توركیا و پرۆژەی گاپ

Kurd24

توركیا لە پێكهاتەی سیاسەتی ناوخۆدا بە جددی بەدواداچوون بۆ پرسی گەشەسەندنی ئابووری دەكات و ئابووری و پێشكەوتن و گەشەسەندن لە لوتكەی كارنامەی سیاسەتمەدارانی ئەم ووڵاتەدایە. یەكێك لەم بەرنامانە لە بەشی ئابووری دروستكردنی بەنداوە. دەوڵەتی توركیا لە دەیەی (1980) پڕۆژەی گاپی لەپێناو گلدانەوە، ئاراستەكردن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەكانی دیجلە و فوڕات دەستپێكردوە.

ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە گەورەترین پڕۆژەكانی ئاوی جیهان كە لەسەر ڕووبارەكانی دیجلە و فوڕات دروستكراوە كە بریتیە لە (22) بەنداو و (19) وێستگەی بەرهەمهێنانی كارۆئاوی. پڕۆژەی گاپ (22) بەنداوی زەبەلاح لەخۆدەگرێت كە توانای گلدانەوەی (100) ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە كە دەكاتە سێ هێندەی توانای گلدانەوەی بەنداوەكانی عێراق و سووریا. بەو پێیەی سەرچاوەكانی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات لە ناو خاكی توركیایە، بۆیە توركیا لە چوارچێوەی پڕۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAP) بە مەبەستی گەشەپێدانی كشتوكاڵی و پیشەسازی زەوییەكانی باشوری ڕۆژهەڵاتی خۆی، پێویستی بە ڕێژەیەكی زۆر لە ئاوی ئەم ڕووبارانە دەبێت.

پاساوی توكیا بۆ دروستکردنی بەنداو لە سەر ڕووبارەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئاوی ئەم ڕووبارانە لە سنووری ئاوە نیشتیمانییەكانن نەك ئاوی نێودەوڵەتی. بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بە سەرەوەری ڕەهای خۆی دەكات لەم بابەتەدا. بە شێوەیەكی گشتی ڕووباری فوڕات (88%) و دیجلە (50%) كۆی قەبارەكەی لە توركیا سەرچاوە دەگرێت. ڕووبەری پڕۆژەی گاپ نزیكەی (706288) واتا (9.7) ڕووبەری توركیایە. ئەم پڕۆژەیە ڕووبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵی دەگرێتەوە كە بە (75000) كم مەزەندە دەكرێت. ئاوی ئەم پڕۆژەیە نزیكەي (47%) كۆی ئاوی توركیا و (17%) كۆی ئابووری توركیا پێك دەهێنێت.

زۆرینەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایانەی كە پڕۆژەی گاپی تێدا جێبەجێ دەكرێت كوردن. ئامانجەكانی توركیا لە دروستكردنی بەنداو لە سەر ڕووبارەكانی دیجلە و فوڕات بریتین لە هەژموونی ئابووری لەو ناوچەیەی كە لەژێر كۆنتڕۆڵی كورد دایە، بووژانەوەی پیشەسازی، وەڵامدانەوەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی توركیا و دابینكردنی خۆراك بۆیان.

پڕۆژەی گاپ لەڕاستیدا هەوڵێكە بۆ دروستكردن و بەرهەمهێنانی سامان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیا و هەروەها بۆ توانەوەی كورد لە سیستەمی ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەم ووڵاتە. ئامانجە ئابوورییەكانی توركیا بریتیە لە پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و ئابووری، ئاڵوگۆڕی ئاو و نەوت، وەڵامدانەوەی كێشەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەكارهێنانی كارتی ئابووری بۆ گوشاری سیاسی، چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ كوردانی ناوچەكە. توركیا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گاپ هەوڵ دەدات پێگەیەكی كاریگەر لە ڕێكخستنی نوێی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنێت.

