لە یادی 150 ساڵەی بزووتنەوەی بۆچوونخوازی

Kurd24

ئیمپێرسیونیزم یاخود بۆچوونخوازی بزووتنەوەیەکی ڕادیکالی هونەری لە سەدەی 19ی زایینی بوو. ئەم بزووتنەوەیە زیاتر لەسەر دەستی هونەرمەندان و نیگارکێشانی فەرنسایی سەریهەڵدا. ئەوەی زیاتر سەڕنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەم رێبازە بەرهەڵستی شێوازە هونەرەییەکانی سەردەمانی پێشتر لەخۆی دەکرد و لە شێوازی کلاسیکی و بابەتە کلاسیکیەکانی پێشوو یاخی بوو؛ لە جیاتی ئەمەش، مۆدێرنیتی لە باوەش دەگرێ و زیاتر هەوڵ و خواستی بۆ ئەوە تەرخان دەکات کە دونیای مرۆیی لە چوارچێەوەی تابلۆکانەوە و لە نیگارەکان ڕەنگبداتەوە. یەکخستنی مۆدێرنیتی لەگەل ژیانی مرۆیی لەنێو بەرهەمەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە رێی تەکنیکی هۆنەرییەوە بوو، بە شێوازێک کە ڕووناکی لە نێو تابلۆەکان واتای چرکەساتێکە و ڕەنگەکانیش پێناسەی ئەم چڕکەساتانەن. بۆچوون‌خوازان جەختیان لەوە دەکرد کە لە تەکنیکی " plein air" یاخود "نیگارکێشان لە دەوەرە" کەلک وەربگیرێت. هەرچەندە ئەم رێبازە بە شێوەیەکی بێرەحمانە لە سەردەمی خۆی کەوتە بەر ڕەخنەی هونەری، بەلام ئێستا وەک یەکێک لە گرنگترین ساتەکانی مێژووی هۆنەر دەناسرێ و زیاترین هەوادار و شوێنکەوتووی هەیە لە مێژووی هونەری رۆژئاوا.

سەرەتاکانی بۆچوونخوازی

بۆچوونخوازی لە ساڵەکانی 1860، لە کاتێکدا کە گرووپێک لە نیگارکێش وەک کلۆد مۆنێ، ئالفرێد سیسلی، و پیێر-ئۆگۆست رێنوا تەکنیکی " plein air"یان بەکارخست، بەدیار کەوت.

نیگارکێشی ئەمریکی، جان رەند، هەرگیز لە رێزی ئەم هۆنەرمەندانە پێشەنگانە نەبوو، بەلام وەک هونەرمەندێک کە لە لەندەن دەژیا، توانی لە ساڵی 1841 کەرەستەیەک دابهێنێت کە دواتر دەبتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێک لە دونیای هونەری؛ ئەو کەرەستەیە ناوی تیوبی بۆیاخە. ئەم داهێنانە، سەڕەرای ئەوەی کە زۆر سادە و کەمبایەخ بەدیدەکرێت، بەلام لەو سەردەمە ئاسانکارییەکی بەرچاوی کرد بۆ ئەوەی هونەرمەندان توانای ئەوەیان هەبێ کە بۆیاخەکانی پێویست بە هۆنەرەکەیان لەگەل خۆیان بۆ هەموو شوێنێک بگوازنەوە، یاخود پێشتر ڕەنگەکان تێکەڵ بکەن. ئەمە وایکرد کە نیگارکێشان چیدی لە نێو ژوورەکان و شوێنە داخراوەکان سەرقاڵی کاری هونەری نەبن و بینە نێو کۆمەلگە و لە پێش چاوی خەلکەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و هۆنەر بەرهەم بهێنن.  

 

 

داهێنانەکەی جان رەند ئەو دەرفەتەی بە نیگارکێش دا کە خۆڕسکی و نافەرمێتی و هەڵکەوت تێکەڵ بە بەرهەمەکانیان بکەن، کە ئەمیش دواجار ڕێخۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بۆچوونخوازی. بە تێپەربوونی کات، هونەرمەندانی دیکە ئەم تەکنیکە هونەریەیان بەکارهێنا و وایکرد کە نیگارکێش لە نێو ستۆدیۆ هونەرییەکانەوە بێنەدەر و لەنێو کافێیەکان خەریکی بەرهەمهێنانی هونەرەکانیان بن. ئیدی ئەو دەرفەتەش بۆ هونەرمەندان ڕەخسا کە ئالوگۆری بیرۆکە بکەن و بەمەش ڕەوتی هونەری خێراتر گەشەی کرد.  

