دادگای باڵای ئیتیحادی دەتوانێ لە بڕیارەکانی پەشیمان بێتەوە

Kurd24

دادگای باڵای ئیتیحادی  وەک باڵاترین دامەزراوەی دادوەری لە عێراق ئەرکی پاراستنی دەقەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، واتا دەرچوونی هەر یاسایەک، یان هەر بڕیار و رێنماییەک پێچەوانەی دەقەکانی دەستوور بێ، ئەم دادگایە وەک پارێزەری دەستووریی بوونی یاساکان دەستوەردان دەکات.

پسپۆڕی ئەو دامەزراوەیە لە مادەی 93ی دەستوور دیاریکراوە، ئەگەرچی ئەم دامەزراوە دادوەرییە لە رووی هەیکەلیە و پێکهاتەوە  دەستووری نییە و بەپێی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005ی قۆناغی راگوزەری دەوڵەتی عێراق دامەزراوە، بۆیە نیشانەی پرسیار لەسەر دەستووریی بوون و نەبوونی دادگای باڵای ئیتیحادی هەیە،  بڕیارەکانی ئەم دادگایە قابیلی تانە لێدان نین بەپێی مادەی 94ی دەستوور (قرارات المحكمة الاتحادية العليا بات و ملزم لسلطات كافة)،

ئەم دادگایە لە پاڵ ئەرکە یاساییەکەی ئەرکی پاراستنی سەقامگیری وڵاتیشی لە ئەستۆیە، ئەگەر هاتوو دادگاکە بڕیارێکی دەرکرد و بەو هۆیەوە سەقامگیری وڵات تێکچوو یان هۆکارێک بوو بۆ قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق، ئەوکات بڕیارەکەی قابیل بە پەشیمان بوونەوەیە (عدول في القرار)، ئەویش لە مادەی 45 ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە 1ی ساڵی 2022، تیایدا بە روونی هاتووە  (للمحكمة عند الضرورة، وكلما اقتضت المصلحة الدستورية العامة، أن تعدل عن مبدأ سابق أقرته في إحدى قراراتها، على أن لا يمس ذلك استقرار المراكز القانونية والحقوق المكتسبة).

مەبەست لەم دەقەی پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە ئەوەیە دادگا دەتوانێ پێداچوونەوە  و هەمواری بنەمای یەکێک لە بڕیارەکانی پێشووی بکات بە مەرجێک ئەم پێداچوونەوەیە زیان نەگەیەنێ بە سەقامگیری یاسایی و مافە بە دەستهێنراوەکان.

ئەوەی پێویستە بیڵێین ئەم سێ ساڵەی دوایی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان نراوە کە قەوارەیەکی دەستووری و تاکە پایەی فیدڕاڵی دەوڵەتی عێراقە.ئەمەش کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی قوڵتر کردۆتەوە. دوابڕیاریش نەهێشتنی کورسی کۆتای مەسیحی و تورکمان و ئەرمەنەکان بوو کە بووە هۆی ناڕەزایی ئەم پێکهاتانە، پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەم بڕیارە ناڕازین و پێیانوایە ئامانج لەم بڕیارە  بێ بەشکردنیانە لە بەشداری سیاسی و رێگریکردنە لە چوونیان بۆ ناوەندەکانی بڕیار لە هەرێمی کوردستان.