتان و منداڵی کۆرپە هەیە. بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی تەواوکەری خۆراک، لە نەبراسکا تاکو ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی هەژاری منداڵان لە ٪١٢.١ بووە.  لەم ویڵایەتەدا کار بۆ بەرنامەیەکی هاوبەش لەلایەن هەردوو حزبەوە دەکرێت و بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (نێبراسکا ئێگزامینەر) لە مانگی یەکی ٢٠٢٤دا  ڕایگەیاندبوو، کە پشتیوانی هەردوو لایەنە سیاسییەکە بۆ پڕۆژە یاساکە هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەموو کۆمارییەکان لەگەڵ بڕیارەکەی (پیلن)ی حاکمی ویڵایەتەکە نین بۆ ئەوەی ویڵایەتەکە بەیەکجاری لەبەرنامەکە دوور بخاتەوە.

ویڵایەتە کۆمارییەکانی دیکەش ڕایانگەیاندووە: "پێ ناچێت لەسەر ئەو بەرنامەیە بەردەوام بن".  ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت) بڵاوی کردەوە، ویڵایەتی تێنسی ڕایگەیاندووە کە تەنیا بۆ ماوەی ساڵێک بەشداری لەم بەرنامەیە دەکات و گوتەبێژەکەی (بیل لی) حاکمی کۆمارییەکان ئاشکرای کردووە ساڵێکی دیکە ویڵایەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ "بەکارهێنانی بەرنامەکانی پێشوەختە بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی منداڵان لە مانگەکانی هاویندا". بە واتایەکی دیکە کۆمارییەکان هەموویان یەک بۆچوون و هەڵوێستیان لەبارەی ئەم بەرنامەیە نییە، لەکاتێکدا پێ دەچێت دیموکراتەکان، یان ئەو ویڵایەتانەی دیموکراتەکان حوکمی تێدا دەکەن، لەهەڵوێستدا وکو یەکن. 

لەویڵایەتی( ئۆکلاهۆما)ش کە کۆمارییەکان تێیدا باڵادەستن، نەبوونی ئاسایشی خۆرک لەنێو منداڵاندا رێژەکەی بەرزە و گەیشتۆتە ٪٢٠.٥ لەگەڵ ئەم بەرنامەیە نییە، لەکاتێکدا دانیشتووانی ئێرە لە ڕاپرسییەکدانزیکەی ٤٠٣،٠٠٠ کەس  پێیان وایە دەبێت لەم بەرنامەی EBT کە بۆ هاوینە سوود مەند بن. لەکاتێکدا (کیڤن ستیت) حاکمی کۆمارییەکان ڕایگەیاندووە:  "پێویستە لە بانکی ناوەندی ئەمەریکا بپرسن بۆچی دەیانەوێت هەمووان بەشداری لەم بەرنامەیە بکەین، وتیشی ئەو "ڕازییە" لە بەرنامەکانی ئێستای ویڵایەتەکەی خۆی.

لە ویڵایەتی (میزۆری)یشدا نیگەران سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ EBT، ئەوان شتەکەیان بە ناڕوونی بەرنامەکە بەستاوەتەوە. پێشتر گوتمان هەموو کۆمارییەکان هەمان هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی بەرنامەی دابینکردنی خۆرکایان بۆ منداڵانی برسی لەنێو ئەمەریکا نییە. (سارا هاکابی ساندەرز) حاکمی ویڵایەتی (ئەرکانساس) ڕایگەیاندووە EBT  هاوینە "ئامراز و هۆکارێکی نوێی گرنگە بۆ پێدانی ئەو خواردن و خۆراکانەی بۆ منداڵانی ویلایەتی ئەرکانساس پێویستیانە". ئەمەش نیشانی دەدات کە ئامادەیە بەشداری لە بەرنامەی ئەم هاوینە بکات.  

دابەشبوون.. برسیبوون.. سیاسەتی حزبی

بەپێی هەموو ئەو لێکدانەوە و شڕۆڤە سیاسیی و ڕۆژنامەوانی و هەتا ئەکادیمانەی دەکرێن، ململانێی سیاسی، ڕکابەری لەهەڵبژاردن و ڕووداوە سیاسی و ئابووری و جەنگ و هەڵاوسانی ئابووری کاریگەریان لەسەر چۆنیەتی بیکردنەوە و  هەڵوێستی حزبە سیاسییەکان هەیە، لەهەمان کاتیشدا کۆمارییەکان و  دیموکراتەکان دوو بەرنامە و میتۆد و تێڕوانینی جیاوازیان بۆ هاوکاری و پاڵپشتی خێزانی کەم دەرامەت هەیە. کۆمارییەکان هاندەرن نین بۆ دابینکردن و پەرەپێدانی بەرنامەی (ولفەر/ هاوکاری خێزان) و دیموکراتەکان لەم بوارەدا هاوکارن و پاڵپشتی خێزانە کەم دەرامەتەکان دەکەن. بۆیە کۆمارییەکان، بەردەوام ڕەخنە لە دیموکراتەکان دەگرن و بە (سۆشیال دیموکرات) و (چەپرەو) و (هەندێکجار کۆمۆنیستیش) ناویان دەبەن. لەسەردەمی (باراک ئۆباما) ئەم ناکۆکیی و ئاماژە پێکردنانە زەقتر بوو، چونکە ئەو دەیویست پتر هاوکاری خێزانە کەم دەرامەتەکان بکرێت، کە لەکردەوەدا خێزانە ڕەشپێستەکانی پتر دەگرتەوە، کە خاوەنی داهاتی کەمن. ئەم دابەشبوونە پەیوەندیی بە میتۆدی بیکردنەوە و بەرنامەی جیاوازی حزبەکان و دابەشبوونی سیاسییەوە هەیە.