نیگارکێشی ڕیالیست، ئێدوارد مانێ، یەکێک بوو لەم هونەرمەندانە و زۆربەی جاریش وەک بۆچوون‌خواز ناوی لێدەهێنرێت، چونکە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو و هاورێیەتی نزیکیشی لەگەل ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە هەبوو. لەڕاستیدا، بۆچوون‌خوازان زۆریبەی تەکنیکەکانی "مانێ"یان بەکارهێنا، بە تایبەتی قبولکردن و دەباوەش گرتنی مۆدێرنیتی وەک بابەتێکی هونەری، بەکارهێنانی خۆکردانەی بڕۆس و قەڵەممووی نیگارکێشی، و تەنکنیکی بەکارهێنانی ڕەنگ و ڕووناکی لەنێو نیگارەکانییەوە. هەموو ئەم کواڵیتی و تەکنیکانە لە تابلۆی " Le Dejeuner sur l’Herbe" لە ساڵی 1863 دەبینرێت.

بەشێوەیەکی تەواو، بزووتنەوەی بۆچوونخوازی لە ساڵی 1874 بەشێوەیەکی فەرمی دەرکەوت دوای ئەوەی کە لە پیشانگەیەکی هونەری و لە ستۆدیۆیەکی فێلیکس نادار لە پاریس کەوتە پێش چاوی هۆنەردۆستان و خەڵک. ئەم پیشانگەیە جێگڕەوەیەک بوو بۆ پیشانگەی " Académie des Beaux-Arts’ Salon de Paris" کە لەوەتەی 1667ەوە وەک پیشانگەی فەرمی و چاودێری دونیای هونەری و ستاندەرەکانی هونەری دادەنرا.

ئەم ئاکادێمییە بەرهەمی 30 هونەرمەند رەتدەکات؛ ئەم 30 هونەرمەندانەش لە ژێر ناوونیشانی "کۆمەڵەی هاوکار و نەناسراو بۆ نیگارکێشان، پەیکەرتاشان، و نەخشێنەران" بەرهەمەکانیان لە پیشانگەی فێلیکس نادار، وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستی، دادەنێنن. دواتر کۆمەلێک نیگارکێشی بەناوبانگ لەو 30 هونەرمەندانە سەرهەڵدەدەن، لەوانەش: مۆنێ، رێنوا، سیسلی، پۆل سێزان، ئێدگار دێگا، و کامی پیتساڕۆ.  

ناوی "بۆچوونخوازی" یاود هەمان ئیمپێرسیونیزم هەڵقووڵاوی سووکایەتی پێکردنێک بوو کە ڕووبەڕووی یەکێک لە بەرهەمەکانی کلۆد مۆنێ ببووەوە کە ناوەکەی "بۆچوون، خۆڕهەلات" بوو. ڕەخنەگڕانی ئەو سەردەمە بە توندی ڕەخنەیان لەم تابلۆیە گرت و پێیانوابوو کە بەرهەمێکی ناتەواو لە پیشانگەکە دانراوە و بە کاغەزی دیواری بەراوردکرا.

مۆنێ

مۆنێ یەکێک بوو لە ڕابەرانی ئەم بزووتنەوەیە و تەکیکەکەی، لێدانی سووک و نەرمی بڕۆسی نیگارکێشی و بەکارهێنانی پچڕپچڕی رەنگ، دواتر لە بەرهەمەکانی هونەرمەندانی دیکە بەدیدەکرێت.

