عێراق گەندەڵییەکانی بە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پەردەپۆش دەکات

Kurd24

زەنگی مەترسی زیادبوونی قەرزە گشتیەکانی عێراق لێدەدرێت، دامەزراوە نێودەوڵتییەکان هۆشداری لەبارەی قەرزە گشتییەکانی عێراق دەدەن! لەو نێوەندە عێراق دەیەوێت گەندەڵییەکانی بە نەناردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان پەردە پۆش بکات.

دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نۆ رۆژە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە (20-29ـی شوباتی 2024) لەنێوان نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی کەرتی دارایی و ئابوری لە عێراق، ھەردوولا کۆکبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە تەوەری کۆبوونەوەکان و راسپاردەکانیان. بابەتەکانی کۆبوونەوەکە بەگشتی بریتیبوون لە (پرسی گەشەی ئابوری، قەرزە گشتییەکان، ھەمەجۆری دارایی و داھاتی نانەوتی، ھەلی کار و گەندەڵی دارایی).

ئەوەی جێگای تێڕامانە لەم بەیاننامەیەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بە رەزامەندی حکومەتی عێراقیش بڵاوکراوەتەوە ئەوەیە سەرەڕای گەشەی ئابوری و کەمبوونەوەی ھەڵاوسان و زیادبوونی داھاتی نانەوتی بە 6% لەساڵی 2023 دا، لە عێراق گەندەڵی داراییش زیادی کردووە و گەشتووەتە لوتکە، ھەروەھا ھۆشداریشیان لەبارەی زیادبوونی قەرزە گشتییەکان بەشێوەیەکی نائاسایی لە ساڵی 2023 داوەتە حکومەتی عێراق.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی یەدەگی گشتی بۆ 112 ملیار دۆلار و دابەزینی ھەڵاوسان بۆ 4% لە ساڵی 2023 بەڵام بەفیرۆدانی داھاتەکان و کورتھێنانی بودجەی گشتی زیادیان کردووە. بۆیە داوا لە کاربەدەستانی عێراق کراوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و رێکخستنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی داھاتەکان و زیادبوونی قەرزە گشتییەکان کە چاوەڕێ دەکرێ تا ساڵی 2029 بگاتە بەرزترین ئاست (86%) و نزیکەی دوو ھێندەی ساڵی 2023 کە 44٪یە.

کاریگەری هۆشداری و راسپاردەکان لەسەر هەرێمی کوردستان

عێڕاق بەمەبەستی مەکیاژکردن و شاردنەوەی گەندەڵییەکانی لە سیستەمی داراییدا هەوڵی بڕینی مووچە و بودجەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدات و هەوڵدەدات فاتورەی گەندەڵییەکانی لەسەر مووچەی هاوڵاتییانی کوردستان هەژمار بکات.  بۆیە لە ھەوڵی جددی دایە بۆ بەھێزکردنی مەرکەزیەتی دارایی و کاردەکات بۆ پەیڕەوکردنی پڕۆژەی (Treasury Single Account - TSA) کە ناوسراوە بە "یەک ھەژمار لە خەزێنەدا". وەزارەتی دارایی لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بەسەر بەڕێوەبردنی گشت سەرچاوە داراییەکان و نەختینە لە تەواوی ناوچەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەگەر عێراق سەرکەوتووبێت لە ھەوڵەکانی پڕۆژەی بەھێزکردنی مەرکەزیەتی دارایی (TSA) ئەوا هیچ شەرعیەتێک بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت و هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگایەک لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، عێراق بەوە ناوەستێت، بەڵکو ھەنگاوی داھاتووی بریتی دەبێت لە زیادکردنی باج لەسەر داھاتی کەسی و باجی گومرگی و کەلوپەلی گرانبەها و باج لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ھەرێمی کوردستان. لە ئەنجامدا، کار دەکاتە سەر زیادبوونی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و دواکەووتنی گەشەی ئابووری.

لەلایەکی دیکەوە، ھاندانی بانکە عێراقیەکان بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ ھاوڵاتییانی ھەرێم لە چوارچێوەی پیلانەکانی عێراق دایە بۆ جێبەجێکردنی مەرکەزیەتی دارایی و دەسەڵاتی زیاتری بەغدا بەسەر ھەموو جوڵە و مامەڵە داراییەکان لە ھەرێمی کوردستان. هەر ئەوەشە وایکردووە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی مەرجی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ ناردنی مووچەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەسەر مووچە خۆراندا بسەپێنێت.

خاڵێکی دیکەی گرنگ لە راگەیەندراوەکەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئەوەیە پێویستە کار بکرێت بۆ سنوردارکردنی دامەزراندنی گشتی لە عێراق و گرنگی زیاتر بە رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەت بدرێ. دووبارە عێراق دەتوانێ ئەم راسپاردەیە وەکو هەنگاوێک دژی هەرێم بگرێتە بەر بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کاری گشتی لە هەرێمی کوردستان.