ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ بووە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی گشت چین و توێژەکان

Kurd24

ئاهەنگی نەورۆز کە بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاکرێ بەڕێوەچوو، وەک سەکۆیەک وابوو بۆ کۆکردنەوەی گشت لایەن و چین و توێژەکان.

شانازییەکی گەورە بوو بۆ من کە بەشداریم لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێدا کرد، کە تێیدا محەمەد بەحر ئەلعلوم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان میوانداری کرابوون.

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم؛ ئاهەنگێکی ناوازە بوو. میواندۆستیی گەلی کورد جارێکی دیکە لە نەورۆزی ئاکرێ لە ساڵی 2024ـدا دەرکەوت.

سوپاس بۆ جەنابی سەرۆکی حکومەت..

ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ له شارەکانی هەولێر، دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ لە کەشێکی باراناویدا بەڕێوەچوو. ئێمە بەشداریمان لە جۆشوخرۆشی ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێدا کرد کە تێیدا گەنج و پیر و منداڵ و ژن، هەمووان بە جلوبەرگی کوردییەوە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز بەرەو ئاکرێ هاتبوون.

سەرەڕای بارانبارین، سروود و گۆرانی و شایی و هەڵپەڕکێی کوردی لە دەوری ئاگر بێ وەستان بەردەوام بوو.

لە کاتێکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لە بەغدا و هەولێر گوێم لە وتاری مەسرور بارزانی گرت، چەندەها یادەوەریی خەمناکی ڕابردووم دەهاتەوە یاد. یادەوەریی ئەو ساڵانەی کە جوگرافیا "کوردی پشتگوێ دەخست" مەشهەدئاسا دەهاتەوە بەر چاوم.

چ جای جەژنی نەورۆز، تەنانەت بەکارهێنانی وشەی "کورد"، قسەکردن بە کوردی، گوێگرتن لە میوزیکی کوردی، نووسین و خوێندنەوەی کوردی قەدەغە بوو.

لە قۆناغی ئێستاشدا، ئەگەرچی هەموو شتێک لە ئاستی پێوستدا نییە، کورد، دەیەوێت توندتر دەست بە دەستکەوتەکانی خۆیەوە بگرێت، بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژە پڕ لە ئازارەکانی ڕابردوو و بەرەو ڕۆژانی ئاسوودەتر هەنگاو بنێت.

بەرپرسی ئێستای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و نوێنەری ئەو کاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنقەرە، سەفین دزەیی، لەو ساڵە پڕ لە ناڕەحەتیانەی باسم کرد (لە ساڵی 2000) کە ئاهەنگێکی نەورۆزی لە ئەنقەرە ڕێکخست، بەداخەوە هەمووان شایەتحاڵی کاردانەوە خراپەکان بووین و بینیمان کە گشت دەسەڵاتدارانی تورکیا دژی وەستان.

بەداخەوە ئەم بێڕێزییەی بەرامبەر بە دزەیی و نەورۆز و کورد کرا، بەس بوو بۆ ئەوەی لە "ڕوانگەی نەرێنی" ئەم دواییەی تورکیا بەرامبەر بە کورد بگەین.

بەڵێ، جیهان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێدا کۆبووە کە بە بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو.

لە ئێوارەخوانێکی بەربانگدا کە بەر لە ئاهەنگەکە رێکخرابوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد. باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوەکان سەرسام بوون بە تاموچێژی خواردنە کوردییەکان.

بارزانی لە وتارێکیدا سەبارەت بە نەورۆز پێشکەشی کرد، گوتی: نەورۆز هێمای سەرکەوتن و ئازادییە لە بەرامبەر ستەم و سەرەتای قۆناغیکی نوێیە. جەژنی نەورۆز لە خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان پیرۆز بێت.

لە ڕاستیدا مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا بە گرنگیدان بە ژنان و گەنجان، پەروەردە، بەرهەمهێنان، دامەزراندن و هۆشیاری، "سەردەمێکی نوێ"ـی دەست پێکرد. من لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی بارزانی بووم، هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەم بۆ هەر بڕیار و لێدوانێکی کرد.