مۆنێ بە تایبەتی لە وێناکردنی ڕووناکیدا گرنگی بە تێپەڕبوونی کات دەدات. زنجیرە تابلۆکانی کە کاتدراڵی ڕۆوان لە کاتە جیاوازەکانی ساڵ و ڕۆژدا نیشان دەدات، نموونەی ڕوونی بیرۆکەکانی مۆنێ پێشکەش دەکەن سەبارەت بەوەی کە چۆن دەتوانرێت بابەتێک بە هۆی تایبەتمەندی و ڕەوشەکانی دەوروبەریەوە بگۆڕدرێت. بەناوبانگترینی ئەم زنجیرەیە بریتییە لە 1894 ’s Rouen Cathedral: The Facade at Sunset.

 

 

مۆنێ بە درێژایی ژیانی تەکنیکی ئیمپێرسیونیزمی خۆی بەرفراوانتر کرد. لوتکەی ئەمەش چەندین لێکۆڵینەوەی مۆنێ بوو لەبارەی گۆمی سوسن (Waterlily Pond)، کە لە ساڵی 1898 تا 1926 بەرهەم هێنرا. کارەکانی دواتری مۆنێ لە زنجیرەکەدا (کە تەنها پێش مردنی ئەنجامدراون) کوالیتییەکی نزیکە بە ئەبستراکت، یاخود هەڵماڵراو و ئەندێشەیی، بەدەست دەهێنن.هونەر

 

 

ڕێنوا

ڕێنوا بە سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی ئیمپێرسیونیزمی دادەنرێ. ئەو هاوبەشی بەرژەوەندییەکانی مۆنێ بوو بەڵام زۆرجار پێی باشتر بوو ڕووناکی دەستکرد لە شوێنەکانی وەک هۆڵی سەمادا لە تابلۆکانی بکێشێت و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کاریگەرییەکانی ڕووناکی لەسەر فیگەرەکان، بەتایبەتی فۆڕمی مێینە، دادەڕشت نەک دیمەنەکان و زۆرجاریش سەرنجی لەسەر پۆرترێت بوو.

ژیانی ڕۆژانە بابەتێکی پەسەندکراوی ڕێنوا بوو و وێناکردنی ئەم ژیانە رۆژانەیە پڕە لە گەشبینی. تابلۆکەی ساڵی 1876ی "مۆلین دی لا گالێت" (Moulin de la Galette) کە باخچەیەکی قەرەباڵغی سەماکاری لە بوت مۆنمارتر نیشان دەدات، هەم ڕووناکی دەستکرد و هەم ڕووناکی سروشتی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی کەشێکی خۆشی ئاهەنگگێڕان و تیشک دەخاتە سەر زۆرێک لە بەرژەوەندییەکانی ڕێنوا.

 

 

بۆچوونخوازانی دیکە

زۆرجار ئێدگار دێگا بە بەشێک لە بزووتنەوەی بۆچوونخوازی دادەنرێت بەو پێیەی لەگەڵ ئەوان پێشانگای کردووە، بەتایبەتی لە نمایشی ساڵی 1874دا، بەڵام خۆی بە بەشێک لەو بزووتنەوەیە نەدەزانی. ئەو پێی باش بوو وەک ڕیالیستێک بیری لێبکرێتەوە. پەیوەندییەکەی لەگەڵ بۆچوون‌خوازان پەیوەندییەکی پشتیوانیکەر بوو کە مەبەست لێی یارمەتیدانی گروپەکە بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕەخنە توندەکانی دۆخی ئەو سەردەمە هەمبەر بە کارەکانیان. سەرسامییەکەی بە فیگەر یاخود جەستەی مرۆڤ، بە تایبەتی لە شێوەی سەماکارەکاندا، لە ڕووی بابەتییەوە کارەکانی دەخاتە پاڵ بۆچوونخوازان.

 

 

ماری کاسات، پرۆتۆژێ و شاگردی ئێدوارد دێگا، کە لە ئەسڵ ئەمریکی بوو و لە پاریس دەژیا، یەکێک بوو لە ژنە هونەرمەندە سەرەکییەکانی ناو بزووتنەوەکە. ئەویش هاوشێوەی ڕینوا حەزی لە وێناکردنی مرۆڤەکان بووە و بە وێنەکانی ژن و کچان لە ساتەوەختە تایبەتەکاندا ناسراوە، کە باشترین نموونەی لە تابلۆکەی ساڵی 1880دا دەرکەوتووە کە کچێک نیشان دەدات کە سەرقاڵی دورینە و تابلۆیەکەش هەر بەو ناوەیە.