توركیا لە ترسی لەدەستدانی هاوسەنگی ستراتیژی و ئەگەری پەراوێز خستنی ڕۆڵی خۆی وەك هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە ناوچەكەدا، هەوڵ دەدات ڕۆڵێكی دیار بۆخۆی وەك زلهێزێكی ڕۆژهەڵاتی بدۆزێتەوە یان لانی كەم هەوڵ دەدات خۆی بكاتە ناوەندی جەمسەرگیری. توركیا بە دروستكردنی بەنداو و كۆنتڕۆڵكردنی ئاوی ووڵاتانی عەرەبی دەتوانێت خەونی خۆی وەك ووڵاتێكی دیاری ڕۆژهەڵاتی بەدیبهێنێت. توركیا بەم كارە دەتوانێت دەست بەسەر دابینكردنی خۆراك بۆ دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت.

لەلایەكی ترەوە خستنەژێر كۆنتڕۆڵی دانیشتووانی كورد كە بەردەوام بە هەڕەشەیەكی جددی بۆ توركیا دادەنرا، بە بەڕێوەبردنی ئاو لەم ناوچەیە بەدەست دێت. بەگشتی ئەم پلانە سەرەڕای هەبوونی لایەنی ئابووری، پێشكەوتنی ووڵاتێك و دواكەوتنی ووڵاتێكی تری لێدەكەوێتەوە. پڕۆژەی گاپ بووەتە هۆی نیگەرانی ووڵاتانی دراوسێ لەوانە عێراق و سووریا، ئەم ووڵاتانە پێیانوایە كە بەپێی رێككەوتننامەی (بەكارهێنانی ڕێرەوی ئاویی نێودەوڵەتی دەرەوەی سنوور) و رێككەوتنەكانی لێژنەی تەكنیكی هاوبەش كە لە ساڵی (1980) پێكهێندراوە، پێویستە توركیا پێشوەختە ئاگاداری ئەم ووڵاتانەی بكردایەتەوە لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە زەبەلاحە، چونكە كاریگەری لەسەر ئاوەكانی دیجلە و فوڕات هەیە.

ئەمەش بە هۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی هەر دوو ووڵاتانی سووریا و عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات و پێویستی ئاوی شیرینیش زیاد دەكات. توركیا بە دروستكردنی كۆمەڵێك بەنداو لەسەر ئەم ڕووبارانە لە ناو خاكی خۆیدا، بۆتە هۆكاری كەمكردنەوەی ڕێژەی بەشی ئاوی ووڵاتانی عێراق و سووریا. ئەمەش بۆتە هۆكاری زیانگەیاندنی بە ژینگەی ئەم دوو وڵاتە كە ئەم زیانانە لێكەوتەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی نەشیاویان بۆ عێراق و سووریا هەیە. جگە لەمەش ئەم پرسە لە چەند دەیەی ڕابردوودا گومانی لەسەر ئامانجە سیاسیەكانی توركیا دروست كردووە و ناكۆكی و ململانێی لە نێوان هەر سێ ووڵات لێكەوتۆتەوە.

كاریگەرییەكانی پڕۆژەی گاپ لەسەر ئابووری عێراق بریتین لە زیانگەیاندن بە كەرتی كشتوكاڵ، پشتبەستنی ئابووری بە ووڵاتانی دەرەوە، زیادكردنی دیاردەی كۆچ كردن، زیادبوونی بەبیابانبوون، وەڵامنەدانەوەی پێداویستییە گەشەسەندووەكانی دانیشتووان، لەناوبردنی بینا كولتووری و ڕۆشنبیرییەكان. سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئەم  پڕۆژەیە لەسەر عێراق پێویستە ئەوە بگوترێت كە بەشێكی بەرچاو لە دانیشتوانی عێراق تووشی كێشە بوون. كشتوكاڵ وەك گرنگترین كەرتی عێراق كەوتۆتە ژێر كاریگەری ئەم پڕۆژەیە. دواتر ووشكەساڵی و سوێربوونی زەوی زیادی كردووە، لەگەڵ ووشك بوونەوەی كێڵگەكان و گۆڕینی زەویە كشتوكاڵییەكان بۆ زەوییە بێپیتەكان، دیاردەی كۆچ كردن زیادیكردووە و بەشێكی بەرچاو لە دانیشتووانی گوندەكان ناچار بوون كۆچ بكەن بۆ شارەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی بێكاری و سەرهەڵدانی پەراوێزخستن.

