100 كورسی و كودەتا بەسەر دەستووردا

Kurd24

دادگای فیدراڵی هەموو دادپەروەریی و یاسا و رێساكانی خستۆتە ژێر پێ و  كار بۆ ئەجندە و مەرامی ئەو شۆڤێنییانە دەكات كە ساڵەهای ساڵە كورد قەتڵوعام دەكەن، ئەمجارە بووەتە جێگرەوەی پەرلەمان و تەشریعات دەردەكات و لەبری حكومەت و دەسەڵاتداری جێبەجێكار بڕیار دەردەكات، یاساكانی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوەو دژی پێكەوەژیان و پێكهاتەكان بڕیار دەردەكات.

بەكورتی و كوردی سەرقاڵی بەتاڵكردنەوەی عێراقە لە ناوەڕۆكە فیدراڵیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو پێكهاتەكان، بەخەیاڵی خاویان دەیانەوێت ئەزموونی هەرێم لەبەرچاوی كوردەكانی رۆژهەڵات و باكور و رۆژئاوا ناشرین بكەن و فیتنەو  ئاشوپ بنێنەوە ، بارزانی كە رابەرو تاكە ئومێدی پاراستنی گەلی كوردە باشی وەسفی ئەم دادگایە كرد كاتێك رایگەیاند: ( بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی هەموویان لە دژی هەرێمن و ئەم دادگایەش دادگایەكی نادەستوورییە و سنووری ئەرك و دەسەڵاتە سەرەكییەكانی بەزاندووە، بڕیارەكانی  پێشێلكردنی دەسەڵاتە دەستوورییەكانە..) ، مافی هەرێم لە دامەزرانی كۆمسیۆنێكی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لەناو دەبات و كورسی ئەو كوردستانییانە لا دەبات كەچی خۆیان لە پەرلەمانەكەیان لە عێراقدا كورسییان بۆ مەسیحییەكان هەیە.

لەلایەكی دیكەوە یەكێك لەسەیرو سەمەرەكانی بڕیارەكانی دادگاكە كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە بۆ 100 كورسی لەكاتێكدا 111 كورسی بەیاسای پەرلەمانی دانراوەو چەندین خولی پەرلەمانیشە 111 كورسی جێگیركراوە، گرفتەكە لەوەدایە دانانی ژمارەیەكی جووت 50+50 بڕیارێكی عەقڵانی نییە ، ئێ باشە بەم فیفتی فیفتی یە چۆن سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك و جێگرەكانی هەڵدەبژێردرێت، چۆن كابینە وەزارییەكەی حكومەتی داهاتوو پەسەند دەكرێت و یاساكان بەزۆرینەو كەمینە تێپەڕ دەكرێت ،  دادگای فیدراڵی دەستی بۆ كارێك برد كە ئەركی ئەو نییە و ئەمجارە بەئاشكرا بۆ هەمووانی روون كردەوە، دادگاكە جێبەجێكردنی ئەجیندەو كاری ئەو هێزو نەیارانە دەكات، كە بەردەوام و لەمێژە كاریان بۆ بچووكردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ ئەم كارەشیان بەبەرنامەو پیلان كار لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، چونكە نەیارانی كورد باش دەزانن هەر ئەو پارتەیە كە مەلا مستەفا بارزانی ئاراستەی كردبوو بەرەو خەباتی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری ، پارتی جیاواز لە زۆر لە حزبەكانی كوردستان كە هیچ قسەو بەرگریكردنێكیان نەبوو لەسەر ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییە، پارتی لەسەر هزری بارزانی پەروەردە كراوە بۆیە فریادڕەسی نەتەوەكەیەتیی و مشوخۆری بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستانە.

ئیتر ئەم دادگایە با هەر دژایەتی بارزانی و كورد و  پارتی بكات ، تا فشارو دژایەتییەكانیان زیاتر و توندتر بكەن كوردە دڵسۆزو نیشتمانپەروەر و نەتەوەییەكە زیاتر لە دەوری بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان  كۆدەبنەوە، ئەمڕۆ هەمووان باش ئەو راستییە دەزانن تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە لەسەر هزری كوردایەتی و بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم خەبات دەكات ، پارتی بە ئاراستەیەكی تەندروست خەبات بۆ پێكەوەژیان و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان دەكات و شەڕی رێگری كردن لە گەمەكردن بە باروبژێوی ژیانی خەڵك و مووچەكانیان دەكات.