 

 

ژنێکی دیکەی دیار لە بزووتنەوەکە، بێرت مۆریسۆت بوو. مۆریسۆت لە ژێر ڕاهێنەرایەتی مانێ پەروەردە کرا. بەکارهێنانی پالێتێکی سووکتر لە لایەن مۆریسۆت بە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کارەکانی دواتری مانێ دادەنرێت.

 

 

نیگارکێشانی وەک جەیمس ویسلەر و وینسلۆ هۆمەر دوای گەشتەکانیان لە ئەوروپا، بۆچوونخوازییان هێنایە ئەمریکا. بە تایبەتی ویسلەر کەوتە ژێر کاریگەری باندۆری ژاپۆنییەکان لەسەر بۆچوونخوازی. هۆمەر تەکنیکی ڕووناکی و ڕەنگ، کە کرۆکی بۆچوونخوازیە، لە باوەش گرت بەڵام پێ باشتر بوو کە هێڵکارییەکان بەهێزتر دەربکەون. بابەتە دڵخوازەکەی هۆمەر دەریا بوو.

پۆینتیلیزم یاخود خاڵگەری

لقێکی بۆچوونخوازی، پوینتیلیزم یاخود خاڵگەریە کە بە شێوەیەکی تر بە بۆچوونخوازی نوێ ناسراوە، لە ساڵی 1866 لەدایکبوو. ساتی لەدایکبوونی خاڵگەری دەگەرێتەوە بۆ جۆرج سیورات، کاتێک کە تابلۆی خۆی بەناوی "نیوەڕۆی یەکشەممە لە دوورگەی لا گراندە جاتێ" نمایش کرد و ڕایگەیاند کە بزووتنەوەی ڕەسەنی بۆچوونخوازی بەسەرچووە.

 

 

شێوازی سیورات بە خاڵە بچووکەکانی ڕەنگ پێناسە دەکرێت کە زیاتر جیاواز دەردەکەون کاتێک لە نزیکەوە سەیر دەکرێن بەڵام تێکەڵ بە وێنەیەکی یەکگرتوو دەبن لەگەڵ کشانەوەی بینەر بۆ دواوە. سیورات لەگەڵ نیگارکێش پاوڵ سیگناک ئەم شێوازەی پەرەپێداوە.

کامی پیتسارۆ کە کەسایەتییەکی دیکەی گرنگ لە بزووتنەوەی بۆچوونخوازی بوو، لە ساڵانی دواتردا لەگەڵ بۆچوونخوازی نوێ یەکدەگرێت. لوسیێنی کوڕی ماوەیەکی زیاتر لە بزووتنەوەی بۆچوونخوازی نوێ تێپەراند، بەلام هەرگیز وەک باوکی ناسراو نەبوو.

پاش- بۆچوونخوازی

پۆڵ سێزان، لە لێوارەکانی بزووتنەوەی بۆچوونخوازیدا، ڕۆڵێکی سەرەکی گێرا بۆ بلاوبوونەوەی بزووتنەوەی پاش- بۆچوونخوازی. هونەرمەندانی دیکە کە هاوکاری سێزانیان کرد پۆڵ گۆگین، هێنری دی تولۆز-لۆترێک، ئێدڤارد مونچ، گوستاڤ کلیمت و ڤینسێنت ڤان گۆگ لەخۆدەگرت.

 

 

پاش- بۆچوونخوازی هەرگیز بزووتنەوەیەکی چەسپاو و جێگیر نەبوو، بەلکو زیاتر کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە بۆچوونخوازی. پاش- بۆچوونخوازی پێیوابوو کە بۆچوونخوازی دامرکاندەرە و ئازادی هۆنەری تێیدا سنووردار کراوە. پاش- بۆچوون‌خوازان بڕیاریان دا کە تەنها ئەوەی بەرجەستە و بینراوە وێنا نەکەن؛ بەمەش ڕوانگەیەکی ڕەمزی و سۆزداریتریان لە بابەتەکەیاندا گرتەبەر، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ڕەنگدا، کە پێویست نەبوو بۆ دەربڕینی ڕیالیزم.