لەڕاستیدا ئەم پلانە بە شێوەیەكی تاكلایەنە سوودی بۆ توركیا هەیە. بە پشتگوێخستنی مافی ڕێڕەوی ئاویی، زیانی گەورەتر بە عێراق دەگەیەنێت. جێبەجێكردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی گاپ لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا چەندین لێكەوتەی ژینگەیی هەیە لەوانە پیسبوونی ئاو، لەدەستدانی جۆرە بایۆلۆجییە دەگمەنەكانی ئاژەڵ و ڕووەك، زیادبوونی بەبیابانبوون، سوێربوونی خاك، ووشك بوونی تاڵاوەكان و گۆم و پۆندەكان و بەرهەمهێنانی تۆزی وورد لە عێراق و سووریا.

پێدەچێت توركیا بە پشتبەستن بەم پلانە، هەوڵی دامەزراندنی هایدرۆهەژموونی لە ناوچەكە بدات. هایدرۆهەژموونی بریتییە لە هەژموون لە حەوزی ڕووبارێكدا كە لە ڕێگەی ستراتیژی كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە ئاوییەكانەوە دروست دەبێت. ئەم جۆرە ستراتیژییە لە ڕێگەی تاكتیكی وەك هەڕەشە و گوشار، گرێبەستەكان و دروستكردنی تواناكانی ژێرخانی جێبەجێ دەكرێت و بە هۆی لاوازی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، ووڵاتی بەهێزتر دەتوانێت ئاوی زیاتر بەكار بهێنێت.

پێشبینی دەكرێت یەك لە سەرسێی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە هۆی زۆری سوێربوونی زەوییەكان، توانای گەشەكردنیان لەدەست بدەن، كەواتە لەبەرنەبوونی ئاوی شیرین ئاسایشی ناوچەكە دەكەوێتە مەترسییەوە. هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ژینگەییەكان نیشان دەدات كە پڕۆژەی گاپ لە حكومڕانی ناوخۆیی ووڵاتەكاندا جێی نابێتەوە و كاریگەری دەرەوە ناوچەیی هەیە. بۆیە لەلایەك پشتبەستن بە ئاسایشی ئاو بە سەرچاوە ئاوییەكانی دەرەوەی وڵات، لەڕاستیدا وابستەیی بەشێكە لە ئاسایشی نیشتیمانی لەسەر هەرێم و ووڵات.

نەبوونی پێكهاتەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە ئاوی سەرزەوی و ژێرزەویدا دەتوانێ ببێتە هۆكارێك بۆ قەیرانی نێوان ووڵاتان. لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەدا جگە لە دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاو لەسەر ئاستی نیشتمانی، پێدەچێت توركیا ئامانجی سیاسیشی لە پشتەوە هەبێت یان لانی كەم، ئەم پڕۆژەیە وەك ئامرازێكی فشار لەسەر ووڵاتانی خوارەوە (عێراق و سووریا)  بەكاربهێنێت تا ئەو شوێنەی كە بتوانێ ئاو لە بەرامبەر نەوتی عێراق و سووریا وەكو كارتی براوە بەكار بهێنێت.

توركیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی ڕێڕەوە ئاوییەكانەوە، دەسەڵاتی خۆی بەسەر ووڵاتانی دراوسێ وەكوهایدرۆهەژموون جێگیر بكات، وەك چۆن پێشتر پلانی بۆری ئاشتی بۆ وڵاتانی كەنداوی فارس و ئیسرایل پێشنیاز كردبوو كە لەلایەن ئەم ووڵاتانەوە پێشوازی لێنەكرا چونکە پێیان وابوو ئەم هەوڵەی توركیا لەپێناو دامەزراندنی هەژموونی خۆیەتی لە ناوچەكەدا. بە هۆی ئەوەی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دەكەوێتە پشتێنەی ووشك و لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی ووشكەساڵییە یەك لەدوای یەكەكان و كەمبوونی باران بووە. لە كۆتاییدا بەكارهێنانی بەنداوەكانی پڕۆژەی گاپ بۆتە هۆی ئەوەی سووریا و عێراق وەك ووڵاتانی خوارەوەی حەوزی ئاوی دیجلە و فوڕات لە لێكەوتە ژینگەییەكانی بەدوور نەبن.