خەباتی ئافرەتان لە شۆڕشەکانی کورددا

Kurd24

ئافرەتیش هەر لەگەڵ بەرپابوونی خەباتی سیاسی و شۆڕش و سەرهەڵدان و شەڕە سەپێنراوەكاندا، هاوشانی پیاو رۆڵی بینیوە ، لەشاخدا بە ئاستی جیاواز بەشداری خەبات بووە و لەناو شاریشدا تێكۆشانی نهێنی و كاری رێكخستنی ئەنجامداوە، جگە لە بەشداری راستەوخۆ ئافرەت هاوكاریی جۆراوجۆری هێزی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی سیاسی كردوە و لە بزووتنەوە جەماوەرییەكانیشدا دژی داگیركەران بەشدار بووە و بەردەوام هاوكار و هاندەری پێشمەرگەبووە، ئەم رۆڵە لە راپەرین و دواتریش هەر بەردەوام بووە .

 ئەوەی مایەی نیگەرانییە نەتوانراوە وەك پێویست تیشك بخرێتە سەر ئەم خەباتە و بە شێوەیەكی بابەتی و زانستی رابردووی خەباتی سیاسی ئافرەتی باشوور بە هەموو جۆرەكانیەوە بە دۆكیومێنت بكرێ‌، هەمیشەش ئافرەت قوربانی یەكەمی شەڕو كارەساتەكانە، سەرەڕای ئەم رۆڵ و كاریگەریەی ئافرەت لەلایەك و بوونی بە قوربانی شەڕ لە لایەكی دیكەوە، بەڵام لە ناوەندی بڕیاردا وەك پێویست بایەخی پێنەدراوە ، پێویستە جێگە و پێگەی باشتر لە ئێستا بۆ ئافرەت فەراهەم بكرێت لە هەموو بوار و ئاستەكاندا هێزە سیاسیەكانیش ئەوە بكەن بە بەرنامەی خۆیان كە بەرامبەر بە پرسی ئافرەت و ئاستی بەشداریان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا گۆڕانكاری بكەن و خۆیان لە پشتیوانیی ئەو هێزە كۆمەڵایەتییە گەورە بێبەش نەكەن.

لە میژوودا ئافرەتانی کورد بە ئازایەتی، چاو نەترسی، كاركردنی ماڵ و...هتد. پێناسە کراون، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێ لە سەردەمانێك ئافرەتی كورد رۆڵێكی پۆزەتیڤانەی گێراوە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان، ئەگەر كەسایەتیەكی وەكو ناپلیۆن ئاماژە بەوە بكات كە "لەپشت هەرپیاوێكی مەزن، ئافرەتێك بوونی هەیە" مانای ئەوەیه‌ کە بوونی ئافرەت ھەموو سەردەم کاتێک گرنگ بووە، ئافرەتان هەمیشە ڕۆڵ و کاریگەری گەلێک بەرچاویان هەبووە لە شۆرڕشی کوردایەتی دا، ئافرەتان هەوێنێک بوون بۆ پێکانی یاخود بۆ ڕزگاریخوازی گەلی کورد و هێنانەدی ئامانجەکان و تێکشکانی دوژمن و نەیارانی کوردستان، ڕۆڵ و کاریگەری ئافرەتان هێندە کاریگەرو پڕ دەستکەوت بووە کە قۆناغ بە قۆناغی شۆڕش پشتیوان و هاوکاری براو کەسوکاری پێشمەرگەکانی خەباتی سەرسەختی ئەم کوردستانە پڕ قوربانەبوون .

کەم نیین ئەو خانمانەی له بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و بیناکردنی بناغەیەکی تەندروست و پاکژو پارێزگارییكردن له نیشتمان و پێشخستنی لە هەر بوارێک کە بۆیان رەخسابێت ومەجالیان بووبێت ،هەوڵیانداوە وپشگیری و یارمەتیدەری پیاوان بوون لە رووی زانیاری ولە زۆربەی بواره‌جیاجیاكاندا لە کوردستان .

گەلی کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە گه‌لێك ئافرەتی مه‌زن و ناوداری تێدا هەڵکەوتوە ،کە شایانی رێزو بەرز راگرتتنن وشانازین بۆ گەلی کورد.

هیچ گومان لەوەدا نیە كە سەدان و بگرە هەزاران نمونەی ئافرەتی بە ئەمەكی كوردمان لە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریدا هەیە، ئێستاش پێویستە چۆن ژنان پاڵپشتی پیاوان بوون لە رابردوودا، ئێستا پیاوان پشتگیری سەرسەختی ژنان بکەن تا توانا و وجودیان ھەبێت لە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگه‌دا بەڵام ئێستاش پێویستە زیاتر خۆیان بسەلمێنن.

سەرەڕایی ئەو نمونانەی سەرەوە ئاماژە پێ دراوە مێژووی یان ڕێچکەی سەندنی ماف و ئازادییەکانی ئافرەتانی کورد پێویستە خۆیان سەرمەشق بن تێداو هەوڵو کۆشش بەردەوامی بۆ بدەن، چونکە دەسەڵاتەکان یان حکومەتەکان کە تا ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیش بە تەواوی لەلایەن ڕەگەزی نێرینەوە ئاڕاستە دەکرێت و کۆنتڕۆل کراوە، ئەگەر خۆی بە دیموکراسیش بزانێت مەحاڵە دەستپێشخەری بکات بۆ بەرجەستەکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ئافرەتان، زۆر گرنگە ئافرەتان خۆیان هەوڵبدەن و  داکۆکی بکەن لە مافەکانی خۆیان هەریەکە و بەپێێ توانای خۆی و لە شوێنی خۆی یان لەڕێگەی پاڵپشتیکردن لەو کەسانەی ئافرەتان خۆیان بە پێشەوا و داکۆکیکەری مافەکانی خۆیانی دەزانن، دەبێت ئافرەتان بزانن تەنیا نووسینەوەی بڕگەی جوان لە دەستوور و دەرکردنی یاسا بێ کارکردن پێیان یان گوتنەوەی شیعاری بریقەدار هەرگیز نابنە هۆی وەرگرتنی ماف و ئازدیەکانیان، پێویستە خۆیان نەخشە و هەنگاوی کاریگەری خۆیان هەبێت بە ڕێگەی جیاجیا و کار و پاڵەپەستۆی مەدەنی.