گرنگی و بایەخی سه‌ردانی سه‌رۆكوە‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مەریكا

Kurd24

ئاشکرایە لەگەڵ ئەو گەشە و پێشکەوتنە خێرایەی کە جیهان بەخۆیەوە دیوە، کاریگەری زۆر خێرای کردۆتە سەر گشت بوارە جیاوازەکانی ژیان و کاری سیاسی و پەیوەندییە نيودەوڵەتییەکان، ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆشی کردۆتە سەر کاری دیپلۆماسی و چۆنیەتی چالاکردنی لە جیهاندا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی سیستمە دیموکراتی و لیبراڵییەکان لە جیهاندا، هۆکارێکە بۆ پاشەکشەکردنی پەیڕەوی دیپلۆماسییەتی تەقلیدی و بەرزکردنەوەی لایەنە بکەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ شکاندنی هەندێ لایەن لە هەژمونکردنی ممارەسەی کاری دیپلۆماسی. 

کاری دیپلۆماسی پراکتیزەکردنی سیاسەتی دەرەکییە لەو ڕێگەیەوە وڵات سیاسەتی خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت. مەبەست چییە لە کاری دیپلۆماسی؟ واتا کاری نوێنەرایەتیکردن و گفتۆگۆکردن (ڕێککەوتن) کە لە نێوان دەوڵەتان ئەنجامدەرێت، هەروەک (جۆرج کینان) پێناسەی کردووە کە بریتییە لە (کاری پەیوەندی نێوان حکومەتەکانە). شێوازی کاری دیپلۆماسی نوێ چەند جۆری جیاوازە بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە لە ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان (دیپلۆماسییەتی قەیرانەکان) واتا (جۆرێکە لە دیپلۆماسی یان چالاکیی دیپلۆماسی کە ئاراستەی چارەسەرکردنی قەیرانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکرێت)، بەڕێوەبردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بەشێکی گرنگە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هاوچەرخدا، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوچەرخ بەردەوام بەرەو ڕووی قەیرانی سیاسی جۆراوجۆر دەبێتەوە لە ئەنجامی جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئابووریی نێوان وڵاتاندا، هەروەها نەبوونى خواستی وڵاتان لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کۆتاییێهێنانى قەیرانەکان.

لەگەڵ پێشکەوتنەکانى بوارى کارى دیپلۆماسی و سەرهەڵدانى دیپلۆماسی هاوتەریب، زاراوەی پارادیپلۆماسی، دیپلۆماسی هاوتەریب، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی شیکاری سیاسی بەراوردکاریدا دەرکەوت. چەمکی دیپلۆماسی هاوتەریب، کە بووەتە چەمکێکی گرنگ لە چوارچێوەی چەمکەکانی کاری دیپلۆماسیدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی واقیعی نێودەوڵەتی شایەتحاڵی سەرهەڵدانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بوو کە توانای خۆیان سەلماندووە بۆ چوونە ناو دانوستان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ قەیرانە دیپلۆماسییەکان.

سه‌ردانی سه‌رۆكى حكومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێز سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، لەم کاتە هەستیارەدا کە هەرێمى کوردستان و ناوچەکە پیێیدا تێپەڕدەبێت بابەخێکى پڕ بەها لەخۆدەگرێت و لە چوارچێوەى کارى دیپلۆماسی سیاسەتى دەرەکی ئەو کێشە و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانى حکومەتى فیدراڵ و دادگاى فدراڵى بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەریدەکات، بایەخى سیاسی گرنگ لەخۆدەگرێت، بە تایبەتى لە ڕوانگەى پەرپێدان و پتەوکردنى  پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئەمەریکا لە گشت بوارە سیاسی و ئابوورى و ئەمنییەکانەوە کە لە ئێستادا زۆر گرنگە هاوپەیمانیەتى ئەمەریکا و پاڵپشتى سیاسی و سەربازى ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان.

دووپاتکردنەوە و پەرپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن، کاریگەری راستەوخۆى دەبێت لەسەر سەقامگیرى سیاسی هەرێمی کوردستان و پاشان وەک بکەرێکى نادەوڵەتى ئەم هەرێمە، ڕۆڵێکى پڕ بایەخ دەگێڕێت لە دیپلۆماسییەتى هاوتەریب بۆ بەڕێوەبردنى قەیرانە سیاسی و ئابوورى و سەربازی و ئەمنییەکان، جگە لەوەى هاوبەشێکى متمانە پێکراوى ئەمەریکا لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کاریگەرى سەردانى بەڕێز سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئەمەریکا دەرهاویشتەى ئەرێنى دەبـێت بۆ هەرێمى کوردستان.