هەموو کات تێبینی ئەوە دەکەم کە لە شیکاری/پێشبینییەکانمدا دەربارەی ئەو هەڵە نەبووم. ئێستا زۆر باش لە لۆژیک و گوتە و تێڕوانینەکانی تێدەگەم.

ئەگەر بپرسن وەک پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان چۆن وەسفی مەسرور بارزانی دەکەیت؛ دەڵێم: ئەو سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕە.

هەموو کەسێک لە سەرەتادا لە سەرکردە شۆڕشگێڕەکان و کارەکانیان تێناگات، تەنانەت زۆرجاریش تاوانبار دەکرێن و هەوڵی هێنانەپێشی بەربەست دەدرێت دژیان! چونکە لەو کۆمەڵگەی تێیدا هەڵدەکەون چەندەها کێشە و گرفتی جددی خراوەتە بەردەم پێشکەوتن. هاوکات  تێپەڕاندنی تەواوی ئەو گرفت و کێشانە پێویستی بە سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ دەبێ.

ئەمڕۆ ویستم پەنجە بخەمە سەر نەورۆز، هاتنی بەهار، گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکان، ئەو ئومێد و هیوایانەی لە خاکەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئاوە سازگارەکان، سرووشتی بێوێنە و ناوەندی خلیسکێنەی (چیای) کۆڕەک و توانا گەشتیارییەکانی ناوچەکە.

لە دووەم ڕۆژی بەرنامەی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا، گەشتێک بۆ ناساندنی شوێنە کۆمەڵایەتی، کولتووری، سرووشتی و مێژووییەکان ڕێکخرا.

لەو گەشتەدا کە سەفین دیزەیی ڕێبەریی بۆ کردین، هەموومان سەرسامی ئەو وێنانە بووین کە گرتمان و لە سۆشیال میدیادا بڵاومان کردەوە. سەفین دزەیی کە بە جلوبەرگی کوردییەوە لە ماوەی گەشتەکەدا لەگەڵمان بوو، دەربارەی ئەو شوێنانەی کە سەردانیمان دەکرد زانیاری زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشی لەگەڵدا بەش دەکردین.

وەک ئەوە وابوو لەگەڵ هەر هەنگاوێکماندا دەرگا بەڕووی موعجیزەیەکی جیاوازی سرووشتدا بکەینەوە.

دوای بینینی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ کە لەناو چیاکانەوە هەڵقوڵاوە، دیمەنی جوانیی تابلۆئاسای دۆڵی ڕەواندز، گەیشتینە دامێنی چیای کۆڕەک کە بەرزییەکەی 1900 مەتر بوو.

لە کۆتایی گەشتێکی دوورودرێژ و چێژبەخش بە تەلەفریک بە دیار دیمەنە سحراوییەکانەوە، گەیشتینە ناوەندی خلیسکێنەی کۆڕەک.

سەر لووتکەی چیای کۆڕەک دیمەنێکی هێندە جوانی هەبوو، شایەنی بینین بوو. ناوەندی خلیسکێنەکە ڕێستۆرانت و شوێنی مانەوەیشی لێبوو. چیای کۆڕەک کە چوار وەرزی ساڵ جوانی تایبەتی هەیە، بە درێژایی دوانزە مانگی ساڵ پێشوازی لە سرووشتدۆستان و وەرزشدۆستان دەکات.

هەمان شەو لە چیای کۆڕەک هەموومان بەشداریمان لە ئێوارە خوانێکی بەربانگدا کرد کە بە بەشداریی جەنابی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو.

دوای بەربانگ ڕۆح و دڵمان بە چەندین گۆرانیی کوردی ئاشنا بوو کە لەلایەن هونەرمەندانی ناسراو گوترا.

بەکورتی کاتێکدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی جیهان، ئاگری نەورۆزی 2024ـمان لە ئاکرێ داگیرساند، هەموو دوعاکانمان بۆ ئاشتەوایی جیهان بوو.