قەیرانی خوڵقێنەر.. پارتی مێزەکەی بەسەر عێراقدا قەڵبکردەوە

Kurd24

کوردستان لەبەردەم دوو ڕێگادایە، یان تەسلیمبوون بە ئیرادەی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و لە پشتیشیەوە جەمهوری ئیسلامی ئێران، یان ئەوەتا پێویستە کورد بەدوای دروستکردنی قەیرانێکی خوڵقێنەردا بگەڕێ؟!

مخابن چەند گرووپێکی سیاسیی کوردستان، ڕێگای یەکەمیان هەڵبژاردووە کە ڕێگایەکی خۆش و ئاسانە و خۆیان ڕادەستی شەپۆڵەکە کردووە، لەبەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگای دووەمی هەڵبژارد، بەجۆرێک مێزەکەی بەسەر هەموواندا (لە هەرێم و لە عێراق) هەڵگێڕایەوە و قەڵبیکردەوە، بەم شێوەیە عێراق و کوردستان، ڕووەو قەیرانێکی خولقێنەر دەڕوات.

وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم هەنگاوە بوێرانە و کوردانەی پارتی، هیوادارم ئەوانی تریش ڕێگای دووەم هەڵبژێرن کە سەرباری ئەوەی ڕێگایەکی ئاسان و ڕەوان نییە و خەباتی هەمە بوار و هەمە لایەنی پێویستە بەڵام ڕێگایەکە، ڕێگای ئازا و ئازادەکانە کە لەپێناویدا ڕووبارێک خوێن و دونیایەک ماڵوێرانی دراوە و ڕێگای ئەو کەسە دلێرانەیە کە دروشمی (کوردستان یان نەمان) و (نەسرەوتن تا سەرکەوتن)ـیان هەڵبژاردووە.