پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز سیستەم و بڕیاری سەپێندراو قبوڵ ناکات و لەگەڵ ئیرادە و بڕیاری ڕاستەقینەی گەلدایە

Kurd24

پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان و لە یەکەمین هەڵبژاردنی ساڵی 1992 و سیستمی عێراقی نوێی دوای ڕژێمی پێشوی دیکتاتۆر؛ بونیادنەر و دامەزرێنەری ئەو سیستەمە دیموکراسیە بووە و ڕۆڵی کاریگەریی لە بەرقەرابوونی پرۆسەی دیموکراسی و (هەڵبژاردنێکی ئازاد) و شەفاف لە خولە یەک بەدوای یەکەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هەبووە و باوەڕی تەواوی بە پرۆسەی دیموکراسی بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی گەل لەچوارچێوەی مافە یاسایی و دەستووریەکاندا بێ جیاوازی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان بەسەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانیەوە هەیە. 

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕابردوو و لە ئێستا و لە داهاتووشدا، هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پشتگیریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکات، بێگومان ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە سیناریۆ بۆ داڕێژراوە، بەواتای باوەڕنەهێنان بە پرۆسەی دیموکراسی نییە! بەڵکو بەشدارینەکردنی پارتی ئیعتیبارە لە قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی خۆسەپێنی و وەستانەوە دژی ئەو نەفەسە دوژمنکارانەی کە دەیەوێت لە لەجێگای دەسەڵاتی یاسادانان و دامەزراوە دادوەری و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکی بەشەرەفی کوردستانە، بڕیار بدات.

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بەدرێژایی مێژوویی خۆی خەباتی کردووە لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیان و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، بێگومان ناچێتە هەڵبژاردنێکی نایاسایی و نادەستووری لە سایەی سیستمێکی سەپێندراو، کە مافی پێکهاتەکانی تێدا لەبەرچاو نەگیرابێت و بەبێ هەبوونی هیچ پاساوێکی یاسایی و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە نزیکەی چوار سەد هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان پێ نەدرێت. ئەمانە هەموو پێکەوە دەبنە گرفت و لەمپەر لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە خواست و ویستی هەموو پێکهاتەکان و تەواوی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە.

*ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان