گرنگی بەشداری سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە لوتكەی جیهانی حكومەتەكان ـ دوبەی

Kurd24

ئەمڕۆ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان، له‌ دوبه‌ی دەستی پێکردووە و تا 14ی مانگ بەردەوام دەبێت. لوتكەكە بە بەشداری سیاسییە گەورەكانی وڵاتان و كەسایەتییە سەربەخۆكان و زانا و پسپۆڕان، بە دروشمی (فۆرموولەكردنی ئایندەی حكومه‌ته‌كان)‌ بەڕێوە دەچێت.

لە كۆبوونەوە و وتارەكانی لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان، نزیكەی 700 كەسایەتیی سیاسی و ڕێكخراو و شاند و پسپۆڕ بەشدارن و یەكێكیش لەوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە وتارێك پێشكەش دەكات.

وتارەكەی مەسرور بارزانی ـ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەرخەری پێگە و ڕۆڵی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە پێشهات و بەرچاوگە سیاسی و ئابوورییەكانی دونیا و ناوچەكە و لەگەڵیشیدا تیشك دەخاتە سەر ئەهمیەتی دونیابینی و كارەكتەری كورد لەو بەربەست و یارییە جیۆپۆلیتیكیانەی كە لە دەوروبەری كوردستان روو دەدەن، لەگەڵیشیدا چەند هەڵوێستێك دەهێنێتە سەر زمان كە بۆ كوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی جێگەی تێڕامانن.

راستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتێكی بێ دەوڵەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی حكومەتێكی بێ دەوڵەتی سەربەخۆی گێڕاوە لە بوارە جیاوازەكانی وەك ئابووریی و ژیری دەستكرد و سیستەمی بانكی و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا و ئەو پرسە هەنووكەییانەی بوونەتە ئەجێندای حكومەتە دەوڵەتدارەكان و ئەمەشە بەهای ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە لوتكە و كۆڕبەندە ئابووری و سیاسیییە جیهانییەكان، چونكە خەمی سەرۆكوەزیران خەمێكە لە بواری هەمەچەشنكردنی ئابووریی و كردنەوەی دەروازەكانی دونیا بە رووی بەرهەمی كوردستانی و یەكانگیری هەرێمەكەمان بە پرسە جیهانییەكانی وەك ئابووریی و وزە و سیستەمی بانكی و ژیری دەستكرد و پاراستنی كەش و هەوا و ژینگە كە ئێستا خەمی هەمووانە و زۆرترین سەرەنجی لەسەرە.

بەشداریی چالاكانەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە کۆڕبەندە جیهانییەكانی وەك (كۆڕبەندی ئابووری لە داڤۆس) و (کۆڕبەندی کەشوهەوا ـ COP28 لە ئیمارات) و (لووتکەی حکومەتەکی جیهانی ـ World Gov Summit لە دوبەی) و (کۆڕبەندی ئەنجومەنی ئەتڵەسی بۆ وزە ـ Atlantic Council Global Energy Forum لە دوبەی)، نیشاندەری ئایندەبینی و خەمخۆریی سەرۆكوەزیرانە لە گەشەپێدان و بەرزكردنەوەی پێگەی كوردستان و تێكەڵكردنی بە بنەما ستراتیژییەكانی كۆمەڵگەی جیهانی لە هەردوو بواری سیاسەت و ئابووری.